مۆ دۆنگال توانی 154مین پێشبڕكێی بەناوبانگی ئەسپ سواری بلمۆنت بباتەوە كە لە نیویۆركی ئەمریكا بەڕێوەچوو.
ئەم پێشبڕكێیە یەكێكە لە پێشبڕكێ بەناوبانگەكانی جیهان و جەولەی سێیەمی پاڵەوانێتی تاجی سیانی ئەسپسواری ئەمریكایە كە خەڵاتی پێشبڕكێكە ملیۆنێك و 500 هەزار دۆلارە.
پێشبڕكێكە لە گۆڕەپانی بلمۆنت بەڕێوەچوو كە ماوەكەی میلێك و نیوە و مۆ دۆنگال توانی ئەو ماوەیە بە 2 دەقیقە و 28 سانیەو لەسەدا 28ی سانیەیەك ببڕێت.
مۆ دۆنگال بەجیاوازییەكی كەم پێش نیست كەوت كە ئەویش موڵكی تۆد بلیچەری راهێنەرە كە ئەمە شەشەم سەركەوتنی ئەو راهێنەرە بوو لەو پاڵەوانێتییە.
بۆ چوارەم ساڵ لەسەریەك 3 ئەسپی جیاواز توانیان پلەی یەكەمی 3 پێشبڕكێكەی ئەم پاڵەوانێتییە ببەنەوە كە ریچ سترایك پێشبڕكێی كینتاكی و ئێرلی ڤۆتینگ پێشبڕكێی برێكنیسی بردەوە.