متمانەكردن بە نێچیرڤان بارزانی، پاشەكشە دەكات و یەكێتی رەخنەی لێدەگرێت

11:00 - 2024-05-02
کوردستان
206 جار خوێندراوەتەوە
جێگری سەرۆکی پ.د.ک، یان سەرۆکی هەرێم؟

كوردستانی نوێ- سلێمانی

  ئەگەرچی بەهۆی پێگەی سیادیی لە هەرێم و هەندێ لە هەڵوێستە سیاسییەكانییەوە، بە كاراكتەرێكی میانڕەوی نێو پارتی دیموكراتی كوردستان دەزانرێت، بەڵام هەفتەیەكە لەژێر فشاری حزبەكەیدا بە ئاراستەیەكدا دەجووڵێت كە پێچەوانەی پۆستە رەسمییەكەیەتی لەسەر ئاستی هەرێم و گرژیی سیاسیی بەدوای خۆیدا هێناوە. 
  نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە خاوەن پێگەی رەسمیی دەركردنی مەرسومێكی هەرێمە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 10/6/2024دا، چەند رۆژێكە لە ژێر فشاری حزبەكەیدا لە هەوڵێكی سیاسی و دیپلۆماسیدایە بۆ ئەوەی بەناوی هەرێم و بە ناونیشانی پۆستە رەسمییەكەیەوە، داخوازییەكی دیاریكراوی حزبەكەی جێبەجێ بكات كە دواخستنی هەڵبژاردنە و پشتكردنە لە هەڵوێستی هەموو حزب و رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان كە داوای پابەندبوونی بە مەرسومەكەی خۆیەوە لێ دەكەن. 
   نێچیرڤان بارزانی كە بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ لەلای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك كاراكتەرێكی گونجاو سەیر دەکرێت بۆ رێكخستنی كەناڵی پەیوەندی و یەكڕیزی سیاسیی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، بەتایبەتیش لەكاتی گرژی و بەریەككەوتنەكاندا، بەهۆی جووڵەكانی ئەم هەفتەیەی دواییەوە خەریكە بە تەواوی متمانەی سیاسیی لای یەكێتی و پارتە سیاسییەكانی تری گۆڕەپانەكەش لەق دەبێت، كە پێرێ بەشی هەرەزۆریان لە بەیاننامەیەكدا دژی دواخستنی هەڵبژاردن وەستانەوە. ئەم هەڵوێستەی سەرۆكی هەرێم لەئێستادا بۆتە مایەی نیگەرانی و تووڕەییەكی زۆر تا رادەی ئەوەی ئەندامێكی (م.س)ی (ی.ن.ك) بە راشكاویی بە كوردستانی نوێ رابگەیەنێت كە «لە ‌دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدا نییە هەڵبژاردن دوابخات».

بابەتە پەیوەندیدارەکان