راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا
شەوی پێنجی ئەم مانگە، ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە 234 دوکان و کۆگا سووتان، کە بەشێکیان دوکانی زێڕەنگەری بوون، دوای چوار سەعاتیش، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا.
دوای رووداوەکەش وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووداوە نەخوازراوەکان سەردانی بازاڕی قەیسەریی کردووە و دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا نەبووە.
هاوکات، بۆ دووەم جاریشە لە ساڵی 2018ـەوە، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر بکەوێتەوە و لەمساڵدا چوارەم رووداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوەیە لە بازاڕەکانی هەولێردا.
27ـی شوباتی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، ئەوکات پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: 166 دوکان بە تەواوی سووتاون و نزیکەی 90 کەس بەهۆی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچووە کە 24 کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
دواتر و لە8ـی نیسانی ئەمساڵدا، دووبارە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و ئەمجارە بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی 50 دوکان سووتان، ئەوەش سێیەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە بوو لە بازاڕەکە لە ساڵی 2018ـەوە.
لەوبارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەر لەسەرەتای ئەم مانگەوە ئەوكاتەی بازاڕی لەنگەی هەولێر و بازاڕێكی شاری دهۆك سووتان، داوام كرد ئاستێك بۆ ئەو رووداوانە دابنرێت، ئێستاش كاتێك لە بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر دووبارە دەبێتەوە، ئەوە كارێكی خراپە و نابێت كاسبكاران تەنیا خۆیان لە خەمی ئەوەدابن دوكانەكانیان نەسووتێت و چۆن كەلوپەلەكانیان دەرباز بكەن، بەڵکو ئەرکی حکومەتیشە.
لێکۆڵینەوەکان بێ ئەنجامن
وتیشی: راستە پێشتر لێكۆڵینەوە لەو جۆرە رووداوانە كراوە و لیژنەی جۆراوجۆری بۆ پێكهێنراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەنجام، ئەگەرچی ئەمجارە سەرۆكی حكومەت خۆی سەردانی بازاڕی قەیسەریی كرد و جێگری سەرۆكی حكومەت لەگەڵ پارێزگاری شارەكە لەكاتی رووداوەكەدا لە پەیوەندیی بەردەوامدابوو، بەڵام کاسبکارەکان کە دوێنێ سەردانم کردن و لەنزیکەوە گوێم لێگرتن دەڵێن ئەوە بەس نییە، کە بەرپرسانی حزبی و حکومی وەک بانگەشەی هەڵبژاردن سەردان بکەن بەڵکو پێویستیان بە قەرەبوو و پاراستنی ئەمنییەتە و دەبێت لێكۆڵینەوەی جددی بكرێت لە رووداوەکە لەکاتێکدا فەرمانگەی کارەبا رەتیدەکاتەوە هۆکارەکەی شۆرتی کارەبا بێت.
قەیسەرییەکە هەر بازاڕ نییە کەلتووری شارەکەشە
روونیشیکردەوە کە قەیسەریی هەولێر تەنیا بازاڕێكی ئاسایی نییە، بەڵكو شوێنێكی مێژوویی و كەلتورییە و ناوەندێكی گرنگ و پڕ بایەخی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە، كە ژمارەیەكی زۆر لە خێزانە دێرینەكانی ئەو شارە بەڕێوەی دەبەن، هەر ئەمەش وایكردووە نەک تەنیا لە ناوخۆدا، بەڵكو پەیوەندیی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر و جیهانیشدا هەبێت.
ئاماژەشی بەوەدا، وەك چۆن لە وڵاتاندا شوێن هەیە بۆتە ناسنامەی شار، بازاڕی قەیسەرییش شوێنێكە زۆربەی پێداویستییەكانی تێدایە و كاتێك گەشتیاران دێنە هەولێر، بازاڕەکە بەسەردەكەنەوە، وتیشی: كاسبكاران دڵنیانین لە سەروماڵیان و چیتر ناتوانن وەک جاران پارە و زێڕ و شتی گرانبەها لە قاسەکانیاندا جێبهێڵن داواکارن بەزووترین كات بازاڕەكەیان نۆژەن بكرێتەوە و شەفتی پاککردنەوەی بازاڕەکە زیادبکرێت، چونکە وابڕوات بۆ بەرە جەژنان فریای هێنانی کەلوپەل ناکەون کە وەرزێکی گرنگی کەسابەتە.
قەرەبووكردنەوەی بەپەلەی كاسبكارانی قەیسەری
هەر سەبارەت بە سووتانی قەیسەرییە دێرینەکەی هەولێر، فەهیمە سابیر لێپرسراوی ئیدارەی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ک لە هەولێر بە کوردستانی نوێی راگەیاند: حكومەتی هەرێم كەمتەرخەمە لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی رووداوی ئاگركەوتنەوەکان كە ماوەیەكە لە شاری هەولێردا بۆتە دیاردە و چەند رۆژ جارێك شوێنێك دەسووتێت.
ئاماژەشی بەوەداوە، دەبوو لە شارێكی وەك هەولێردا كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە، سیستمی ئاگركوژێنەوەی پێشكەوتوو جێگیربكرێت و كارمەندی بەتوانا راهێنانیان پێبكرێت.
کەمتەرخەمی دەبینین
لێپرسراوی ئیدارەی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ک لە هەولێر بە كوردستانی نوێی وت: دووبارەبوونەوەی رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی هەولێر، هەموو لایەكی نیگەرانكردووە و پێویستە ئاستێك بۆ ئەو رووداوانە دابنرێت، تا چیتر كاسبكاران و خەڵكی شارەكە زەرەرمەند نەبن.
وتیشی: پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی ئیدارەی شارەكە بە زووترین كات و بەبێ دواكەوتن قەرەبووی زیانلێكەتووان بكەنەوە و تەنیا بەڵێنیان پێنەدەن و جێبەجێ نەكرێت، لەو بارەیەشەوە ئەوەی تائێستا هەیە كەمتەرخەمی دەبینین.
بیمەکردنی کاسبکاران
ئەو لێپرسراوەی یەکێتی پێشیوابوو: پێویستە حكومەت لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بیمەی كار بۆ كاسبكاران و دوكانداران دابین بکات، تا لەكاتی هەر رووداوێكی لەو جۆرەدا بەشێوەیەكی یاسایی قەرەبووی لانیکەم بەشێکی زیانەکانیان بۆ بكرێنەوە و هەموو زیانەکان نەکەوێتە ئەستۆی خۆیان، بەتایبەتیش كاسبكارانی بازاڕێكی دێرینی وەك قەیسەریی هەولێر كە نەدەبوو بەو جۆرە كەمتەرخەمی بەرامبەریان هەبێت و رێگە بە كارەساتێكی لەو جۆرە بدرێت.
فەهیمە سابیر ئاماژەشی بەوەدا، جگە لەوانە دەبێت لە شارێكی گەورەی وەك هەولێردا سیستمی ئاگر كوژێنەوەی باشتر جێگیر بكرێت و تیمی راهێندراوی ئاگركوژێنەوەمان هەبێت و ئامێری سەردەمیانە دابین بکرێت، تا لەكاتی ئەو جۆرە رووداوانەدا كەمترین زیان بەر هاووڵاتیان و كاسبكاران بكەوێت.