بێگەرد تاڵەبانی بۆ كوردستانی نوێ: هەموو هەوڵێكمان بۆ بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانە

11:24 - 2024-05-02
کوردستان
111 جار خوێندراوەتەوە
بێگەرد تاڵەبانی

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

 

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاشكرایدەكات كە «هەموو هەوڵێكمان بۆ بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمە، ئەو داواكارییەشمان خستووەتە بەردەم حكومەتی عیراق».

تاوتوێكردنی كێشە و داواكارییەكان
وەزیری كشتوكاڵی هەرێم، رایگەیاندووە: «لەمیانی ژمارەیەك دیدار و كۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ سەرۆك كۆمار و لێپرسراوانی باڵای حكومی و پەرلەمانی، تاوتوێی كێشە و داواكارییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستانمان خستەڕوو و جەختمانكردەوە لەسەر پەیڕەوكردنی دەرفەتی یەكسانی بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق بەتایبەتی لە پڕۆسەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕكردنی گەنمدا».

هەفتەی داهاتوو بڕیاری كۆتایی دەدرێت
لەبارەی سەردانەكەشەوە، بێگەرد تاڵەبانی، زانیاریی زیاتری بۆ كوردستانی نوێ خستەڕوو و وتی: گفتوگۆكانمان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لەبارەی وەرگرتنی تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێم، هەنگاوی باشی بڕیوە و هەفتەی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت. راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی عیراق، هەموو ئەو داتا و زانیاریانەمان پێشكەشكرد كە پەیوەندیی بە رووبەری زەوی داچێندراو لە هەرێمی كوردستانەوە هەیە و بۆ دڵنیابوونی تەواویش لە راستی و دروستی زانیارییەكانمان، داوامان لە وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق كرد لیژنەیەك بۆ كوردستان بنێرن، هەروەك لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی پێشكەشمانكرد و لەژێر رۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، كە داوایكردووە تەواوی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ وەربگیرێت، داوامانكرد دەبێت جیاوازی لەنێوان هەرێمی كوردستان‌ و ناوچەكانی عیراقدا نەكرێت لە وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵدا، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو جارێكی تر سەردانی بەغدا بكەینەوە و بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو بابەتە بدرێت.

بە ئاگاداریی بەغدا تۆماركراوە
بێگەرد تاڵەبانی، ئەوەی خستەڕوو كە «لە دیدار و كۆبوونەوەكانماندا پابەندبوونی خۆمان نیشاندا بە جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكانەوە و دڵنیاییش درا كە ئەو گەنمەی لە كوردستان هەیە بەرهەمی ناوخۆیە و بەهیچ شێوەیەك لە دەرەوە هاوردە نەكراوە، پێش چاندن و تۆوكردنیش جۆری گەنمەكان بە ئاگاداری بەغدا تۆماركراوە». وتیشی: «هەموو ئەو هەوڵانەمان بۆ ئەوەیە جووتیارانی هەرێم زەرەرمەند نەبن، كە لە كاتی وەرنەگرتنی بەرهەمەكانیان، دەبێت بەرهەمەكانیان لە بازاڕدا بە نیوەقیمەت بفرۆشن، زانیاریشمان هەیە هەر ئەو گەنمەی كوردستان بەڕێگای جیاواز تەسلیم بە سایلۆكانی عیراق دەكرێتەوە، ئەوەش بەتاڵانبردنی گەنمی جووتیارانی كوردستانە و غەدرێكی گەورەیە لێیان دەكرێت».

بۆ ئەوەی جووتیاران زیاتر دڵنیابن
وەزیری كشتوكاڵ، دڵنیاییشیدا كە بە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە، جووتیارانی كوردستان باشتر دەتوانن كاری خۆیان بكەن و بەرهەمی زیاتریان هەبێت و زیاتر دڵنیا دەبن، بەتایبەتی ئێمە لە كوردستان زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی كشتوكاڵیمان هەیە بۆ گەنم و هەنگاوی باشمان ناوە و تاڕادەیەكی زۆر گەیشتووینەتە خۆبژێویی و لە هەندێك بابەتیشدا بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی دەرەوەی دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان