محەمەد موكری: درەختێکی بەردار

10:10 - 2024-05-06
کەلتور
234 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

‎داوەكە پسا
‎دەنكە تەسبیحەكان,
‎پ
‎ە
‎ر
‎ت بوون 
مێز سەرنخوون
‎پێك پڕ لە خوون
‎گارسۆن ورد و خاش
‎موكری، مرد.
«قوبادی جەلیزادە»

محەمەد موكری نووسەر و ئەدیب‌ و رووناكبیرێكی گەورەی كوردستانە ‌و نزیكەی نیوسەدە لە خزمەتی ئەدەب‌ و رۆشنبیری كوردیدا بوو.
موكری ساڵی 1945 لە گەڕەكی قەڵای شاری كەركوك لەدایكبووە.
هەر لە سەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای جیهانی ئەدەب ‌و نووسین بووە‌ و خاوەنی چەندین چیرۆك ‌و رۆمانی ناوازەیە كە دیارترینیان ئەمانەن (سەگوەڕ، تۆڵە، هەرەس، ئەژدیها، نێچیر).
موكری بایەخیشی بەشانۆ داوە ‌و چەند شانۆگەریەكی نووسیوە لەوانە شانۆگەریی (هارونە رەشید، دادگا).
لە بواری وەرگێڕانیشدا شوێن دەستی دیارە ‌و 10 شاكاری شانۆیی گەورە شانۆنووسانی جیهانی بۆ زمانی كوردی وەرگێڕاوە.
محەمەد موكری وەك نوسەرێكی بەهەڵویست چۆتە ریزی شۆڕشی نوێ‌‌ و بەچەك ‌و قه‌ڵه‌م بەرگری لە گەلەكەی كردووە.
هەر لە شاخ موكری بایەخیشی بەكاری رۆژنامەنووسی داوە ‌و لە رۆژنامە ‌و گۆڤارەكانی سەردەمی شۆڕشدا بەرهەمەكانی بڵاوكردۆتەوە ‌و گۆڤاری كەلتوری لەشاخ ‌و پەیڤینی لە شار دەركردووە كە دوو گۆڤاری سەنگین بوون.
هەر لە شاخ چەند چیرۆك ‌و رۆمانێكی نووسی‌و بڵاو كردەوە. لەناو ئەوانەدا رۆمانی سەگوەڕ كە بەشێوازێكی رەخنەیی لەسەر شۆڕش نووسرا بوو، گفتو گۆ ‌و مشتومڕی زۆری لەسەر كرا‌و کاردانەوەی توندی لێكەوتەوە، تا هەڤاڵ مام جەلال هاتە سەر خەت ‌و ئاماژەی بەوە كرد كە دەبێ‌ت قەڵەم بە قەڵەم وەڵام بدرێتەوە‌ و دروشمی نان ‌و ئازادی بۆ نووسەران بەرجەستە كرد.
لە دوای راپەرینیش موكری لە خزمەتكردنی ئەدەبی ‌و رووناكبیری ‌و رۆژنامەنووسی بەردەوام بوو ‌و چەندین بەرهەمی نوێی خستە سەر خەرمانی بەرهەمەكانی دیكەی.
بەداخەوە ئەم كەڵە نووسەرەی كورد لە رۆژی 6ی ئایاری 2012 دا بەنەخۆشی ماڵئاوایی یەكجاریی كرد‌ و لە شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا‌و چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.
درود بۆ گیانی پاكی محەمەد موكری ئەدیب‌ و رووناكبیری گەورەی كوردستان لە ساڵڕۆژی ماڵئاواییدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان