هه‌وراز كاوه
هۆزی هه‌مه‌وه‌ند دوای هاتنیان له رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ده‌چنه قه‌ڵاچوالان و پشتگیری ئه‌ماره‌تی بابان ده‌كه‌ن، پاشان دێنه شاری چه‌مچه‌ماڵ و له‌و ناوچه‌یه بڵاوه‌ی لێده‌كه‌ن. سەفەرە‌وه‌نده‌كان له گوندی گورگه‌یی نزیك شاری چه‌مچه‌ماڵی ئێستا و (50) كیلۆمه‌تر له دووری پارێزگای كه‌ركووك نیشته‌جێ ده‌بن، له‌وكاته‌دا (مه‌حمود زاری) برا گه‌وره و ریش سپی ئه‌م تیره‌یه بووه، كه هۆزی هه‌مه‌وه‌ند به درێژایی مێژوو هه‌ر تیره و سه‌رۆكی خۆی هه‌بووه، هه‌روه‌ها گوندی گورگه‌یی رووبه‌رێكی زۆری زه‌وی له‌خۆگرتووه، دواتر به‌سه‌ر نه‌وه‌كانی بنه‌ماڵه‌دا دابه‌شكراوه، كه گوندی گورگه‌یی چاوسور و چۆڵمه‌ك له خۆرهه‌ڵاتی چه‌مچه‌ماڵ ده‌درێت به بنه‌ماڵه‌ی (حه‌مه‌ی هه‌یه‌ر و چاوسوور) به‌ڵام ماڵی حه‌مه‌ی هه‌یه‌ر به هۆی فراوانی گوندی چۆڵمه‌ك و زۆری ژماره‌ی دانیشتووانی ده‌چنه ئه‌و گونده.
تا پێویستیان به‌هیچ شتێكی ده‌وڵه‌ت نه‌بێت
محەمەد حه‌یده‌ر شه‌ریف ناسراو به (حه‌مه ئاغا)ـی هه‌مه‌وه‌ند، له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ژیاوه. واته له ساڵه‌كانی (1840،1850) له‌دایكبووه، ته‌مه‌نی هێشتا لاوبووه ده‌كرێته برا گه‌وره‌ی تیره‌ی سه‌فه‌ره‌وه‌ند، ئه‌و (چاونه‌ترس و به‌تاقه‌ت و سوار چاك و زیره‌ك)بووه، له‌كاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری هه‌مه‌وه‌نده‌كان ده‌كرێته برا گه‌وره‌ی تیره‌كه‌ی خۆی، جگه له‌وه دیوانی گه‌وره و قه‌ڵای شه‌ڕ و ئاش و كوره‌ی ئاسن له گونده‌كه‌یدا هه‌بووه، تا پێویستیان به هیچ شتێكی ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، له ساڵی (1887،1886) سوڵتان له ئه‌سته‌نبوڵه‌وه نوێنه‌ری خۆی به ناوی (ئیسماعیل حه‌قی) ده‌نێرێته به‌غدا و دواتر هاته شاری كه‌ركووك، مه‌به‌ست له‌و سه‌ردانه هه‌مه‌وه‌نده‌كان بوو، به‌ڵام ئه‌و سه‌رجه‌م هۆزه‌كانی كۆكرده‌وه، دواتر ده‌م سپییه‌كانی ئه‌و كاته‌ی هه‌مه‌وه‌ند له ناویان (حه‌مه ئاغا) وه‌كو یه‌كێك له گه‌وره‌ی سه‌فه‌ره‌وه‌نده‌كان له‌و دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار ده‌بێت، پاش كۆبوونه‌وه‌كه نوێنه‌ری سوڵتان به موته‌سه‌ڕیفی كه‌ركووكی راگه‌یاندبوو هه‌مه‌وه‌نده‌كان بمێننه‌وه نامه‌یه‌كی سوڵتانم بۆ هێناون، پاشان پێی وتبوون له‌به‌ر چاككردنی رێگا و ئاسایشی وڵات بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌بێت بچنه شاری رومادی، به‌ڵام دوای ده‌ست به‌سه‌ركردن و هێنانی خێزانه‌كانیان به‌ره‌و شاری موسڵ و له‌وێ به‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵ گواسترانه‌وه، به پێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی ئه‌و كاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی خانه‌واده‌ی (حه‌مه ئاغا) له‌گه‌ڵ باوكی‌دا (13) كه‌س بوون و له بنغازی نێشته‌جێ ده‌كرێن، هه‌روه‌ها جێ په‌نجه مۆری ناوبراو له‌سه‌ر به‌ڵگه‌كانی ده‌وڵه‌ت هه‌یه، كه ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات له‌وێش كه‌سێكی دیار و سه‌نگین بووه، پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان و خۆدزینه‌وه له ده‌وڵه‌ت، دوای نزیكه‌ی هه‌شت ساڵ ده‌گه‌نه‌وه ئاكرێ و له‌وێوه دێنه‌وه بازیان و حه‌مه ئاغا ده‌چێته‌وه گونده‌كه‌ی خۆی چۆڵمه‌ك.
ئاشته‌واییه‌كی مێژوویی
هێنده نابات له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك نێوانی هه‌ر دوو هۆزی هه‌مه‌وه‌ند و شوان تێكده‌چێت و نزیكه‌ی ساڵێك شه‌ڕێكی خوێناوی له نێوانیان رووده‌دات، كه زۆربه‌ی رووداوه‌كان له شوێنی ئێستای شاری چه‌مچه‌ماڵ بووه، پاشان به نێوه‌ندگیری (مه‌حمود پاشای جاف) و نوێنه‌ری ئه‌وكاتی ده‌وڵه‌ت ئاشته‌واییه‌كی مێژوویی له ساڵی (1898) له ماڵی (ره‌شید ئاغا)ی هه‌مه‌وه‌ند ده‌کرێت، كه تێدا حه‌مه‌ی هه‌یه‌ر وه‌كو گه‌وره‌ی سه‌فه‌ره‌وه‌نده‌كان له‌گه‌ڵ ریش سپی تیره‌كانی دیكه ئیمزای كۆتاییهاتنی شه‌ڕه‌كه‌یان كردووه و تا ئه‌م كاته‌ش هه‌موو لایه‌ك په‌یوه‌ستن به‌و ئاشته‌وایی و خزمایه‌تییه.
دواتر عوسمانییه‌كان له‌گه‌ڵ هۆزه كوردییه‌كان رێكده‌كه‌ون و پله و پایه‌ی تایبه‌تیان پێده‌ده‌ن، حه‌مه‌ی هه‌یه‌ر له ویلایه‌تی موسڵ به پله‌ی (زابت) ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، له‌گه‌ڵیدا (حه‌سه‌ن عەزیز ئاغا و شه‌ریف فه‌ڕه‌نگێز و...تاد) هه‌مان پله‌یان هه‌بووه، هه‌روه‌ها مەحمود خدر ده‌كرێته به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی موسڵ و فه‌قێ قادر ده‌كرێته قائیمقامی چه‌مچه‌ماڵ و كاكه‌وڵا ئاغا ده‌كرێته به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سورداش و حەسەن عەزیز ئاغایش ده‌كرێته به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قه‌ره‌داغ و ره‌شید ئاغاش ده‌كرێته به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بازیان و عەلی ئاغاش ده‌كرێته هی ئاغجه‌له‌ر، به‌ڵام ئه‌مه زۆر ناخایەنێت و حه‌مه‌ی هه‌یه‌ر موسڵ جێده‌هێڵێت و دێته‌وه گونده‌كه‌ی خۆی چۆڵمه‌ك. به‌هۆی ئه‌وه‌ی شوێنی نیشته‌جێبوونی نزیكبووه له زۆرێك له گوند و ناوچه ستراتیجییه‌كانی ژیانی ئه‌و كات، هه‌ر پیاو ماقوڵ و ده‌م سپییه‌كی ناوچه‌كه به‌وێدا رۆیشتبێت سه‌ردانی (حه‌مه ئاغای) كردووه، هه‌روه‌ها یه‌كێك له گه‌ڕیده بیانییه‌كان باسی ئه‌وه ده‌كات چۆته ماڵی حه‌مه‌ی هه‌یه‌ر، ته‌ماشا ده‌كات جگه له‌وه‌ی گه‌وره‌كان سه‌ردانی ده‌كه‌ن، كه‌چی جێگای تایبه‌تی بۆ هه‌ژار و بێ باوك و لێقه‌وماوانی ئه‌وكاته دابینكردووه، كه گێڕانه‌وه‌یه‌كی وه‌كو هۆنراوه‌یه‌ك وتووه و ده‌ڵێت:
چوومه ماڵ حه‌مه‌ی هه‌یه‌ر
لێم ده‌رچوو قووچكه به‌سه‌ر
یا پێغه‌مبه‌ر زراوم چوو
نه‌جاتم بێت بچمه‌وه‌ده‌ر
دواتر ده‌ڵێت: هه‌ر كاك و مناڵ بوو له‌ژێر جاجمدا هه‌ڵسان و كردیانه هه‌را و زه‌ڵه، بۆیه بۆم ده‌ركه‌وت جگه له سه‌رقاڵی به كاری عه‌شره‌ت و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌و خه‌می هه‌مووانی وه‌ك یه‌ك خستبووه سه‌رشانی.
هێنانه‌وه‌ی شێخ مه‌حمودی نه‌مر
ورده ورده باردۆخی هۆزه‌كانی كوردستان خراپ بوو، تا ئه‌و كاته‌ی له نێوان ساڵه‌كانی (1908) له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له خزمه‌كانی له‌سه‌ر شه‌هیدكردنی شێخ سه‌عید باوكی شێخ مه‌حمودی حه‌فید خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه موسڵ و به مه‌حمود خدر راده‌گه‌یه‌نن له‌سه‌ر په‌نادانی شێخه‌كان و هێنانه‌وه‌ی شێخ مه‌حمودی نه‌مر، بۆ ته‌كییه‌ی تاڵه‌بانییه‌كان له شاری كه‌ركوك ده‌وڵه‌ت بڕیاری گرتنی بۆ ده‌ركردوون، بۆیه به خێرایی ئه‌وێ به‌جێده‌هێڵن و دێنه‌وه شوێنی خۆیان، دوای ساڵێك له بێده‌نگی ده‌وڵه‌ت به بیانووی یارمه‌تیدانی شێخه‌كان هێرش دەکاتە سه‌ر هه‌مه‌وه‌نده‌كان و ناچار هه‌مه‌وه‌نده‌كان بۆ جارێكی دیكه ئاواره ده‌بنه‌وه و ده‌چنه‌وە رۆژهەڵاتی کوردستان، یه‌كێك له‌و ماڵ و خێزانانه ماڵباتی حه‌مه‌ی هه‌یه‌ر و سواره‌كانی بووه، كه دوای ماوه‌یه‌ك مانه‌وه له رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان (حه‌مه‌ی هه‌یه‌ر) پیاوی ئازا و سوارچاكی رۆژگاری ره‌شی هه‌مه‌وه‌نده‌كان و برا گه‌وره‌ی تیره‌ی سه‌فه‌ره‌وه‌ند، له ساڵی (1901) له بۆسه‌یه‌كدا له ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه له‌گه‌ڵ (كەریم ئاغای) كوڕی ده‌كوژرێن.
ده‌وڵه‌ت به بیانووی یارمه‌تیدانی شێخه‌كان هێرش دەکاتە سه‌ر هه‌مه‌وه‌نده‌كان و ناچاریان دەکات بۆ جارێكی دیكه ئاواره ببنه‌وه و بچنه‌وە رۆژهەڵاتی کوردستان
پاش ئه‌م رووداوه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌وكاته‌دا له‌گه‌ڵ حه‌مه‌ی هه‌یه‌ر ده‌بن ده‌گه‌ڕێنه‌وه گونده‌كه‌ی خۆیان و (قادر و مسته‌فا كوڕی) هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نیان کەم بووه ده‌خه‌نه جێگای باوكیان، هه‌روه‌ها فه‌تاح چاوسووری كچه‌زای كه كه‌سێكی دیار و پیاوێكی هه‌ڵكه‌وتوی گوندی گورگه‌یی و سه‌رفه‌ره‌وه‌نده‌كان بووه ئه‌ركی زۆری ده‌كه‌وێته سه‌ر تا هه‌موو ژیانی ماڵباتی خاڵۆیی و گونده‌كه‌ی بپارێزێت له داگیركاری، تا ئه‌وكاته‌ی نه‌وه‌كانی حه‌مه ئاغا گه‌وره ده‌بن. گوندی چۆڵمه‌ك ده‌كه‌وێته (30) كیلۆمه‌تری خۆرهه‌ڵاتی شاری چه‌مچه‌ماڵ، له پێشوودا پایته‌ختی هه‌مه‌وه‌نده‌كان بووه، ناوچه‌یه‌كی ستراتیجی گرنگ بووه بۆ شه‌ڕ، به‌ڵام تا كاتی كۆچی دوایی حه‌مه ئاغا چه‌ندین جار له‌شكركێشی كراوه‌ته سه‌ر، به‌ڵام هیچ كات نه‌خۆیان و نه گونده‌كه‌یان كه‌س داگیری نه‌كردوون، له‌م كاته‌دا ئه‌و ماڵباته‌ی هه‌مه‌وه‌نده‌كان له شاری چه‌مچه‌ماڵ و ده‌وروبه‌ری نیشته‌جێن، كه نزیكه‌ی (200) ماڵ و (1000) كه‌س ده‌بن، هه‌روه‌ها خاوه‌نی ئه‌نجومه‌نی تایبه‌ت و برا گه‌وه‌ره‌ی خۆیانن.