دیوەكەی تری دڵدار

09:21 - 2024-05-02
ئەدەب و هونەر
133 جار خوێندراوەتەوە

دڵدار لەریزی ئەو شاعیر و داهێنەرانەیە لەو تەمەنە كورتەیدا توانی داهێنان بكات، زۆرن ئەوداهێنەرە گەورانەی كەم ژیاون و كاریگەرییان لەسەر رەوتی ئەدەبی بەجێهێشتووە، یەك لەوانە رامبۆی شاعیری فەرەنسییە لەو ماوەكەمەی تەمەنیدا توانی داهێنان لەشیعردا بكات و شیعری فەرەنسی بردە قۆناغێكی ترەوە. لەئەدەبی كوردیشدا دڵدار ئەو شاعیر و نووسەرەی سی ساڵ ژیاوە، ئەمما بەیەكێك لە شاعیر و نووسەرە مەزنەكانی نێوەندی ئەدەبی كوردی دادەنرێ، تەنها شیعری ئەی رەقیب بەسە بۆ ئەوەی تا دنیا دنیایە دڵدار لەسەر لوتكەی ناوبانگ بمێنێتەوە، ئەو شیعرەی لەسەر زاری هەموو كوردێكە و سروودێكی بەرزی نیشتمانییە و بەگوێی دوژمنانی نەتەوەی كوردیش گەیشتووە.  دڵدار ساڵی 1918 لە كۆیە لەدایكبووە و یەكەم شیعری ساڵی 1935 نووسیوە.
لەبارەی ئەزموونی دڵدار گەلێك لێكۆڵینەوە نووسراون، یەكێك لەو كتێبانە لەلایەن نووسەر و شاعیری گەنج بوخاری وشیارەوە نووسراوە بەناونیشانی دیوەكەی تری دڵدار. ئەم كتێبە لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی مەم و زینە لە دووتوێی 150 لاپەڕەدایە و پەپوولە یوسفی دیزاینی بەرگی بۆ كردووە و هۆزان جاف هەڵەچنی كردووە. ناوەڕۆكی كتێبەكەی بوخاری لە چەند بابەتێك پێكدێ لەوانە: دڵدار وەك ئەدیب. ئەزموونی شیعری دڵدار. دڵدار و كلاسیزم. دڵدار و ریالیزم. رەهەندە دەروونییەكانی دڵدار. هەژاری وەك پاڵنەری ریالیزم. نهێنییە گەورەكەی دڵدار... بەگشتی ئەم كتێبە قسەكردنە لەسەر ئەزموونی سیاسی و ئەدەبی و ژیانی دڵداری گەنج، ئەو شاعیرەی بەگەنجی سەری نایەوە و تێكڕای ئەو ژیانە كورتەی لەنێو ئەدەبیات و سیاسەت و خەباتدا بووە. نووسەر لەهەندێك شوێنی كتێبەكەدا دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی منداڵی دڵدار و باس لەخەسڵەتەكانی ئەم كەسایەتییە دەكات. لەبەشەكانی دیكەشدا لەبارەی ئەزموونە شیعرییەكەیەوە دەدوێت. نووسەر باس لە قۆناغەكانی نووسین لای دڵدار شیدەكاتەوە. تەواویی ئەم كتێبە قسە كردنە لەسەر ئەزموونی شاعیرێك كە لەو چەند ساڵەی تەمەنیدا وەها جێگەی خۆی لەدڵی نەتەوەكەیدا كردۆتەوە، تا كوردێك هەبێ ئەی رەقیب وێردی سەرزارانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان