رەوەز ئیسماعیل
یارییەكانی خولی نایابی تۆپی پێی یانەكانی ئینگلتەرا، دوا هەنگاوی دەنێت و ئەمشەو یەكشەممە سەرجەم یارییەكانی دوا هەفتە (هەفتەی 38) لە یەك كاتدا سەعات 6 ی ئێوارە فیكەی دەستپێكیان بۆ لێدەدرێت.
ئەوەی لە یارییەكانەوە دەردەكەون ، یەكەمیان نازناوی پاڵەوانی ئەمساڵی خولەكەیە كە یارییەكانی ئەم هەفتەیەی خولەكە دیاریی دەكەن، هەردوو یانەی مان سیتی و ئەرسناڵ دوا ململانێیان لەسەر ئەم نازناوە دەكەن، مان سیتی 88 خاڵی هەیەو یەكەمەی ریزبەندییە، ئەرسناڵی ركابەریشی 86 خاڵی هەیەو دووەمی ریزبەندییە، یاریی هەردوو یانەكەش لەم هەفتەی كۆتاییەدا بەمشێوەیەیە:
*مان سیتی × وێستهام.
*ئەرسناڵ × ئیڤەرتۆن.
مان و ئەرسناڵ لە یاریگای خۆیاندا یاریی دەكەن، وێستهام و ئیڤەرتۆن كە بەرامبەریان یاریی دەكەن، ئەنجامی یارییەكان هیچ گرنگییەكیان بۆیان نییە، نە ململانێ لەسەر خولەكانی ئەوروپا دەكەن، نە مەترسی دابەزینیشیان لەسەرە، دوا فیكەی ئەم دوو یارییە پاڵەوانی ئەمساڵی خولەكە دەردەخات.
لەمانەش گرنگتر ئەوەیە كە هەرچوار یانەی (مان سیتی و ئەرسناڵ و لیڤەرپوڵ و ئەستۆن ڤێللا) یەكەم تا چوارەم یانەی ئەم خولەن كە وەرزی ئایندە بەشداریی چامپیۆنس لیگی ئەوروپا دەكەن و ئەم جەولەیە لە یارییەكان هیچ لەم مەسەلەیە ناگۆڕێت.
تۆتنهام و چێڵسی و نیوكاسڵ-یش ركابەریی توندیان هەیە بۆ سەركەوتن بۆ هەردوو خولی یۆرۆپا لیگ و كۆنفرانس لیگ، یاریی ئەم هەفتەیەیان ئەو خولانە دەردەخەن كە ئەم سێ یانەیە وەرزی ئایندە یارییان تیادا دەكەن، تۆتنهام تا ڕادەیەكی زۆر یۆرۆپا لیگی مسۆگەر كردووە، یارییەكانی ئەم سێ یانەیەش لەم هەفتە نوێیەدا بەمشێوەیەیە:
*شیفیڵد × تۆتنهام.
*چێڵسی × بۆرنمۆس.
*برینفۆرد × نیوكاسڵ.
شایانی باسە هەرسێ یانەی لۆتۆن تاون و بێرنلی و شیفیڵد یونایتد دابەزینیان بۆ خولی پلە یەك مسۆگەر بووە.