بۆ یەكەمجار، ئەسەسەرد هەندێ زانیاریی نەبیستراو و نهێنیی راپەڕینی 1991 دەخاتەڕوو

10:21 - 2024-05-21
کوردستان
351 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێکی کۆڕەکە

دوێنێ، لە چوارچێوەی كۆڕەكانی ساڵۆنی كوردستانی نوێدا، كۆڕێك بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبێكی دەنگیی لێكۆڵیار و سیاسەتمەدار فەرید ئەسەسەرد، بەناونیشانی (پانۆرامای راپەڕینی 1991) بەڕێوەچوو.

لە كۆڕەكەدا، سەرەتا ئەسەسەرد، باسی لەو شێوازە نوێیەی بڵاوكردنەوەی كتێب كرد بەشێوەی ئەلیكترۆنی و تۆماركراو بە دەنگ و دابەشكردنی بە فلاش میمۆری. پاشان، چەندین لایەنی گرنگ و نەزانراوی ئامادەكارییەكانی راپەڕینی 1991ی باس كرد كە چۆن یەكێتی رۆڵی سەرەكی و كاریگەری هەبوو لە ڕاپەڕینەكە و ئەو نەخشە و پلانەی بۆی دانرابوو. 
هەروەها، هەندێ زانیاریی نەبیستراو و نهێنیی راپەڕینی 1991ی خستەڕوو و باسی ئەو روبەڕوبوونەوە و شەڕانەی كرد كە لەكاتی رزگاركردنی شارەكانی كوردستان دروستبوو، لەم بارەیەوە رایگەیاند: قورسترین شەڕ لە شاری كەركوك بوو، هەروەها خوێناویترینیش لە  دووزخورماتوو بوو كە رژێمی بەعس هێلیكۆپتەری بۆ سەركوتكردنی راپەڕینەكە بەكارهێنا.
فەرید ئەسەسەرد، پاشان، چەند لایەنێكی كتێبەكەی باسكرد كە ئەو وەكو نووسەرێك و پشتبەستوو بە زانیارییەكانی خۆی نووسیویەتی نەك وەكو توێژینەوەیەكی ئەكادیمی.
پاشان، گفتوگۆیەكی كراوە لە نێوان ئامادەبووانی كۆڕەكە و نووسەر دروستبوو، كە كۆڕەكەی دەوڵەمەندتر كرد.
كتێیی دەنگی پانۆرامای راپەڕینی 1991، پێشتر بەشێوەی كتێب لەلایەن بۆردی هۆشیاری سەر بە مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری بڵاوكراوەتەوە، دواتریش بۆردی راگەیاندن كردوویەتی بە كتێبێكی دەنگی و بڵاویكردووەتەوە.

كۆمار عەلی

بابەتە پەیوەندیدارەکان