ئەنوەر قەرەداغی: سرودی مەشخەڵان لەسەر داوای سەرۆك مام جەلال بەرهەم هێنراوە

10:38 - 2024-05-19
دیدار
353 جار خوێندراوەتەوە
مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی لەکاتی پێشکەشکردنی کۆڕەکەی لەشەقامی جمهوری لەکەرکوک

هەندێكجار كە بە مێژووی گەلێكدا دەچیتەوە، دەبینیت جوانترینەكانی بریتین لە هونەر و موزیك و كەلتور و رەسانەیەتی، گەلی كوردیش لەو بوارەوە هەنگاوی باشی ناوە و خاوەنی سەدان موزیكژەن و ئاوازدانەر و هونەرمەندی گەورەیە، ئەنوەر قەرەداغی ناوێكی بڵند و ئەستێرەیەكی درەوشاوەی ئاسمانی هونەری كوردییە و لەسەر دەستی ئەو سەدان هونەرمەند پێگەیشتوون و خاوەنی سەدان شاكاری هونەری لە بیرنەكراوە، ئەو ئامادەكار و دابەشكاری موزیك و ئاوازدانەر و مایسترۆی گەلی كوردە و جگە لە كوردستان لە زۆربەی وڵاتانی دونیاش بەشداری كۆنسێرت و كۆڕی هونەری و خولی تایبەت بە موزیكی لە ئاستی ناوچەكە كردووە و سرودە نەتەوەییەكانی وێردی سەر زمانی هەموو تاكێكی كوردە و بۆ هەمیشە بەرهەمە جوان و بە پێزەكانی لە هزر و دڵی گەلەكەیدا دەمێنێتەوە، تواناو لێهاتوویی و بەهرە و شاكارەكانی بوونەتە جێی سەرنجی هەموو تاكێكی كورد، كە بەسەردانێك هاتبووە كەركوك و بە دیداری شادبووین و ئەم دیمانەیەمان لەگەڵیدا کرد.

دیمانە – محەمەد تاهیر


كەركوك
بۆ من تایبەتمەندیی خۆی هەیە و شارێكی هونەریی و رۆشنبیرییە

 

*هونەری كوردی لە ئێستادا چۆن دەبینیت؟
- هونەر بە گشتی جاران پیرۆز و تاسەشكێن بوو، ئەوكات زەحمەتی و ماندوێتی زۆرمان دەبینی تا بەرهەمێك تۆمار بكەین، سەرەتا بە گۆرانییەكانی ئوم كەلسوم و عەبدولحەلیم و فەرید ئەترەش دەستمان پێكرد، دواتر بیرمانكردەوە چۆن دەبێت ئێمە گەلێك بین و هونەری خۆمانمان نەبێت، بۆیە لەوكاتەوە بڕیارماندا هونەری رەسەنی خۆمان هاوشێوەی هونەری دیكەی وڵاتان پەرەپێبدەین و گەشە بە میوزیكی كوردی بدەین، ئەو كات هونەر زۆر جوان و كاریگەربوو، بەڵام هونەری ئێستا هێندە خێرا و سادەیە زۆریان لە لەفەی سەندویچ دەچن، چۆن برسیتە و دەتەوێت بەدەم رێگاوە بیخۆیت بۆ ئەوەی بە كاتی برسێتیت بشكێنیت.
* هونەری راستەقینە چییە و چۆنە؟
- هونەری راستەقینە دەبێت خاوەنی بیر و باوەڕ بێت، واتا هەڵگری فكر بێت، ئەگەر نا ئەوە هەرچییەك بێت هونەر نییە، سامانی هەر وڵاتێك هونەر و كەلتور و رەسانەیەتییەكەیەتی ئەگەر هونەر لەهەر میللەتێك بسەنیتەوە مایەپووچ دەبێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا بە هۆی ئەم جەنجاڵی و ئاڵۆزییەی لەبواری هونەریدا پەیدا بووە و گرنگی نەدان بە رەسانایەتی خەریكە رابردووی جوانی هونەریمان لە بیر دەكرێت.
*  كێ هۆكارە لەوەی بەسەر هونەری كوردیی رەسەندا هاتووە؟
- بەشێكی خودی هونەرمەند خۆیەتی و بەشێكی ئاستی گوێگرتنی خەڵكە، بەشێكیشی حكومەت و دەسەڵاتە و هەندێجاریش كەناڵەكان هۆكارن بۆ ئەوەی ئەو هەموو بەرهەمە هونەرییە خراپانە پەخش و بڵاو دەكەنەوە، بەشەكەی تریشی سەردەمەكەیە، سەردەمی ئێستا هاوشێوەی جاران نییە، پێویستە بۆ هەموو ئەوانە سانسۆرێك و میكانزمێك هەبێت و رێگە نەدرێت بابەتی كرچ و كاڵ تەشەنە بكات و پارێزگاری لەهونەر و كەلتوری كورد لەهەموو بوارەكاندا بكرێت.
* چی هۆكارە بۆ پێشكەوتنی هونەری كوردی تا لەئاستی جیهانیدا بناسرێت؟
-  نەبوونی كیان و دەوڵەتی كوردی هۆكارێكی سەرەكییە كە هونەرمان وەكو پێویست نەگەیشتۆتە وڵاتانی دنیا، سەرباری هەوڵە بەردەوامەكانی بەشێك لە هونەرمەندانیشمان لە وڵاتانی دەرەوە و بەشداریكردنمان لەسەدان كۆنسێرت و ئاهەنگی نەتەوەیی، بەڵام لەبەر ئەوەی وەكو گەلی كورد وڵاتمان نییە، هونەری كوردی نەیتوانیوە خۆی بە جیهانی دەرەوە وەكو پێویست بناسێنێت، بۆیە هەوێنی سەركەوتن و گەیاندنی هونەرەكەمان بە دنیای دەرەوە بوونی وڵاتێكی كوردییە.
* كەركوك لەكوێی هونەری كوردیدایە؟
- كەركوك بۆ من تایبەتە و ساڵانێكی زۆر لەم شارە كاری زۆر باش و ناوازەمان كردووە و زۆرینەی خەڵكەكەی شەیدا و هەواداری هونەری جوان و بەپێزن، خاوەنی دەیان هونەرمەندی گەورەیە هاوشێوەی عەلی مەردان و سەڵاح داودە و شكور خەیات و حوسێن عەلی و چەندین هونەرمەندی دیكەشە، ئەمە جگە لە چەندین مەقام و شاكاری جوان كە مۆركی ئەو شارەی پێوەیە و سەدایەكی زۆر باشیان هەبووە، بۆیە دەتوانین بڵێین كەركوك لەناو هونەری راستەقینەی گەلی كورد دایە.
* سرودی مەشخەڵان چۆن لات گەڵاڵە بوو، كە سرودێكی نیشتمانیی گرنگە بۆ گەلی كورد؟
- سرودی (مەشخەڵان)م لەسەر داوای سەرۆك مام جەلال دانا، ئەو كات ئەو لەشاخ بوو منیش لە ناو شار بووم، سەرەتا بەدەنگی خۆم و كچەكەم تۆمارمان كرد، دواتر بە سەرۆك مام جەلال-م وت بۆتانم ناردووە پێم خۆشە سەرنج و تێبینەكانتان بنێرن بۆم، جەنابیان وتیان خۆت ئەركی هەمووی لەئەستۆ بگرە و تۆماری بكە من هیچ ناڵێم! ئیتر دواتر بە شێوازی كۆرس تۆمارمان كرد و خۆشبەختانە ئەو بەرهەمە جوانەی لێدەرچوو، وەكو خۆم شانازی بە سرودی مەشخەڵان و هەموو سرودەكانی دیكەشەوە دەكەم، چونكە بۆ خزمەتی میللەتەكەم بووە و جەماوەریش زۆر لێی رازی بوون، دەتوانم بڵێم مەشخەڵان بۆتە ناسنامەیەك لای هەموو تاكێكی كورد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هونەری باڵا و كاریگەر بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
* تا چەند لە ئاستی فێستیڤاڵەكان رازیت، یاخود تا چەند پێتوایە فێستیڤاڵی هونەری باڵا لە کوردستان کراوە؟
- ئێمە چەندینجار پێشنیازی کردنی فێستیڤاڵمان لەشارەكانی كوردستان كردووە هەر جارێ بە ناوی یەكێك لەهونەرمەندە گەورەكانی كورد، بەڵام بەداخەوە لایەنی پەیوەندیدار بەهیچ جۆرێك بە دەنگمانەوە نەهاتوونە و زیاتر سەرقاڵی كاری دیكە بوون كە رەنگە بە هیچ جۆرێك سوودێكی ئەوتۆیان نەبووبێت بۆ بواری هونەریی، گرنگە كاتێك كە فێستڤاڵێكی هونەری دەکرێت لەسەر بنەمای زانستی و ئەكادیمی و رەسانەیەتی بێت تا لەو رێگەیەوە خزمەتێك بكرێت نەك بۆ خۆبردنە پێشەوە و خۆدەرخستن بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان