بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کۆنگرێسمان رۆبەرت ئادەرهۆڵت، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنی گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە و دوورخستنەوەی ململانێكان كرایەوە.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەكێتیی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پاراستنی یەكڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان كرد و وتی، هەوڵەكانمان بۆ هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی تەندروست و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكی شایستەیە بە هاووڵاتییانمان، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هەڵبژاردنێكی بێگەردە كە ببێتە مایەی سەقامگیریی هەرێمەكەمان.
لەبارەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و پرسی وزە، سەرۆك بافڵ ئاماژەی بەوەكرد، دروستكردنی هێزێكی نیشتمانی، فاكتەری بەهێزی پاراستنی ناوچەكەمان و دوورخستنەوەی مەترسییەكانە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەكە.
وتیشی، بەڕێوەبردنی كەرتێكی گرنگی وەك وزە، پێویستی بە بیركردنەوەیەكی نوێ و نیشتمانییانە هەیە، هەوڵەكانی ئێمەش لەو چوارچێوەیە و دەمانەوێت ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك.