بونیادی بەها کۆمەڵایەتییەکان لە رۆمانی (ئەفسانەی کەلی ناوگردان)دا

09:37 - 2024-05-13
دووتوێ
676 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

 

خاتوو گەلاوێژ:
بیرم لەوە کردەوە بۆچی من هەر دەبێت چیرۆک و رۆمان بۆ گەورەکان بنووسم،؟
ئەی بۆچی شتێک بۆ مێردمنداڵە شیرینەکانیش نەنووسم؟ 

 

خاتوو گەلاوێژ و نووسین بۆ مێردمنداڵان
ئەگەر نووسین کارێکی گران و دژوار بێت، بێگومان نووسین بۆ منداڵان و مێردمنداڵان گەلێ دژوارترەو پێویست بە وردبینی و لێهاتوویی زیاتری وشەو دەربڕین و تێگەیشتن دەکات لە سەرجەم لایەنەکانی گەشەو نەشونمای جەستەیی و کرداریی و دەروونیی منداڵان و مێردمنداڵان، ئەگەر سەرنج لە بواری نووسین بۆ منداڵانیش بدەین ماوەیەکی زۆر دێر نییە لە مێژووی نووسینی چیرۆک و رۆمان بۆ منداڵان لای کورد و بەتایبەتی باشووری کوردستان، لەنێو ئەو مێژووەشدا بە دەگمەن خاتوونێکمان بەرچاو دەکەوێت کە لە پێشەنگەکانی ئەو کاروانی نووسین بۆ منداڵان و مێردمنداڵانەدا توانیبێتی کارامانەو چالاکانە بوونی خۆی بسەلمێنێت و بەرهەمەکانی بە جۆرێک داڕشتبێتەوە تەواو لە واقیع و هەست و هەڵچوون و دەروونیی ئەو قۆناغە بگونجێت و کورد وتەنی پڕ بەپێستی خۆی بێت.
خاتوو گەلاوێژ، بە هەستکردنی بەو کەلێنە و بە گرنگ زانینی ئەو قۆناغە کاریگەرەی ژیانی ئادەمیزاد، درکی بەوە کردووە کە نابێت ئەو قۆناغە وەک بۆشاییەک و بەتایبەتی بۆ پێنووسێکی ژن وەک دایک و وەک هەستێکی پڕ لە خۆشەویستی و میهرەبانی هەروا تێپەڕببێت، بێ ئەوەی چاوەڕێی کەس بکات هەر خۆی دەستی پێکردووەو بە ئەنجامیشی گەیاندووەو سەرکەوتووش بووە، لەو بارەیەوە، خاتوو گەلاوێژ لە پێشەکی رۆمانی( ئەفسانەی کەلی ناوگردان)(1) کە رۆمانێکە تایبەت بۆ قۆناغی مێردمنداڵان و لە کتێبێکی قەبارە( A5) لە نێو بەرگێکی (72) لاپەڕەیدا چاپکراوە،نووسیویەتی و دەڵێت:
( لە ئەوروپاو وڵاتە پێشکەوتووەکان زۆر گوێ دەدرێتە کتێب و گۆڤاری منداڵان، بگرە لە تەمەنی شەش-حەوت ساڵییەوە منداڵ دەتوانێت بچێتە کتێبخانەکان و تاوەکو کتێب و گۆڤار و کەلوپەی خوێندنەوە و نووسین بەدڵی خۆی و بە پێی تەمەنی خۆی بکڕێت).
لێرەدا ئەو بەراوردەی خاتوو گەلاوێژ دەیبینێت لە نێو دونیای هاوچەرخ و بایەخدانیان بە نووسین و ئەدەب و پێشەکەوتنی منداڵان بەرچاوی کەوتووە، ئەو هەستەی لا دەوروژێنێت کە ئێمەی کورد و منداڵ و مێردمنداڵەکانمان شایانی ئەوەن گرنگیان پێ بدرێت و لەو ڕەوتە نوێ و هاوچەرخەی دونیای سەردەم لە چیرۆک و رۆمان بۆ منداڵان دوانەکەون و وەک پێویستییەکی زانیوە کە ئەو لایەنە پەرەپێبدرێت و کاری لەسەر بکرێت.

 

نووسەر، درکی بەوەکردووە کە پەروەردەی منداڵی کورد پێویستی بە هاوتەریبی هەیە لەگەڵ ئاراستەکردنی لەرێی ئەدەبەوە

 

بۆچی نووسین بۆ مێردمنداڵان؟
لە بەشێکی تری پێشەکییەکەیدا خاتوو گەلاوێژ ئەوە ڕووندەکاتەوە و لە خۆی دەپرسێت: ( بۆیە منیش حەزم کرد کە ئەم جارە ئەم چیرۆکەتان- ئەفسانەی کەلی ناوگردان- بۆ بنووسم، بیرم لەوە کردەوە بۆچی من هەر دەبێت چیرۆک و رۆمان بۆ گەورەکان بنووسم،؟ ئەی بۆچی شتێک بۆ مێردمنداڵە شیرینەکانیش نەنووسم؟ 
ئەگەر چی ئەم چیرۆکە لەسەری نووسراوە چیرۆکی مێردمنداڵە و بۆ ئەوانم نووسیووە، بەڵام دیارە بۆ ئەو تەمەنانەش نووسراوە کە دەتوانن کتێب بخوێننەوە.)(2)
لەم پێشەکییە کورتەدا ئەوە روون دەبێتەوە کە نووسین بۆ منداڵان و مێردمنداڵان، ئامانجێکی گەورەو مەبەستێکی سەرەکی بووە لای خاتوو گەلاوێژ،نەک تەنها نووسینێکی سەرپێی و بۆ کات بەسەربردن بووبێت، هەمان ئامانجە وای کردووە کە خاتوو گەلاوێژ بیەوێت چەند بەدیهێنانێک دەستەبەر بکات لە نووسینەکانی بەتایبەت بۆ مێردمنداڵان لە ڕێی ئەو چیرۆکانەیەوە ئاڕاستەیان بکات، لەوانە:
1. خاتوو گەلاوێژ درکی بەوە کردووە، کە پەروەردەی منداڵی کورد پێویستی بە هاوتەریبی هەیە لەگەڵ ئاڕاستەکردنی لە ڕێی ئەدەبەوە بەتایبەت چیرۆک و ڕۆمان، چونکە ڕێنماییە پەروەردەییەکان ڕاستەوخۆ بە منداڵان دەدررێن و ڕەنگە هەندێ کات نەتوانن لە دەروونی منداڵان و مێردمنداڵان بچەسپێنرێن، بەڵکو دەبێت ڕێگایەکی کاریگەرتر بەکار بهێنرێت بۆ گەیاندنی ئاڕاستەیەکی درووست و ئەرێنی لە بەهاو ئاکارو ڕەفتارەکان و کۆنترۆڵکردنی هەست و هەڵچونەکانیان، ئەویش ڕیگای چیرۆک و ڕۆمانە، کە لەڕێی ڕووداوو بەسەرهات و پاڵەوان و کەسێتییەکانی نێویانەوە دەچنە قوڵای دەروون و هزری خوێنەرەوەو کەسی خوێنەر تێکەڵ و ئاوێتە بە چیرۆکەکان دەبێت و لەگەڵیدا دەروات و پێی کاریگەر دەبێت.
2. قۆناغی مێردمنداڵی کۆتایی قۆناغی منداڵی و سەرەتای قۆناغێکی نوێیە بۆ بەرەو گەورەبوون، ئەو بابەتانەی بۆ ئەم قۆناغە دەنووسرێن لەلایەکەوە لەگەڵ قۆناغەکەی پێش خۆی کاریگەرە و لەهەمان کاتیشدا کاریگەری لە گەشەی دواتری کەسی خوێنەر دەکات لە ڕووی مەعریفی و تێگەیشتنەوە، بۆیە نووسین لە ڕووی ئەدەبییەوە وەک چیرۆک و ڕۆمان ئەو هەستی ڕەخنەگرتن لە گەوران و بیرکردنەوەو بەراوردکردنێکی زیاتر لە هزری مێردمنداڵدا دەوروژێنێت، وای لێدەکات هەڵچوون و سۆزدارییەکانی بۆ رووداوەکان تاڕادەیەکی باش لە بیرکردنەوەوە پێش بڕیاردان نزیک بکاتەوە.
3. قۆناغی مێردمنداڵی کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە لە ڕووی گەشەی کۆمەڵایەتییەوە، ئەو تایبەتمەندییانە کاریگەری لەسەر ئاڕاستەی کەسی مێردمنداڵ هەیە بۆ ئەرێنی بوون لە نێو کۆمەڵگەدا یان بە پێچەوانەوە، لەو تایبەتمەنیانە:
- زیادبوونی متمانە بەخۆبوون و هەستکردن بە گرنگی و فراوانبوونی ئاسۆ و چالاکیی کۆمەڵایەتی.
- دڵخۆشبوون بە هاوبەشیکردنی ئەزموون و هەست و ڕەوت و بیرۆکەکانی لەگەڵ کەسانی تردا.
- مەیلی سەربەخۆیی کۆمەڵایەتی و مەیلی سەرکردایەتی کردن.
- یەکگرتن لەگەڵ کەسایەتییەکانی دەرەوەی ژینگەی خۆی و گەشەکردنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی.
- هەستی ململانێی نێوان خۆپەرستی و خۆبەخشیدا و زیادبوونی هۆشیاری بۆ پێگەی کۆمەڵایەتی.
- سەرنجی ئاشنابوون و فراوانبوونی بازنەی کارلێکی کۆمەڵایەتی و ویستی ئەنجامدانە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی کرداری.
- سەرنجی نامۆبوون و یاخیبوون و کینییزم و لێبوردەیی و کێبڕکێ دەدات.
- پەرە بە زیرەکی کۆمەڵایەتی دەدات، کە بریتییە لە توانای مامەڵەکردن لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان.
- دەرکەوتنی ئارەزووی خۆئاڕاستەکردن و بەدواداچوون بۆ هاوئاهەنگی کەسی و کۆمەڵایەتی.
- بەها جۆربەجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەم قۆناغەدا لە ئەنجامی کارلێکی مێردمنداڵ لەگەڵ ژینگە کۆمەڵایەتییەکەیدا گەشە دەکەن.(3)
خاتوو گەلاوێژ زۆر بە وردی لە چیرۆکەکانی تری کە بۆ مێردمنداڵان نووسیوەو لە رۆمانی(ئەفسانەی کەلی ناوگردن)یشدا کاری لەسەر ئەو لایەنە کۆمەڵایەتیانە کردووەو مەبەستی بووە تاکی مێردمنداڵ ئەو بەهایانە هەڵبژێرێت و پێی کاریگەربێت کە دەبنە مایەی ئەرێنیبوون و سەرکەوتنی لە کارلێک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا لە نێو کۆمەڵگەدا، هەروەها زۆر باش لە ناخ و گەشەی دەروونی و هەستەکانی مێردمنداڵ تێگەیشتووەو بە جۆرێک رووداوەکانی ئاڕاستە کردووە کە کە کسی مێرد منداڵ ئاوێتەی ڕووداوەکان بێت و خۆی ببێت بە بەشێک لە پاڵەوانەکان و بەتایبەت کاریگەرییە ئەرێنییەکان زاڵ بێت لەر رەفتار و کارلێک و کاردانەوەکانی تاکی خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەو بە جۆرێکیش نووسراون کە ڕادەی تێگەیشتن و وەرگرتنی بەهاکانی نێو رۆمان و چیرۆکەکان ئاسان و بێ گرێ و گۆتەڵ بێت.

 

بەدیهێنانی بەهاکۆمەڵایەتی و ڕەفتارییەکان:
رۆمانی(ئەفسانەی کەلی ناوگردان) بە سەرەتایەکی واقیعی سرووشتی دەست پێدەکات، نووسەر بە وەسفێکی واقیعی و ئاسایی ژیانی خەڵک دەست بە چیرۆک و بەسەرهاتی نێو ڕۆمانەکە دەکات، بە سەرنجەوە لە چەند خاڵێک هەڵوێستە دەکات و تیشکی دەخاتەسەر، بەمەبەستی تێگەیشتنی  خوێنەر و نزیککردنەوەی بیرکردنەوەکانی خوێنەر لە ڕێڕەوی حاڵ و گوزەران و شێوە ژیان و زەمەن و شوێنی ڕووداوەکان  گەلێ پێویست و گرنگن.
نووسەر خاتوو گەلاوێژ دەیەوێت بەم سەرەتایە تاکی مێردمنداڵی خوێنەری ڕۆمانەکە لەوە وەئاگا بهێنێتەوە، وەستاوی و چەق بەستن لە نێو چوارچێوەیەکی دانراوی کەلتور و بیرکردنەوەی سنوورداری خێڵ و کۆمەڵگەدا هیچ نوێگەریەکی لێ بەدی نایەت و هەمیشە سوڕانەوە لە نێو بازنەیەکی داخراودا هەمان شتەکان دووبارەدەکاتەوە، نووسەر بە وێنەکردنێکی هزری و ورووژاندنی خەیاڵی خوێنەر ئەو تابلۆیە دەکێشێت کە ڕووداوەکان و کێشەکان و بەریەک کەوتنەکان لە چییەوە سەرچاوەیان گرتووەو چۆن ئەو سنورە داخراوە بووەتە مایەی لەیەکتر تووڕەبوون و بەریەککەوتنەکان. هەر فراوانبوون و زیادکردنێکیش ڕووی دابێت لەسەر بنەمای تەنها ژمارەو شتەکان بووە نەک ناوەڕۆک و چۆنایەتی.

