گەندەڵییەکی گەورە لە فرۆشتنی دۆلار ئاشكرا دەکرێت

151 هەزار هاووڵاتی، دۆلاریان بە نرخی رەسمی کڕیوە، بەڵام گەشتیان بۆ دەرەوە نەکردووە

10:33 - 2024-05-02
ئابووری
366 جار خوێندراوەتەوە
ئەو میکانیزمەی کە ئەمڕۆ حکومەت کاری پێدەکات، هۆکاری سەرەکی بووە لە دروستبوونی ئەم گەندەڵییە

ئا: لاپەڕەی ئابووری



بەپێی راپۆرتێکی چاودێریی دارایی عیراق بێت، لە ساڵی پاردا گەندەڵییەکی زۆر گەورە لە بواری فرۆشتنی دۆلاردا کراوە، بەناوی فرۆشتن بە گەشتیاران،  ملیۆنان دۆلار فرۆشراوە، لەکاتێکدا ژمارەی راستەقینەی گەشتیارانی ئەوندە نەبووە و گەشتی دەرەوەی وڵاتیان نەکردووە. ئەم راپۆرتەی چاودێری داراییش، بۆتە قسەوباسێکی گرنگی میدیای عیراقی و عەرەبیش. 

فایلێکی گەورەی گەندەڵی
فەرمانگەی چاودێری دارایی فیدراڵی  عیراق فایلێکی گەورەی گەندەڵی ئاشکرا دەکات لە فرۆشتنی دۆلاری بانکەکان بە هاووڵاتیان کە  ئارەزووی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن. لە راپۆرتەکەدا دەرکەوتووە کە  زیاتر لە 151 هەزار هاووڵاتی عیراقی،  دۆلاری ئەمریکییان بە نرخی رەسمی حکومەت کڕیوە، بەڵام لەراستیدا ئەم کەسانە  گەشتیان بۆ دەرەوەی وڵات نەکردووە، دواتر چوون لە بازاڕدا بە نرخی بازاڕ دۆلارەکەیان فرۆشتووە.  

ژمارەی گەشتیارانی درۆ

بەپێی راپۆرتێکی چاودێریی دارایی عیراق بێت، ژمارەی  راستەقینەی گەشتیارانی عیراقی ئەوانەی کە مافی ئەوەیان هەبووە لە فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکانی  عیراق، بە نرخی رەسمی دۆلار بکڕن، لە سەرەتای ساڵی پارەوە هەتاوەکو مانگی تەموزی 2023 ، گەیشتۆتە  1.481.186  لەکاتێکدا ژمارەی ئەوانەی کە لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان هاتووە پێچەوانەی ئەم ژمارەیەیە و .329.246. 1 گەشتیار بووە، واتە زیاتر 151 هەزار کەس  ناوی نووسراوە بەڵام گەشتی دەرەوەی نەکردووە.

 

بەپێی راپۆرتەکە بێت نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە بە خەڵکانێک کە گوایە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، بەڵام گەشتی دەرەوەیان نەکردووە ئەو بڕە دۆلارەیان بە نرخی بازاڕ فرۆشتۆتەوە

600 ملیۆن دۆلار دزراوە
بەپێی راپۆرتەکە بێت نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە بە خەڵکانێک کە گوایە سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن، بەڵام سەفەری دەرەوەشیان نەکردووە ئەو بڕە دۆلارەیان بە نرخی بازاڕ فرۆشتۆتەوە. جێگەی ئاماژەی نرخی رەسمی دۆلار بەرامبەر بە دینار 1320 بۆ هەر دۆلارێک لە کاتێکدا لە دەرەوە 1450  دینار یان زیاتر  دەکات.

داوای چاکسازی دەکەن
لەپاش بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە ناوەندە سیاسییەکان و میدیاکانی عیراقدا، داوادەکرێت کە دووبارە  چاوبە بڕیارەکانی حکومەتدا بخشێنێتەوە، هەروەها رێوشوێنی باشتر بۆ فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان دابنرێت بەتایبەتی ئەوانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، چونکە ئەو میکانیزمەی کە ئەمڕۆ حکومەت کاری پێدەکات، هۆکاری سەرەکی بووە لە دروستبوونی ئەم گەندەڵییە. 

سەرچاوە: رۆژنامەی المدی

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان