قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەیەکدا رۆژی دووشەممە 13ی حوزەیرانی 2022 لەگەڵ وەزیری کارەبا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای هەرێم کە تایبەت بوو بەپێداچوونەوە بەشێوازی دابەشکردنی کارەبادا، جەختیکردەوە کە دابەشکردنی کارەبا بەشێوازێکی دادپەروەرانە و شەفافانە رێکبخرێتەوە و رەچاوی ژمارەی دانیشتوان و هاوبەشانی هەموو شاروشارۆچکەکان بکرێت.
لەگەڵ ئەوەی مانگی رابردوو تاقیکارییەک کرا بۆ پێداچوونەوە بەدابەشکردنی کارەبا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تاقیکارییەکە دووبارە بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو لایەک دڵنیا ببنەوە لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی کارەبا. پێویستە تاقیکارییەکان وەرزانە و بەپێی گەرما و سەرما دووبارە بکرێتەوە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی داوای لە وەزارەتی کارەبا کرد میکانیزمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ برەودان بە سۆلار سیستم لە هەرێمی کوردستان بەجۆرێک کە هانی وەبەرهێنەران بدرێت بۆ لەمەودا کارەبای کارگە و پڕۆژەکانی خۆیان لەڕێگەی سیستمی سۆلارەوە بەرهەم بهێنن، هەم یارمەتیدەر دەبن لە پاکڕاگرتنی ژینگە و هەمیش کارەبای زیاتر بۆ هاووڵاتیان دابین دەکرێت.