ململانێی چاکەخوازی و نیەتی خراپکاریی:
تەواوی رۆمانەکە لە ململانێیەکی بەهێز دەدوێت لە نێوان خواستی چاکەو کاری خراپکاریی، هێزی خێر و شەڕ. ئەو دوو لایەنە کاریگەرەی کە تەواوی ئاڕاستەی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی ئادەمیزاد ئاڕاستە دەکەن، چۆن مرۆڤ لەسەریان پەروەردە بکرێت ئاوا ڕەنگدانەوەی دەبێت لە نێو کۆمەڵگەو کارلێکە کۆمەڵایەتیەکاندا.
دوو خێزان بە تەنیشت یەکەوە لە دوو خانوودا کە دیوارێکیان نێوانە، بەڵام دوو ئاڕاستەی جیاوازی پەروەردەو دوو جۆری جیاواز لە بەهاو ڕەسەنایەتی و بونیادنان، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پەروەردەی خێزانی و ئەوەی تیایدا دەگوزە رێت چۆن دەتوانێت مرۆڤ بکات بە کارەکتەرێکی بەخشندەو مرۆڤدۆست و چاکەکار، یان وێرانکار و ستەمکارو شەڕەنگێز، هێزو ئیرادەی مرۆڤ ئەگەر بە ئاڕاستەی مرۆڤدۆستی پەروەردەنەکرا، ئەوا دەبێتە سەرچاوەی ستەم و نادادپەروەری.
درواسێیەتی شاخەوان و گوروون چی لێ بەسەر دێت:
ستەمی گوروون-کاراکتەری شەڕەنگێزی ڕۆمانەکە- دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار، دەیەوێت دەستی بگاتە ناوجەرگەی سنوری ئاسودەیی ماڵی شاخەوان-پاڵەوانی ڕۆمانەکە- و داوای بەزۆر فرۆشتنی خانووەکەیان دەکات، لێرەدا شاخەوان دەکەوێتە نێوان دوو ئازاری بڕیاردانەوە، یان دەبێت بمێنێتەوەو ستەمی گوروون قبوڵبکات یان دەربچێت و لەسەرەتایەکی نوێوە دەتپێبکاتەوە؟ 
لێرەوە نووسەر راستەوخۆ نایەوێت رەوتی رووداوەکان بگۆڕێت، زۆر وردبینانە ئەو بڕیارە یەکلایی دەکاتەوە کە خوێنەری مێردمنداڵ لە شێوازی بڕیاردانی راست و درووست تێبگەیەنێت، خوێنەر خۆی ئەو بڕیارە یەکلایی بکاتەوەو بە بڕواپێبوونەوە ئەنجامی بدات. چۆن؟ سەرەتا شاخەوان پێداگری دەکات لە مانەوەو بەرەنگاری بوونەوەی گوروون ، بەڵام ستەمی گوروون زیاتردەبێت و کاردەگاتە سووتانی خانووەکەی ماڵی شاخەوان لە شەوێکدا کە لە شیرینی خەودان ، ئەمە وادەکات شاخەوان بە بڕیارەکەیدا بچێتەوەو بڕیارێکی درووست بدات.

بڕیارو ڕاچڵەکین:
زۆرجار ئازارێک دەبێت هۆی وەرچەرخان ،دەبێتە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنەوەو گۆڕانکاری سووتانی ماڵی شاخەوان شکستی پێ نەهێنا، بەڵکو بەرەو بڕیارە درووستکەی برد، گەرچی خەڵکی گوند زۆری لێدەکەن بمێنێتەوە، بەڵام چونکە بەشێوەی کرداری ئەمجارە شاخەوان بڕوای هێنا کە مانەوەی لەو خانووە سوود بە بەرژەوەندی و داهاتووی ناگەیەنێت، بڕیاریدا کە ئەو جێگەیە بەجێبهێڵێت، ئەگەر چی پەیوەندی مێژوویی و ریشەیشی بە خۆی و باوانیشییەوە هەیە.

شکاندنی بازنەی چەقبەستوویی و فڕین بۆ ئاسۆیەکی فراوانتر:
زۆر جار مرۆڤ بازنەیەکی داخراو بۆ خۆی درووست دەکات، بۆ ئەوەی کە بیانوویەک بدات بەخۆی کە هۆکاری هەیە کە ناگۆڕێت، بەڵام هەرکات توانی بڕیار بدات چیتر لەو بازنە داخراوەدا نەمێنێتەوە، ئەوا هەنگاوی یەکەمی سەرکەوتنی بڕیوە، لەرۆمانی ئەفسانەی کەلی ناوگردان، ئەو پەیامە ئاڕاستەی خوێنەرەکەی دەکات، کە فڕین بۆ ئاسۆیەکی فراوانتر لەدەستدان نییە، رووخان نییە، شکست نییە، بەڵکو دەربازبوونە، ئازادبوونە بۆ بیرکردنەوەی زیاتر.
شکاندنی سنوورە داخراوەکانی بەردەم داهێنان و ئەفراندن، مەودای بەرچاوڕوونی مرۆڤ زیاتر دەکات بۆ بینین و دۆزینەوە، کاتێک شاخەوان ماڵ و خانووەکەی بەجێدەهێڵێت، پەیوەندییە رووحییەکەی  بە خۆشەویستی خاک و شوێنی نیشتەجێبوونەکەی نا پچرێنێت، بەڵکو ئەوەی کە ئەنجامی دەدات دۆزینەوەی کەش و هەلومەرجی لە بارە بۆ گەشەکردن و نەشوونمای زیاتر، پەرەدانە بە مانەوەیەکی باشتر و بەهێزتر، نووسەر دەیەوێت بە خوێنەر بڵێت کۆچ واتای زۆر هەڵدەگرێت، مرۆڤ بۆ ئەوەی ژیانێکی شکۆمەندانە بژی دەبێت کۆچ بکات، بڕوات، لەهەر جێگەیەک شکۆی پارێزراو بوو، توانی گەشە بکات ئەوە شوێنی ئەوەو دەبێت ئەوێ هەڵبژێرێت.

بەشێک لە رۆمان و چیرۆک و بەرهەمەکانی خاتوو گەڵاوێژ

 


بونیاتنانی هێز و ئیرادە

خاتوو گەلاوێژ هەنگاوەکانی گۆڕانکاریی لە پاڵەوانی رۆمانەکەیدا زۆر لێهاتووییانە ئەنجام داوە، هەنگاو بە هەنگاو ئەو دیدگایە دەخاتە بەردەم خوێنەری مێردمنداڵ کە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی رووداوەکان و گۆڕانکارییەکان هەست و هەڵچوونەکانی زیاتر بورووژێنێت و ورەو توانستی پێ ببەخشێت بۆ بەردەوام بوون لە خوێندنەوەو گەرآن بە نێو لاپەڕەکانی چیرۆکەکەدا بۆ ئەوەی بزانێت ئەنجام چی دەگوزەرێت؟ سەرکەوتوو دەبێت یان شکست دەهێنێت؟
لە جێگایەکی دوور، بەتەنها، بەڵام بە بڕیارو سووربوون لەسەر ئەنجامدان، ڕاپەرموونە سەرخود بۆ ئەوکارەی ئەنجامی دەدات، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی موعجیزە، بۆیە نووسەر بۆ دەرخستنی ئەو هێز و ئیرادەیە لێرەوە ڕەوتی ڕۆمانەکە دەگۆڕێت و لە بارێکی واقعییەوە دەگوێزێتەوە بۆ چوونە نێو چیرۆکێکی ئەفسانەیی، لەگەڵ کارکردنی شاخەوان لە زەوییەکەی کە بۆ خانوو دەستنیشانی کردبوو نوکی پاچەکەی لە بەردێک گیر دەبێت، بەردەکە لادەبات و پاشان بەربەستەکانی تر تێک دەشکێنێت و لێرەوە لەپڕ (دێو)ێک(3) دێتە دەرەوە، ئەم دێوە لە توانایدا هەیە هەموو کارێک ئەنجام بدات، لێرەدا نووسەر چەند خاڵێکی گرنگ دەوروژێنێت بە کورتی تیشکی دەخەینەسەر:
1) بەکارهێنانی ئەفسانە و خەیاڵ وەک بەشێکی بنەڕەتی رۆمانەکە، رادەی چێژ وەرگرتن و ئاوێتەبوونی خوێنەری مێردمنداڵ زیاتر دەکات، بەتایبەت کە قۆناغی مێرد منداڵی قۆناغی گەڕانە بەدوای پاڵەوان و نموونەیەک کە بیەوێت شوێن پێ هەڵگری بێت و خۆی تێدا ببینێتەوە.
2) هێز و ئیردە کاتێک دەستەبەردەبێت کە مرۆڤ خۆی بڕیاری گۆڕانکاری بدات، هەوڵبدات و دەستپێبکات.
3) دێو، کەلەم رۆمانەدە هێمایە بۆ هێز و ئیرادەی چاکەخوازی، لە گفتوگۆیدا لەگەڵ شاخەوان دەڵێت من دەتوانم هەموو شتێکت بۆ بکەم، تەنها مرۆڤ کوشتن نەبێت، پەیامێکی تەواو مرۆڤدۆستانەیە، کە هێز چەندە توانای هەبێت نابێت لە پێناو وێرانکاری و کوشتنی مرۆڤدا بەکاربێت.
4) ئازادی وەک بەهایەکی گرنگ و کاریگەر لە ژیانی ئادەمیزاددا پیشان دراوە، کاتێک دێوەکە سوپاسی شاخەوان دەکات کە ئازادی کردووەو دەڵێت.(من ئەمە چەندەها ساڵە لە ناو ئەو شووشە بەردینە قوڕاوییەدا دیل و زیندان و حەپسم، تۆ ئێستا ئازادت کردم،ڕزگارت کردم، هاتمە سەر ئەم دونیا خۆشە ، پڕ بەسییەکانم هەوای پاک هەڵدەمژم)(5)
5) گوێنەدان بە قسەی خەڵک لە بڕیار و ئەنجامدانە خودییەکاندا، بۆ نمونە شاخەوان دەترسێت لە قسەی خەڵک کە بڕوای پێ نەکەن، پێی بڵێن تۆ چۆن ئەو کارانەت ئەنجامداوە، کاتێک دێوەکە خانوویەکی لە ماوەیەکی کەمدا بۆ درووست دەکات، بەڵام دێوەکە پێی دەڵێت گوێ بەقسەی خەڵکی مەدە، چونکە خەڵک لەسەر هەموو شتێ قسەیەکیان هەر دەبێت.

