سكچوون و رشانەوە بە رێژەیەکی زۆر بەرزبۆتەوە

09:50 - 2022-06-13
ڕاپۆرت
714 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رێزە حسێن

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەزری هاوین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، پەتای سكچوون و رشانەوە رووی لە هەرێمی كورستان دەکات، وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند تووشبوون بەو پەتایە هەموو تەمەنەكان دەگرێتەوە، بەڵام بە ژمارەیەكی زیاتر لەناو منداڵاندا تۆمار دەكرێت. 

نیشانەی پەتاكە و رێگریكردن 
رشانەوە، سكچوون، تای نزم و مامناوەند و بیتاقەتی زۆر، پێچكردنی ریخۆڵەكان و ئازاری سك، هەروەها  بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان بۆ رێگریکردن و خۆپاراستن لە پەتای سکچوون و رشانەوە پزیشکان داوا دەکەن هاووڵاتیان ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکەن، وەکو کوڵاندنی ئاو بەر لە خواردنەوە،هەڵگرتنی خواردن لەناو بەفرگر و ساردکەرەوەدا، سەوزە و میوە پێش خواردنی جوان بشۆردرێتەوە، زوو زوو دەستی منداڵ بشۆردرێت، پاکوخاوێنیی تەوالێت و گەرماو، بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی کەسی دیکە، دوورکەوتنەوە لە خواردنی دەرەوە، بەتایبەت خواردنی سەر عەرەبانەکان و باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان.

 

نەخۆشییەكە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە كە بەهۆیەوە ژمارەی مردن تۆمار دەكرێت بەتایبەتی لەناو منداڵاندا

رێژەیەکی زۆر تۆمار دەكات
بەپێی زانیاری كوردستانی نوێ، بڵاوبوونەوەی پەتای سكچوون و رشانەوە لە عیراق و سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بڵاوبوونەوەی بەرچاوی هەیە، هاوكات نەخۆشییەكە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە كە بە هۆیەوە ژمارەی مردن تۆمار دەكرێت بەتایبەت لەناو منداڵاندا. 
د. پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەدی منداڵان رایگەیاند: بە رێژەیەكی بەرچاو 70 لە سەدی نەخۆشەكانی داغڵی نەخۆشخانە دەكرێن تووشبووی پەتاكەن، رۆژانە ژمارەی تووشبووان لەبەرزبوونەوەی زیاتردایە، راشیگەیاند: ئەمساڵ هیچ حاڵەتێكی مردن تۆمار نەكراوە، بەهۆی هۆشیاری دایك و باوكانەوە، لەگەڵ تووشبوون، بەزووترین كات منداڵەكانیان دەگەیەننە نەخۆشخانەكان. 
ئەو بەڕێوەبەر لەوبارەیەوە زانیاری زیاتری خستەڕوو، ئاماژەی دا كە هۆكارەكانی سكچوون و رشانەوە زۆرن، وەك بەهۆی ڤایرۆس یان بەكتریا و پاراسایت یان خواردنی شیرینی و هەندێكجاریش ژەهراوی بوون و هەستیاری بە پڕۆتین دەبنە هۆكاری دروستبوونی حاڵەتەكە، واتە چارەسەركردنەكانیش جیاواز دەبن و نابێت سەربەخۆیانە دەرمان بەكاربهێنرێت، دەبێت خەڵكی هۆشیاری ئەوەی هەبێت كە گرنگە چارەسەركردن و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە لە ژێر چاودێری پزیشكدا بێت. 

دەبێتە هۆی مردن 
بەپێی زانیاری و ئاماژە تەندروستییەكان، پەتاكە بریتییە لە هەوكردنی گەدە و ریخۆڵەكان، زۆربەی زۆری حاڵەتەكان بەهۆی ڤایرۆسەوە روو دەدات، بە رێژەیەكیش هۆكاری بەكتریایی و لە هەندێك حاڵەتی دەگمەنیشدا، دەكرێ مشەخۆر و زیندەوەرە سەرەتاییەكان (پڕۆتۆزوا)، بەرپرسبن، هەروەك پەتاكە زیاتر لە وەرزی هاویندا سەر هەڵدەدات و بڵاوبوونەوەی دەبێت، ئەویش بە هۆیەكانی خراپ هەڵگرتنی خواردن و خواردنەوەكان و بەركەوتن و دانانیان لە شوێنی گەرمدا كە بەماوەیەكی كەم تێكدەچن و پیسبوون روودەدات، كەسی تووشبوو ئەگەر زوو بگەیەنرێتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەركردن، جێگەی مەترسی نابێت، بەڵام پشتگوێخستنی رەنگبێت ببێتە هۆكارێك بۆ گیان لەدەستدانی بەهۆی وشكبوونەوە بە لە دەستدانی ئاوێكی زۆری جەستەوە، هەروەك تووشبوون بۆ ماوەی 3 ی تا چوار رۆژ دەخایەنێت، گرنگترین رێگە بۆ چارەسەركردن،  سەردانكردنی نەخۆشخانە و پشكنینی لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە بۆ دیاریكردنی جۆری هەوكردنەكە، هاوكات رێگریكردن لە وشكبوونەوە و قەرەبووكردنەوەی ئەو ئاوەی نەخۆش لەجەستەی دەردەچێت لە رێگەی رشانەوە و سكچوون، بەتایبەت لەناو منداڵان و كەسانی بەتەمەندا.

دەست شتنی بەردەوام رێگەیەکی سەرەکییە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە

#سكچوون

بابەتە پەیوەندیدارەکان