كۆی قەرزی جیهانی گەیشتۆتە 315 تریلیۆن دۆلار

11:04 - 2024-05-15
ئابووری
105 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتێكی ئەم دواییەی پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی ئاشكرایكردووە كه‌ كۆی قەرزە جیهانییەكان لە ماوەی چارەكی یەكەمی ساڵی 2024دا گەیشتۆتە ئاستێكی پێوانەیی نوێ و بڕی 315 تریلیۆن دۆلار بووە.
پەیمانگاكە لە راپۆرتەكەیدا رایگەیاندووە، قەرزی جیهانی لە ماوەی چارەكی یەكەمی ساڵی 2024دا بە بەراورد بە ئامارەكانی چارەكی كۆتایی ساڵی رابردوو بە بڕی 1.3 تریلیۆن دۆلار زیادیكردووە.
بەرزبوونەوەی كۆی گشتی قەرزە جیهانییەكان لە كاتێكدایە كە رێژەی سوودی دراوە سەرەكییەكان كە دۆلار پێشەنگایەتی دەكات، لە ماوەی 23 ساڵدا بە بەرزی ماوەتەوە و %5.5، لە كاتێكدا هیندستان و چین بەردەوامن لە زیادەڕۆیی لە قەرزكردندا.
پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لەوەی هەوڵەكانی دوای پەتای كۆرۆنا بۆ كەمكردنەوەی قەرزەكان گەیشتۆتە كۆتایی، بەهۆی كەمكردنەوەی باج و زیادكردنی خەرجییەكانی حكومەتەكانەوە. پەیمانگاكە دەڵێت: «زیادبوونەكە بە پلەی یەكەم بەهۆی بازاڕە تازەپێگەیشتوەكانەوە بووە، كە قەرزەكان بۆ ئاستێكی بێوێنە بەرزبوونەتەوە و لە 105 تریلیۆن دۆلار تێپەڕیوە.»
مانگی رابردوو سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداریدا لەوەی كە كۆی قەرزەكانی هیندستان تا كۆتایی ئەم دەیەیە دەتوانێت قەبارەی ئابووریی وڵاتەكەی تێپەڕێنێت، چونكە ساڵانە چەندین ملیار دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی كارەساتە سروشتییەكان خەرج دەكات و بەشێکی زۆری ئەو خەرجییەش قەرز دەکات.
سەرچاوە: ئاژانسی ئەنادۆل

بابەتە پەیوەندیدارەکان