یادەوەریی وەرزشی

11:31 - 2024-04-30
وەرزش
334 جار خوێندراوەتەوە
خوالێخۆشبوو فەهمی فەقێ ڕەشید لە ناو یاریزانانی یانەی سلێمانیدا

خەسرەو گورون

105


له‌ ژماره‌ی پێشووی ئه‌م زنجیره‌ باسانه‌مدا باسی یاریی چوونی نێوان تیپی یانه‌ی سلێمانی و مینام كرد له‌ خولی جامی یانه‌كانی عیراقدا كه‌ رۆژی 5/10/1990 له‌یاریگای سلێمانی كردمان، ئه‌م یارییه‌ تیپی میوان 3-1 یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌، دواتر رۆژی 12/10/1990 یاریی گه‌ڕانه‌وه‌شمان له‌ به‌سره‌ كرد، وا له‌م ئه‌ڵقه‌یه‌دا باسی یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ به‌سره‌ كردمان. 
بۆ ئه‌م یارییه‌ به‌ بیانویی ئه‌وه‌ی به‌سره‌ دووره‌ و ماندوو ده‌بن و چه‌ند پاساوێكی تری بێ بنه‌ما كه راستییەکەی ئەوە بوو ترسیان هەبوو، وایان ده‌زانی زۆر به‌خراپی ده‌دۆڕێین، چه‌ندین یاریزان و راهێنه‌ر و ئیداریش له‌گه‌ڵمان نه‌هاتن، له‌م یارییه‌دا ته‌نیا عومه‌ر خه‌تاب راهێنه‌ری ئێمه‌ بوو، به‌ ته‌نیا 11 یاریزانه‌وه‌ چووین بۆ ئه‌م یارییه‌، سێ یاریزانیشمان سه‌رباز بوون  و به‌مۆڵه‌ت له‌گه‌ڵمان هاتن ئه‌وانیش خوالێخۆشبوو شاهۆ حه‌مه‌ فه‌ره‌ج و نه‌وزاد مسته‌فا و به‌ختیاری گۆڵچی بوون، به‌وه‌ بووین به‌ 14 یاریزان، خوالێخۆشبوو فه‌همی فه‌فێ ره‌شیدی قه‌شان ئیداری و به‌ڕێوه‌به‌ری تیپه‌كه‌ بوو، ئێمه‌ به‌درێسی سوور و تیپی خاوه‌ن یاریگاش به‌ درێسی شینه‌وه‌ یارییان ده‌كرد، خوالێخۆشبوو دكتۆر عه‌تا چاره‌سه‌ركه‌ری پزیشكی تیپه‌كه‌مان بوو.
له‌به‌سره‌ پێشوازییه‌كی گه‌رممان لێكرا كه‌ خۆمان چاوڕوانمان نه‌ده‌كرد، له‌م یارییه‌دا راهێنه‌ر به‌پلانی 4-4-2 یاریی كرد، سه‌ره‌نجامیش تیپی مینا توانی 1-0  یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌، پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی تیپه‌كه‌شمان بۆ ئه‌م یارییه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بوو:
*گۆڵپارێز: رزگار عه‌لی.
*به‌رگری: خه‌سره‌و گورون-كاپتنی تیپ، شه‌هید هه‌رسین ره‌سوڵ، داخل جه‌بار، نه‌وزاد مسته‌فا.
*ناوه‌ند: سه‌ڵاحی شێخ ئه‌مین، جه‌عفه‌ر تۆفیق، ئالان قادر، ئالان محه‌مه‌د.
*هێرشبه‌ر: ئومێدی شێخ حسێن، به‌ختیار ره‌شید.
تیپی مینا له‌ دەقیقه‌ی 73 دا گۆڵی بردنه‌وه‌كه‌ی خۆیان كرد و یارییه‌كه‌ش هه‌ر به‌و ئه‌نجامه‌ 1-0 كۆتاییهات، له‌م یارییه‌دا كاك عومه‌ر خه‌تابی راهێنه‌ر دوو گۆڕانكاریی كرد، خوالێخۆشبوو شاهۆ حه‌مه‌ فه‌ره‌ج  بۆ شوێنی ئالان محه‌مه‌د، ته‌نیا حه‌سه‌ن ته‌نیا بۆ شوێنی داخل. 
بۆ ئه‌م یارییه‌ به‌ پاسێكی كۆسته‌ری ئه‌وسای یانه‌ی سلێمانی پاش رێگه‌یه‌كی دوور و ماندوو بونێكی زۆر گه‌یشتینه‌ به‌سره‌، خوالێخۆشبوو ره‌حیم كه‌ به‌ (ره‌حیمه‌ فشه‌) ناسراو بوو، شۆفێری پاسه‌كه‌ بوو، له‌م یارییه‌دا سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان به‌دڵ و رۆحییه‌تێكی كوردانه‌وه‌ یارییان كرد، سه‌ره‌ڕای ماندووبوون، ئاستێكی به‌رزمان پیشاندا، به‌وته‌ی راهێنه‌ر و یاریزانی دێرینی ئه‌وسای عیراق و شاری به‌سه‌ره‌ (هادی ئه‌حمه‌د) یارییه‌كی باشی به‌رگریی و هێرشی پێچه‌وانه‌مان كرد، هه‌رچه‌ند یارییه‌كه‌مان دۆڕاند، به‌ڵام باشترین یارییمان كرد، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی یاریزانه‌كان دڵسۆزانه‌ و له‌به‌ر خۆشه‌ویستیان بۆ سلێمانی و ناوی یانەی سلێمانی، گیان فیدایانه‌ یارییه‌كه‌یان ته‌واو كرد. 
خولی جامی یانه‌كانی عیراق، یانه‌ پله‌ یه‌ك و پله‌ دوو پله‌ سێیه‌كانی ئه‌وكاتی سه‌رتاسه‌ری عیراق تیایدا به‌شدارییان ده‌كرد، قورعه‌ بۆ یانه ‌به‌شداره‌كان ده‌كراو سیستمی یارییه‌كان چونه‌ ده‌ره‌وه‌ بوو له‌ ئه‌نجامی دوو یاریی چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و یانه‌یه‌ی بۆت دیاریی ده‌كرا، ئێمه‌ تیپی یانه‌ی سلێمانی له‌ ئه‌نجامی قورعه‌دا به‌ر یانه‌ی مینا كه‌وتین، یانه‌ی میناش ئه‌وكاته‌ یه‌كێك بوو له‌ یانه‌ به‌هێزه‌كانی خولی پله‌ یه‌كی عیراق و ئێمه‌ش له‌ خولی پله‌ دوودا بووین، یه‌كه‌م یاریی كه‌ یاریی چوونمان بوو له‌ یاریگای سلێمانی رۆژی 5/10/1990 كرا، 1-3 دۆڕاین و ئه‌مه‌ش یاریی گه‌ڕانه‌وه‌بوو كه‌ كردمان.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان