فێدرەر پێویستە زیاتر چاوەڕێ بكات

10:30 - 2022-06-14
وەرزش
288 جار خوێندراوەتەوە

رۆجێر فێدرەری ئەفسانەی تێنسی سەرزەوی دانی بەوەدانا كە هێشتا دەبێت كەمێكی تر چاوەڕێ بكات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناو یاریگاكان بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییەكان و دوپاتی كردەوە دڵنیا نییە لەوەی بەشداری جامی لاڤەر دەكات كە كۆتایی مانگی ئەیلول دەكرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ساڵێكە دابڕاوە.
فێدرەر رایگەیاند جار جار لەگەڵ منداڵەكانی یاری دەكات بەڵام چاكبوونەوەی بە هێواشی بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی لەماوەی ساڵێك و شەش مانگ سێ نەشتەرگەری لە ئەژنۆی بۆ كرا.
فێدرەر وتی: نەشتەرگەریم لە كۆتایی مانگی ئاب بۆ كرا، لەو كاتەوە دەمانزانی گەڕانەوەم زۆری پێدەچێت، هەمیشە پرسیارم لێدەكرێت دۆخم چۆنە و هەمیشە دەبێت وەڵام بدەمەوە كە پێویستم بە كەمێك كاتی تر هەیە.
وتیشی: پێویستە ئارام بگرم بۆ ئەوەی مانگەكانی داهاتوو باشتر دۆخم باش بێت.
فێدرەر كە خاوەنی 103 نازناوە ساڵی 2020 شەش یاری كردوەو ساڵی 2021یش بەشداری 13 یاری كرد و ئەم وەرزەش هێشتا هیچ یارییەكی نەكردوە.
یەكەم پاڵەوانێتیش كە تا ئێستا بەشداری كردنی فێدرەری راگەیاندوە پاڵەوانێتی بازلە كە كۆتایی مانگی ئۆكتۆبەر دەكرێت، بەڵام ئەو یاریزانە دڵنیا نییە لەوەی كە دەتوانێت بەشداری بكات یاخود نا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان