میناز جەمۆ: لە هەفتەیەكدا چوار گەشتی فڕۆكەی بچووك لە نێوان ویلایەتەكاندا دەكەم

كچەكوردێكی رۆژئاوای كوردستان دەبێتە فڕۆكەوانی مەدەنی

10:32 - 2024-05-14
دیدار
736 جار خوێندراوەتەوە
میناز جەمۆ لەنێو فڕۆکەدا

راپۆرتی/ ئەیاز هەركی

 

كچێكی كوردی رۆژئاوای كوردستان لە ئەمریكا دەبێتە فڕۆكەوان. شەڕ و سەرهەڵدانەكانی گەلانی سوریا و دابڕان لە قوتابخانە رێگریی ناكات لە گەیشتن بە خەونەكانی. 
 خەونی ئەویش وەك كچە فڕۆكەوانێكی كورد لە ئاسمانی كوردستاندا بفڕێت و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بنیشێتەوە. وەك ئاماژەی پێیدا كە رۆژێكی جیاواز و مێژوویی دەبێت لە ژیانیدا.
لەوبارەیەوە میناز جەمۆ، فڕۆكەوان لە ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا بە كوردستانی نوێی راگەیاند: من لە منداڵییەوە هەمیشە حەزم دەكرد ببمە فڕۆكەوان. كاتێك فڕۆكەكان بەسەر گوندەكەماندا تێدەپەڕین، زۆر خۆشمدەویست و سەیریم دەكرد و خەونم بەكاری فڕۆكەوانییەوە دەبینی. كاتێك گەورەبووم و دەستم بەخوێندن كرد،بەڵام هەمیشە هزر و بیرم لەسەر فڕۆكەوانی بووە. لە ساڵی 2014 من و خێزانەكەم بەهۆی بەردەوامی شەڕ وپێكدادانەكانی سوریا و رۆژئاوای كوردستانەوە ئاوارەی توركیا بۆین. پاشان لە نەرویج نیشتەجێ بووین و دەستم كرد بەخوێندن و فێربوونی زمان بەئامانجی گەیشتن بەپیشەی فڕۆكەوانی. پاشان لە ساڵی 2021 چوومە كۆلێژێكی فڕۆكەوانی مەدەنی لە نەرویج بۆ فێربوونی پیشەی فڕۆكەوانی و توانیم هەموو خۆڵ و مادەكانی پەیوەست بەو پیشەیە بە سەركەوتوویی تەواو بكەم.

هیوادارم ببم بە نموونە بۆ هەموو كچان و كوڕانی كورد و هەبوونی خۆمان بۆ جیهان و وڵاتانی دراوسێ بسەلمێنین

 

میناز لەدرێژەی قسەكانیدا وتی: ئێستا وەك خوێندكارێكی نەرویجی لە ئەمریكا لە بواری فڕۆكەوانی دەخوێنم و لە هەفتەیەكدا چوار گەشتی فڕۆكەی بچووك لە نێوان ویلایەتەكان دەكەم، من بە تەنها فڕۆكە لێدەخۆڕم و نزیكەی 600 كیلۆمەتر دەبڕم. زۆربەی وانەكانم بە سەركەوتوویی تەواو كردووە و لە كۆتایی ساڵی 2024 كۆرسی فڕۆكەوانی لە ئەمریكا تەواو دەكەم، دواتر دەگەڕێمەوە بۆ نەرویج و دەبمە فڕۆكەوانی فەرمی و گەشت بۆ وڵاتان دەكەم. هەروەها خەونم ئەوەیە وەك كچە فڕۆكەوانێكی كورد لە ئاسمانی كوردستان بفڕم و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر وسلێمانی بنیشێمەوە. ئەمە رۆژێكی جیاواز و مێژوویی دەبێت لە ژیانی مندا. هەستێكی زۆر خۆشم هەیە كاتێك ئەمریكییەك و نەرویجییەك پێم دەڵێن تۆ كچێكی كوردی بووی بە فڕۆكەوانێكی باش و سەركەوتوو. ئەمەش لە رێگەی پەروەردە و هێزو ئیرادەمانەوە بەدەستم هێناوە. هەروەها دایك و براكانم زۆر پاڵپشت بوون و هاوكارم بوون بۆ گەیشتن بەم قۆناغە و گەیشتن بە خەونەكانم.
شانازی بەخۆمەوە دەكەم 
لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت:  دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا، لە خوێندنی قوتابخانە دابڕام و لەماڵەوە بەردەوام بووم لە خوێندن. چونكە خێزانەكەمان رۆشنبیر و پێشكەوتوون و پزیشك و ئەندازیارمان هەیە، ئەمەش پاڵنەرێكی گەورە بوو، بۆ بەدیهێنانی خەونی فڕۆكەوانی. هەروەها لە پۆلی حەوتەم لە نەرویج دەستم بەخوێندن كردەوە. پاشان دەرفەتێكم بۆ رەخسا بچمە كۆلێژی فڕۆكەوانی لەم وڵاتە. پێویستە كچان و كوڕانی كورد گرنگی بەپیشەی فێربوونی فڕۆكەوانی بدەن و لەو بوارەدا بخوێنن و ئامانجێكی دیاریكراویان هەبێت و ژیانی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن. من زۆر شانازی بەخۆمەوە دەكەم وەك كچێكی كورد بتوانم ببمە فڕۆكەوان و هیوادارم ببم بە نموونە بۆ هەموو كچان و كوڕانی كورد و هەبوونی خۆمان بۆ جیهان و وڵاتانی دراوسێ بسەلمێنین.
میناز جەمۆ
میناز جەمۆ لە ساڵی 2001 لە گوندی (گرك)ی سەر بە شارۆچكەی كۆبانێ لەدایك بووە. دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا، لە خوێندنی قوتابخانە دابڕاوە، بەڵام دەستبەرداری خەون و ئاواتەكانی نەبووە و ساڵی 2014 لەگەڵ خێزانەكەی ئاوارەی توركیا دەبێت، دواتریش لە ساڵی 2015 لە نەرویج نیشتەجێ دەبێت و كار بۆ بەدیهێنانی خەونەكانی دەكات.
بەدرێژایی مێژوو نموونەی ژن و كچانی سەركەوتوو لە نەتەوەی كورددا زۆرن لە بنیاتنانی ژیان و شارستانیەت و پەڕینەوە لە تاریكی  و وەك ژنێكی بەتوانا و دڵسۆز ئەو بۆ چاكەی گشتی هەمیشە خزمەتی كردووە. هەروەها  لەماوەی سی ساڵی رابردوو تا ئێستا ژنان و كچانی كورد گەیشتوونەتە پلە و ئاستێكی زۆر بەرز كە بە هەوڵ و ئیرادەی خۆیان بەدیهێناوەو  بۆنە نموونە بۆ هەموو ژنانی جیهان.

#راپۆرت #دیدار #رۆژئاوای كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان