هاووڵاتیانی ئامێدی نیگەرانن

تەواونەکردنی پڕۆژەکان و کەمیی خزمەتگوزاری

10:04 - 2024-05-06
ڕاپۆرت
110 جار خوێندراوەتەوە
بەشێکی پڕۆژەکان لە ئامێدی بە نیوەیی ماونەتەوە و تەواو نەکراون

راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی 

رێگه‌ی چه‌پا سركێ له‌ نزیك گۆڕه‌پانی غاز له‌ قه‌زای ئامێدی، ماوەی ساڵێکە بڕیاری نژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی دەرچووە، بەڵام کارەکە بە نیوەیی هێڵراوەتەوە و تەواو نەکراوە. هاووڵاتیان نیگەرانن لە تەواو نەکردنی و دەڵێن، زستان بەدەست قوڕ و لیتە گیریان خواردووە و هاوینیش دروستبوونی تۆز و خۆڵ و بۆنی ناخۆشی ئاوەڕۆی گەڕەکەکە هەراسانی کردوون و داوای زوو دەستکردن بە پڕۆژەکە و تەواوکردنی دەکەن.
بەڵێنەکان نەبوونەتە کردار
شیمال سلێمان هاوڵاتییه‌كی نیشته‌جێی چەپا سکرێیە و دەڵێت، رێگه‌ی چه‌پا سركێ ماوەی ساڵێکە بڕیاری چاککردنی دراوە، بەڵام پشتگوێ خراوە و کاری تێدا ناکرێت، بۆنی ئاوەڕۆی ماڵەکان بێزاری کردوین و چەندین جار داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە دەست بە پڕۆژەکە بکەن، بەڵام هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و چاکنەکراوە.
وتیشی: له‌ وه‌رزی زستان و هاوینیش لەبەر خراپی رێگەکە ژیانمان نییە، چەند رۆژێک لەمەوبەر دووبارە داوامان لە شارەوانی و قایمقامی قەزای ئامێدی کردووە بۆ تەواوکردنی رێگەکە، هەرچەندە بەڵێنیان پێداوین، بەڵام هێشتا وەک خۆیەتی.

 

قائیمقامی قەزای ئامێدی:  ئاگاداری گلەیی و خراپی دۆخی هاووڵاتیانی چەپا سرکێین، هەفتەی داهاتوو کار لەسەر چاککردنەوەی ئەم رێگایە دەکەین و هەوڵ دەدەین بە زوویی تەواوی بکەین

 

قەزاکە بێ خزمەتگوزارییە
ئەحمەد ئامێدی هاوڵاتییه‌كی تری نیشته‌جێی گه‌ڕه‌كی چه‌پا سركێیە وتی، تەنها گەڕەکی چەپا سرکێ نییە گرفتی خراپی رێگەوبانی هەیە، بەڵکو زۆربەی گەڕەکەکانی قەزاکە بێ خزمەتگوزارین و ئەوەش هاووڵاتیانی نیگەران کردووە و داوای جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکەن.
وتیشی، جیا لە قوڕی زستان و تۆز و خۆڵی هاوین، رۆشتنی جۆگەلەی ئاوەڕۆی ماڵان بەناو کۆڵانەکەدا وادەکات ببێتە هۆی کۆبوونەوەی مێش و مەگەز و بەتایبەت کە بەرەو وەرزی هاوین دەڕۆین دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
وارشین سلمان قائیمقامی قه‌زای ئامێدی به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: ئاگاداری گلەیی و خراپی دۆخی هاووڵاتیانی گەڕەکی چەپا سرکێین، هەفتەی داهاتوو کار لەسەر چاککردنەوەی ئەم رێگەیە دەکەین و هەوڵ دەدەین بە زویی تەواوی بکەین.

 

پڕۆژەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی کە لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بەردی بناغەی دانراوە، بە گوژمەی 64 ملیار دینار، تائێستا تەواو نەبووە

 

چەندین پڕۆژەی قەزاکە تەواو نەکراوە
تەنها رێگەی چەپا سرکێ نییە لە قەزای ئامێدی بێ خزمەتگوزارییە چالاکوانان و هاووڵاتیانی سنووری قەزای ئامێدی، نیگەرانن لە کەمی خزمەتگوزاری لە تەواوی قەزاکە و زوو تەواو نەکردنی پڕۆژەکانی سنوورەکە، هەروەها وەستانی کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگی قەزاکە کە کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی ناوچەکە هەیە لەوانە، پڕۆژەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی کە لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بەردی بناغەی دانراوە، بە گوژمەی 64 ملیار دینار، تائێستا تەواو نەبووە، پڕۆژەکانی شوقەی مارێبکا و هاوینە هەواری سیلاڤ و چەندانی دیکە.
قەزای ئامێدی شارۆچکەیەکی دێرینە، بە دووری 90كم دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی شاری دهۆك، سروشتە جوانەكەی کردویەتییە ناوچەیەكی سەرنجڕاكێشی گەشتیاریی، گرنگیدان بە تەواوی قەزاکە لەڕووی جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و باشکردنی ناوچە شوێنەوارییەکان و گەشتیارییەکانی دەبێتە هۆی راکێشانی گەشتیارێکی زۆر بۆ ناوچەکە و دەسکەوتنی داهاتێکی باش بۆ هاووڵاتیانی قەزاکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان