گوڵبژیرێک لەرووماڵی میدیای جیهان

10:24 - 2024-05-19
جیهان
156 جار خوێندراوەتەوە

سزادانی سەرکردەکانی (HDP)  لە میدیاکانی ئەڵمانیادا
سزادانی سه‌ركرده‌كانی پارتی دیموكراتی گه‌لان (سەلاحه‌دین ده‌میرتاش، ئه‌حمه‌د تورك و فیگەن یوکسەگداغ» لەلایەن دادگای ئەنقەرەوە میدیای ئەڵمانیای هێنایە قسە و چڕی ئەو هەواڵەیان بڵاوکردەوە، لەوبارەیەشەوە لە سایتی کەناڵی تەلەفزیۆنی ZDF  دا هاتووە: «ئەو دادگاییکردنە لە تۆڵەی شکستی پارتی داد و گەشەپێدانە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی رابردوودا و شارەزایان دەڵێن: ئەمە پلانە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ گۆڕینی دەستوورەکەیان، کە دەیانەوێت بە دەستوور دەرفەت بدەنە رەجەب تەیب ئەردۆگان کە خولێکی دیکەش لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوانە پرسەکە ئاڵۆزتر دەکات.
 رۆژنامەی تاگسزایتۆنگ Taz -یش لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە «هەرچەندە لەناو زیندانیشدایە، بەڵام دەمیرتاش کەسایەتییەکی کاریزماییە لە سیاسەتی تورکیادا و ئەردۆغان حیسابی تایبەتی بۆ دەکات و بە مەترسی بۆ سەر پێگەی خۆی دەزانێت»، ئەگەرچی لەلایەن دادگای ئەوروپاوە داوای ئازادکردنی کراوە، بەڵام ئەنقەرە گوێی پێنەداوە و ئەو سزا قورسەشی بەسەردا سەپاند.
هەوڵی تیرۆری  سەرۆک وەزیرانی سلۆڤاکیا
کۆتایی هەفتە «رۆبەرت فیکۆ» سەرۆک وەزیرانی سلۆڤاکیا تەقەی لێکراو بەخەستی بریندارکرا و هێشتا دۆخی تەندروستیی زۆر خراپە لەوبارەیەشەوە رۆژنامەی مۆسکۆ تایمزی The Moscow Times    روسیا نووسیوێتی: «ململانێی دەسەڵات لەو وڵاتە لەنێوان دوو بەرەدایە یەکەمیان لە کریملینەوە نزیکن، ئەوەی دووەمیان پارتە بەرهەڵستکارەکانن کە پشتیوانی لە ئەوروپا و ئۆکرانیا دەکەن، ئەو دووبەرییەش ئەم هەوڵەی لێکەوتەوە کە لە مێژووی سلۆڤاکیادا کاری وا نەکراوە. 
سەردانی پوتین بۆ چین
پێگەی کەناڵی NDR ی ئەڵمانیا لە باسی سەردانەکەی کۆتایی هەفتەی رابردووی (فلادیمێر پوتین)ی سەرۆکی روسیا بۆ چین، نووسیوێتی سەردانی سەرۆکی ئەو دوو وڵاتە بۆلای یەکتر ئاماژەیەکە بۆ یەکگرتویی و یەکهەڵویستیان لەسەر کێشە جیهانییەکان، ئەوان دەیانەوێت بە جیهان بڵێن: «ئێمە لە دژی سەرانی خۆرئاوا دەوەستینەوە». 
کەناڵەکە لەزاری میدیای چینەوە رایگەیاندووە کە « شی جینگ بینگ» سەرۆکی چین ئاشکرایکردووە کە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەرگیز وەک ئێستا بەهێز نەبووە و لە توانجێكیشدا کەناڵەکە ئاماژەی بەوە داوە کە سەرۆکی چین لەگەڵ ستایشی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا، بەڵام هەمیشە خۆی وەک نێوەندگیرێکی میانڕەو نیشاندەدات لەچارەسەرکردن و راگرتنی جەنگی ئۆکرانیادا.
تۆڕی میدیای DW دۆیچەڤیللاش لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردۆتەوە کە لەدوای دەستپێکردنی جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە ئەوە سێیەمین سەردانی پوتینە بۆ چین، ئەمەش لەخۆڕا نییە بەڵکو لە ئەنجامی ئەو تێگەیشتنەیە کە چین ئاسەواری هەموو ئەو سزا ئابووریانە چارەسەر دەکات کە ئەمریکا و ئەوروپا بەسەر روسیادا سەپاندویانە.
 رۆژنامەی «جمهوریەت»ی تورکیش نوسیوێتی، بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە 228 ملیار دۆلارە کە رەنگی بەسەر بەسەر سیاسەتی هەردوولادا داوەتەوە و ئەوان بەو هاوپەیمانییە ستراتیژییەیان دەیانەوێت سیستمێکی نوێی جیهانی دابمەزرێنن.