 

خاتوو گەلاوێژ ، کاری لەسەر ئەو لایەنە کۆمەڵایەتییانە کردووەو مەبەستی بووە تاکی مێردمنداڵ ئەو بەهایانە هەڵبژێرێت و پێی کاریگەربێت، کە دەبنە مایەی ئەرێنیبوون و سەرکەوتنی لە کارلێک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا لە نێو کۆمەڵگە

هەموو دەستکەوتنێک واتای براوەیی نییە
گوروون سەرەڕای ئەوەی هێز و دەسەڵاتیشی هەبوو،  توانی دەستکەوتێکی فراوانیشی بەردەست بکەوێت، بەڵام بە ڕێگای ستەم و ناڕەواو چەوساندنەوەی ئەوانیتر، ڕێگای ئازاردانی خەڵک، ڕێگریکردن لە خەڵکی تر بۆ ئەوەی تەنها خۆی بە دەسەڵاتداری بمێنێتەوە، ئەو دەسەڵات و سەروەت و سامانەی نەبوونە مایەی ئاسودەیی ڕوحی و ئارامی ژیانی، نووسەر ئەوە دەخاتە ڕوو کە مەرج نییە هەموو دەستکەوتێک واتای بوون و ئاسودەیی ژیان بێت، ئەو ڕێگایە گرنگە مرۆڤ چۆن دەستکەوتەکانی تێدا فەراهەم دەکات، بۆیە دەستکەوتەکانی گوروون بێجگە لە بێزاری و نیگەرانی خۆی و ناشرینکردن و نالەباربوونی لە بەرچاوی خەڵکانی تر و خەڵگی گوند و دەورووبەری هیچی تری لێ نەهاتە کایەوە، تەنانەت ئەوانەشی لە گەڵیدا بوون و بەرگریان لێدەکرد تەنها لەگەڵ بوونی بەرژەوەندی بوون، نەیان توانی تا کۆتایی متمانەو بڕوای خۆیانی پێ ببەخشن. بە پێچەوانەوە شاخەوان دەستکەوت و ماڵ و سامانەکەی بەش کرد لەگەڵ دۆست خزم و خەڵکی تردا، هاوکاریکردن ، بەدەم یارمەتیدانی گشتەوە بوو. ژیان و گوزەرانی بۆ دابینکردن، بۆیە توانی خۆشەویستی راستەقینەی خەڵک بەدەست بهێنێت، وەک نموونەی پاڵەوان و کەسی مرۆڤدۆست لای هەموو خەڵک سەیر دەکرا، لەم بەرواردی دوو ڕۆڵ بینینی کارەکتەرەی ڕۆمانەکە، خوێنەری مێردمنداڵ تێبینی ئەوە دەکات، کە چەند گرنگە مرۆڤ هەوڵی دەستکەوتەکانی بدات، لەوە گرنگتر ئەوەیە ڕێگای دەستکەوتەکان ڕەواو بێ ئازاردانی خەڵک بێت، چونکە ئەنجام ڕێگا ناڕەواکان باجی گرانیان هەیەو مرۆڤ دەخاتە نێو تەلیسمی تەنگژەی دەروونی و دوورنییە سەرجەم ژیانیشی بخاتە مەترسییەوە ، بەڵاو ئەو ڕێگایەی مرۆڤ بە ڕەوا هەڵیبژێرێت خۆی و سەروەت وسامانەکشی لای خوداو خەڵکیشدا پارێزراو دەبن و خۆشیان خۆشەویست دەبن.

هەڵوێستی لێبوورەیی هەمیشە باشترین بژارەیە
وەک دەوترێت لێبووردەیی پیشەی کەسە مەردەکانە، هەموو مرۆڤێک ناتوانێت لێبووردە بێت، چونکە لێبوردەیی دڵێکی گەورەو میهرەبان و پڕ لە بەخشینی دەوێت ، ئەم دڵە لای هەموو مرۆڤێک بەردەست نییە، بۆیە خاتوو گەلاوێژ لە رۆمانی ئەفسانەی کەلی ناوگرداندا زۆر جەختی لێ کردووەتەوە، سەرەڕای ئەو هەموو فێڵ و تەڵەو ڕێگریانەی گوروونی کاراکتەری نەرێنی نێو ڕۆمانەکە لەگەڵ شاخەوان پاڵەوانی ڕۆمانەکە ئەنجامی دەدات، هێشتا هەر شاخەوان دەرگاکانی گفتووگۆو دانیشتن و لێخۆشبوون و لێبووردەیی بە ڕوویدا داناخات، ئەمە پیشاندەری ئەوەیە مرۆڤ لە هەوڵی چاکەخوازی نائومێد نەبێت و تادوا قۆناغی بەربەستەکان لە گەڵیدا بڕوات.

راوێژ و گفتووگۆ لە بڕیارداندا:
راوێژ و گفتوگۆ وەک بنەمایەکی شارستانی و کۆمەڵایەتی و لەیەکتر تێگەیشتن لە چەند کاتێکدا لە ڕۆمانەکەدا گرنگی پێدراوە، بەتایبەت لە بڕیارە سەخت و چارەنووس سازەکاندا، چونکە وەک وتراوە دووڕا لەیەک ڕا باشترەو چەند ڕایەک هەبێت بۆ بەرواردکاری و هەڵبژاردنی باشترینیان لەگەڵ ڕووداوو هەلومەرجەکان لە دوو ڕا باشترە، بۆیە پاڵەوانی چیرۆک هەمیشە بە ڕاوێژ و پرس و ڕا گۆڕینەوە لەگەڵ هاوڕیی و کەسە نزیک و متمانە پێکراوەکانیدا بڕیارە یەکلاییکەرەوەکانی داوە، بۆ نموونە لە کاتی بانگهێشتی شاخەوان بۆ لای والی، کە بە فێڵی گوروون و بۆ داونانەوە ئەو کارە ئەنجام درابوو، بەڵام چونکە چوونەکەی شاخەوان بە ڕاوێژ و گفتوگۆی پیش وەختە ئەنجامدرابوو، توانیان سەرکەوتووبن لە بەدەستهێنانی سەردانەکە بە قازانجی خۆیان سەلامەتیش بن لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ شوێن و جێگای خۆیان کاتێک بەر هێرش و ڕێگری پیاوەکانی گوروون کەوتن.

 

لۆژیکی بیرکردنەوەو خۆشباوەڕ نەبوون:
یەکێکی تر لەو ئاڕاستانەی کە لە رۆمانی ئەفسانەی کەلی ناوگرداندا سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت، بیرکردنەوەی لۆژیکییەو سود وەرگرتنە لە ئەزموون و رووداوەکانی پێشتر، بۆ ئەوەی مرۆڤ بە هەڵە یان بە ساویلکەیی و خۆشباوەڕی نەکەوێتە داوی دوژمن و ناحەزەکانییەوە کاتێک بە فێڵ و تەڵەکەبازی زۆر دەیانەوت خۆیان وەک کەسێکی باش پیشان بدەن و ڕەفتارەکانیان والێ بکەن کە دەورووبەر هەڵبخەڵەتێنن و وابزانن گۆراون و ئیتر چیدی خراپکار نین، بەڵام بە چەند بارە بوونەوەی ئەزموون مرۆڤ دەبێت لەوە دڵنیابێت کە ئەستەمە کەسێک یان گروپێک لەسەر ڕەفتار و خویەکی نەشیاو بونیادی خۆیان نابیت بتوانن بە تەواوی دەستبەرداری ئەو خویەیان بن، بەڵکو هەرکات دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت دەچنەوە سەر دۆخەکەی خۆیان و زیان بە کەسە باشەکان دەگەیەنن، جونکە ئەوان لەسەر بنەڕەتی لیدان لە بەرژەوەندی گشت و قۆستنەوەی دەرفەتەکان تەنها بۆ خۆیان کارەکانیان ئەنجام ئەدەن.

بەردەوامی و سەقامگیری جاکەکاری:
کاروانی ئاوەدانی و چاکەکاری و ویستی مرۆڤدۆستی سەرەڕای هەموو بەربەستەکان بەردەوامیان دەبێت، چونکە جێگەی هەڵوێستە باشەکان ڕوح و دەروونێکی چاکە و درووستە، بیرکردنەوەی ئەرێنێ لە هەموو پێشهاتەکان و ویستی چارەسەر و کۆڵنەدان لە بەردەم شکست و نووشستییەکاندا مرۆڤ دەگەیەنێتە ئەو دید و ئامانجەی کە بەردەوام هەوڵی بۆ داوە، بۆیە ئەنجامی ئەو ململانێیەی نێوان خواستی چاکەکاری و حەزی شەڕەنگێزییەی کە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە پێکدەهێنن ، دەرئەنجام بەسەرکەوتنی هێز و ئیرادەی چاکەخوازی کۆتایی دێت و ئاکام و ئەنجامی نییەتی خراپ و دژ بەمرۆڤ و نادادپەروەری بێجگە لەوەی کۆتایی تاکەکان بەرەو چارەنووسی دادوەری خودایی و مرۆڤیش دەبات، کاریگەریەکانیشیان هەر بە زیانی کۆمەڵگە و ئاکارە کۆمەڵایەتیەکان کۆتاییان دێت.

تەواوی رۆمانەکە لە ململانێیەکی بەهێز دەدوێت لە نێوان خواستی چاکەو کاری خراپکاریی، هێزی خێر و شەڕ. ئەو دوو لایەنە کاریگەرەی کە تەواوی ئاڕاستەی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی ئادەمیزاد ئاراستە دەکەن

پەراوێزەکان:
1. رۆمانی (ئەفسانەی کەلی ناوگردان) نووسینی گەلاوێژ چاپی نوێ 2018
2. تایبەتمەندی ئەو چیرۆکانەی نووسەرو ئەدیب خاتوو گەلاوێژ کە بۆ مێرد منداڵانی نووسیووە، منداڵی قۆناغی کۆتایی و گەورەش دەتوانێت بیخوێنێتەوەو چێژی لێ وەربگرێت، چونکە چیرۆکەکان تێکەڵی خەیاڵ و واقیعن، سادەو لە هەمانکاتدا قوڵن، ڕووداوەکانی سەرنجڕاکێش و لەگەڵ حەزی ئادەمیزاددا دەگونجێن.
3. سود لە کتێبی( سیکولوجیة التنشئة الاجتماعیة) النمو الاجتماعی، مرحلة المراهقة، الدکتور صالح محمد ابوجادو الطبعة الثامنة 2012 وەرگیراوە.
4. دێو، لە ئەفسانەو چیرۆکە فۆلکلۆرییە ڕۆژهەڵاتییەکان و کوردییەکانیشدا بەکار هاتووە، هەندێ جار وەک هێزی چاکەو هەندێ جاریش وەک هێزی شەڕ و خراپکاری، لەم ڕۆمانەدا نووسەر خاتوو گەلاوێژ وەک فریاد ڕەس و هێز و ئیرادەی چاکەکاری بەکاری هێناوە، وەک کاراکتەرێکی ئەفسانەیی ڕۆڵی هەیە لە سەرنجڕاکێشانی خوێنەری مێردمنداڵ و پێ کاریگەربوونی.
5. کتێبی(ئەفسانەی کەلی ناوگردان) لاپەڕە21

خاتوو گەلاوێژ، بەوەسفێکی واقیعی و ئاسایی ژیانی خەڵک، دەست بە بەسەرهاتەکانی نێو رۆمانەکە دەکات 

بابەتە پەیوەندیدارەکان