تیشكۆ
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، د.عه‌قیل مفته‌ن سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراق به‌سه‌ردانێك گه‌یشته سلێمانی و پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێكرا، بۆ زیاتر ئاگادار بوون له‌م سه‌ردانه‌و هۆكار و ئامانجی سه‌ردانه‌كه، مامۆستا زانا قادر چاو‌دێر و رۆژنامه نووسی وه‌رزشیی كه له پێشوازی و به‌شێك له دیداره‌كانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراقدا ئاماده بووه و زانیاری له‌سه‌ریان هه‌یه، بۆ كوردستانی نوێ دوا.
زانا قادر
سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ی پێ ووتین كه هه‌رله فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانییه‌وه پێشوازییه‌كی شایسته‌ی لێكرا، پاشان رۆژی پێنجشه‌ممه ئاماده‌ی فێستیڤاڵێكی وه‌رزشیی بوو كه لیژنه‌ی یه‌كسانی هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێر و مێی سه‌ربه لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراق رێكیخست، هه‌روه‌ها سه‌ردانی زانكۆی سلێمانی كردوو به‌شه‌كانی كۆڵێجی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشیی زانكۆی سلێمانی به‌سه‌ر كرده‌وه‌و یادداشتێكی لێكتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ زانكۆی سلێمانی ئیمزا كردووه.
پرسیاری ئه‌وه‌مان له زاناقادر كرد ئه‌و سه‌ردانه‌ی زانكۆی سلێمانی چۆن بووه و چی كراوه، ئه‌وه‌یش له‌وه‌ڵامدا ووتی: له‌و سه‌ردانه‌و پاشان كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ د.كۆسار محه‌مه‌د عه‌لی سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی، یادداشتێكی لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان هه‌ردوولادا ئیمزا كراوه.
له‌و یادداشته‌دا هاتووه كه زانكۆی سلێمانی ده‌رگای خۆی به‌ڕوی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراقدا ده‌كاته‌وه‌و زانكۆی سلێمانی هاوكار و پاڵپشتی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عیراق و هه‌موو یه‌كێتییه وه‌رزشییه‌كانی عیراق ده‌بێت و میوانداری له كامپی هه‌ڵبژارده وه‌رزشییه‌كانی عیراق به‌بێ جیوازی ده‌كات.
هه‌وره‌ها وتی له‌و سه‌ردانه‌شیدا كه بۆ كۆڵێجی وه‌رزشیی زانكۆ سلێمانی كردی، هۆڵی داخراوی كۆڵێج و مه‌له‌وانگه‌ی داخراوی كۆلێج و یاریگاكان و دامه‌زراوه‌كانی كۆلێجی به‌سه‌ر كردۆته‌وه و به‌ڵێنیشی داوه به‌پێی توانا هاوكار بێت بۆ باشتر كردن و چاككردنی كه‌م و كوڕییه‌كانی ئه‌و شوێنانه.
سه‌باره‌ت به فێستیڤاڵه وه‌رزشییه‌كه‌ش زانا قادر باسی ئه‌وه‌ی كرد كه فێستیڤاڵێكی سه‌ركه‌وتوو بووه، ئه‌مه دووه‌م ساڵی یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كه له سلێمانی رێکده‌خرێت، هه‌وره‌ها باسی ئه‌وه‌شی كرد كه ئه‌م فێستیڤاڵه ده‌ریده‌خات كه سلێمانی شارێكه وه‌رزشی كچان و ژنان گه‌شه‌ی باشی تیادا كردووه و شاری پێكه‌وه ژیان و ئارامییه و ئه‌م فێستیڤاڵه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی باشه بۆ وه‌رزشی شاره‌كه.
له‌كۆتاییدا مامۆستا زانا وتی: هیوادارم بۆ ساڵانی داهاتوو چاوێكی باشتر به‌م فێستیڤاڵه‌دابخشێنرێته‌وه و پلان و ته‌ركیزی زیاتری پێوه دیاربێت، هه‌وڵیش بدرێت كچانی وه‌رزشكاری ئه‌م شاره فه‌رامۆش نه‌كرێن و گرنگی ته‌واویان پێبدات و به‌سه‌ریان بكاته‌وه، هه‌روه‌ها راهێنه‌ری به‌تواناو به‌ئه‌زمونی دره‌وه‌ی عیراق بۆ تیپه‌كانی كچانی سلێمانی دابین بكات چونكه كچانی وه‌رزشكاری سلێمانی ووزه و توانایه‌كی باشیان هه‌یه‌و ئاماده بوونێكی باشیان له‌وه‌رزشی كوردستان و عیراقیشدا هه‌یه و له زۆربه‌ی وه‌رزشه‌كاندا كچانی سلێمانی نوێنه‌رایه‌تی عیراق ده‌كه‌ن.