خۆپیشاندان لە جۆرجیا
لەسەر خۆپیشاندان ناڕەزاییەکانی جۆرجیاش لەدژی یاسا نوێیەکەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کە ئازادیی رۆژنامەگەری کۆتوبەند دەکات، رۆژنامەی  ڤێساوی Visao ی پورتوگالی نووسیوێتی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا رای گشتی جۆرجیای کردۆتە دووبەشەوە و ئەو کۆمەڵگەیەی لەتکردووە، نیوەیان دۆستی روسیان و نیوەکەی تریشیان لەگەڵ ئەوروپادان، میدیاکەشیان بەهەمان شێوە دابەشکردووە و لە دەرەوە سۆۆنسەر دەکرێت.
هەروەک دەڵێت: حکومەتەکەیان سێبەری کریملینە و بەشی زۆری دانیشتوانەکەشیان بەتایبەتی تەبلیسی پایتەخت لەگەڵ خۆرئاوادان و خوازیارن وڵاتەکەیان بچێتە ناو یەکێتیی ئەوروپا و خۆیان بە نەیاری روسیا دەزانن.
سایتی دەزگای کارنیگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتیش کە بارەگای سەرەکی لە ئەمریکایە، دەڵێت: ئەو وڵاتە 33 ساڵە سەربەخۆیی وەرگرتووە، بەڵام گەنج و لاوەکانیان هیوا و ئامانجی زیاتریان هەیە و دەیانەوێت وەک وڵاتانی ئەوروپا ئازاد بن و مۆدێرنانە بژین، «ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن، بزووتنەوەیەکی سەربەخۆخوازن و سەربە هیچ حزبێک نین، بەڵکو دەیانەوێت ئەو پڕۆژەیە سەربگرێت کە یەکێتیی ئەوروپا پیشنیازی کردووە بۆ بوونە ئەندامی ئەو وڵاتە لەناو یەکێتییەکەدا.


کابینەی نویی هۆڵەندا
لەدوای سێ مانگ لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتی هۆڵەندا (خێرت وێلدەرز) سەرۆکی پارتی لەپێناو سەربەستی VVD  کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەیە لەگەڵ هەردوو پارتی ئازادیی لیبرالی و پارتی جووتیارە ناڕازییەکان BBB گەیشتنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ئیئتیلافی، لەسەر ئەم هەواڵە تازەیە رۆژنامەی دی تەلەگرافی هۆڵەندی پێیوایە ئەمە دوایین دەرفەت بوو لەبەردەم پرۆسەی سیاسی ئەگەر سەرنەگرێت، ئەوا دەبێت هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، ئیئتیلافی سێ لایەن لەنێوان چوار لایەنی بەشداربوودا، ئەمە بۆ ئێستا وەک سیناریۆیەکی ناپەسەند خۆی دەنوێنێت، چونکە لەلایەک متمانەیەکی پتەو لەنێوانینادا نییە، بۆیە ناتوانین بڕیار بدەین کە ئایا ئەجێندای پراکتیکی حکومەت چۆن دەبێت.
رۆژنامەی لۆبینیۆن  L’Opinion ی فەرەنسیش لەسەر ئەو هاوپەیمانییە و مەترسیی چوونە دەرەوەی وڵاتەکە لەناو ئەوروپا نووسیوێتی: (خێرت وێلدەرز) کەسێکی توندڕەو و راسیستە، ئەو دەیەوێت وڵاتەکەی لە یەکێتیی ئەوروپا بباتە دەرەوە، بەڵام ئەوە ناکرێت، چونکە بەرلەوە ئەم هەوڵانە هەبوون شکستیان هێناوە، بۆنمونە (سباستیان کوترس)سەرۆک وەزیرانی نەمسا و (ڤیگتۆر ئۆربان)ی سەرەک وەزیرانی هەنگاریا و (جۆرجیا میلۆنی) سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، ئەمانە هاوبەشی یەکن لە سیاسەتدا و یەک ئەجێندایان هەیە، بەڵام ئەم کەیسەیان نەخستە ناو بەرنامەی کابینەی حکومەتەکەیانەوە چونکە رای گشتی لەگەڵیدا نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان