چەندین چوارڕیان كراونەتە دووڕیان

شەقامەكانی هەولێر پێویستییان بە تونێل و بەرزە پردە

09:34 - 2024-05-12
ڕاپۆرت
593 جار خوێندراوەتەوە
یەکێك لە چوارڕیانە گیراوەکانی هەولێر و کردنی بە دووڕیان

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد


بەهۆی فراوانبوونی شاری هەولێر چەندین چوارڕیان لە شەقامەكانی شارەکەدا بوونیان هەیە، بەڵام ئێستا بەهۆی قەرەباڵغی و پڕبوونی شەقامەكان لە ئۆتۆمبێل و دروست نەكردنی بەرزە پرد و تونێل، شارەوانی هەولێر بە هەماهەنگی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی شارەكە ناوەڕاستی چەندین چوارڕیانی شارەكەیان بەكۆنكرێت داخستووە و كراونەتە دووڕیان، ئەمەش وایكردووە ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لە دووڕیانی سەرەكی بە شەقامەکەدا گوزەر دەكەن بەبێ وەستان هاتووچۆ بكەن، بەڵام ئۆتۆمبێلەكانی دووریانەكەی تر تووشی گرفت ببن و رێگەیەکی دوور ببڕن بۆ ئەوەی یوتێرن بکەن.

 جێگری پارێزگاری هەولێر: 
توێژینەوە كراوە و دەرخستەش بۆ دروستكردنی بەرزە پرد و تونێل كراوە، بەڵام بەپێی هەبوونی بودجەی بەردەست و پێویست، كارەكان دەکرێن.

نەبەز حسێن هاووڵاتییەکی شاری هەولێرە بەهۆی كاری رۆژانەی هاتوچۆ بە چەندین شەقامی شارەكەدا دەكات و دەڵێت: رۆژانە بەو شەقامانەدا هاتوچۆ دەکەم کە لە چوارڕیانەوە کراونەتە دووڕیان و دەبێت رێگەیەکی دوور ببڕم بۆ پێچکردنەوە، ئەوەش گرفتی درەنگ کەوتنی بۆ دروست کردوم.
وتیشی، ئەو كارەی شارەوانی و هاتوچۆی هەولێر کردویانە چارەسەری كێشەی قەرەباڵغی پێ ناکرێت، قەرەباڵغی ئەو شەقامانە بە دروستکردنی بەرزە پرد چارەسەر دەکرێت، نەک رێگە گرتن و دورخستنەوەی پێچکردنەوەی شۆفێران.

خنکانی هاتوچۆ
لەوبارەیەوە عەبدولقادر سدیق شارەزا لە بواری هاتوچۆ بەكوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ بەدواداچوونی جدی دەكەن بۆ ئەوەی رێڕەوی رێگەكان بگۆڕن بەشێوەیەك بتوانن كۆنتڕۆڵی قەرەباڵغی شەقامەكان بكەن، ئەو چوارڕیانانەشی بۆ ئەو مەبەستە دادەخرێن ترافیك لایتیان بۆ دانراوە كە بەهۆیانەوە وەستانی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل وەك سەرەی لێدێت كە دەبێتە هۆی خنكانی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و مەترسی بۆ شۆفێران و سەرنشینان وەك سووتانی ئۆتۆمبێل كە ئەوانی نزیكیشی دەگرێتەوە یان ئۆتۆمبێلی نەخۆش فریای نەخۆشخانە ناكەوێت، یان كارمەندان وەک پێشتر لەکاتی دیاریکراو ناگەنە فەرمانگەکانیان، بۆیە گرتنی ئەو چوارڕیانانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی هاتوچۆ رێگەچارەی بنەڕەتی نییە و خنكانی هاتوچۆیە.
وتیشی: چارەسەركردنی کێشەی قەرەباڵغی شەقامەکان بە دروستكردنی تونێل و بەرزە پرد دەكرێت، نەک کردنی چوارڕایانەکان بە دووڕیان، بۆیە هیوادارم چاكسازی لەبواری هاتوچۆدا بكرێت بۆ ئەوەی گرفتی زیاتر لە شەقامەكاندا دروست نەبێت.

لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی گشتی
داخستنی ئەو چوارڕیانانە بەپارچە كۆنكرێتی گەورە كە مەبەست لێی لابردنیەتی لەكاتی پێویست دیمەنێكی ناشیرینی بەچوارڕیانە داخراوەكان بەخشیوە كە دەكرا وەك شۆستەی هەمیشەیی داخرێن و گوڵ و دار و چیمەنی تێدا بڕوێنن ئەوكات دیمەنێكی جوانیشی بە شەقامەكە دەبەخشی.
هاوکات هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەڕێوبەرایەتی ئەندازەی هاتوچۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان پێشتر توێژینەوەیەكی وردی ئەندازەییان كردووە كە خەمڵاندنیان بۆ ژمارەی ئۆتۆمبێل و كات و رێژەی رووداوی هاتوچۆ كردووە بە چ ئاستێك كەم یاخود زیاد دەكات، ئینجا هەموو ئەو شوێنانەیان داخستووە كە لەبەرژەوەندی گشتیی بووە و داخستنیشیان سەركەوتوو بووە و لە بەرژەوەندی شوفێران و سەرنشینانە.
وتیشی: توێژینەوە كراوە و دەرخستەش بۆ دروستكردنی بەرزە پرد و تونێل كراوە، بەڵام بەپێی هەبوونی بودجەی بەردەست و پێویست كارەكان دەکرێن.
هەر سەبارەت بەو كێشەیە پەیوەندیمان بە بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر كرد كە لایەنی سەرەكی ئەو بابەتەیە، بەڵام دوای چەندین پەیوەندیكردن ئامادەنەبوون وەڵامی پرسیارەکانمان بدەنەوە.
شاری هەولێر خاوەنی چەندین شەقامی سەرەكی و چوارڕیانە، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكانی بەردەوام كێشەی قەرەباڵغی و خنكانی هاتووچۆی تێدا دروست دەبێت كە یەكێك لەو شوێنانە چوارڕیانەكانە.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان