بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ هۆکارە

بێ بازاڕیی ئاژەڵ فرۆشانی حاجیاوا

09:28 - 2024-05-20
ڕاپۆرت
391 جار خوێندراوەتەوە
مەیدانی ئاژەڵ فرۆشانی حاجیاوا یەکێکە لە بازاڕە گەورەکانی فرۆشتنی ئاژەڵ

راپۆرتی/ جێگر خدر

هەموو ساڵێک، لە وادەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، مەیدانی ئاژەڵ  فرۆشانی حاجیاوا، کە یەکێکە لە بازاڕە بەنێوبانگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی ئاژەڵ جمەی دەهات، بەڵام ئەمساڵ نرخی گۆشتی سوور هێندە بەرزبۆتەوە، ئاژەڵفرۆشان دەڵێن: بازاڕ وەستاوە و تاکوتەرا ئاژەڵ دەفرۆشن.

گرانی نرخی ئاژەڵ
لەپاڵ بەرهەمی ناوخۆ، ساڵانە ئاژەڵی سووری و ئێرانی بازاڕەکانی ئاژەڵ فرۆشتنیان گەرمتر دەکرد، زۆریی ئاژەڵ نرخیشی هەرزانتر دەکرد، بەڵام کەمبوونەوەی هێنانی ئاژەڵ بەهۆی زۆری رێژەی باج لە سنوورەوە بە رەسمی و راگرتنی هێنانی بە تەواوەتی لە ساڵی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، وایکرد نرخی ئاژەڵ و دواتر گۆشتی سوور بەرز ببێتەوە و ئاژەڵ فرۆشان رووبەڕووی بێبازاڕی بکاتەوە.
سەید عەبدولڕەحمان لە مەیدانی حاجیاوای ئیدارەی راپەڕین پیشەی ئاژەڵفرۆشییە دەڵێت: گرانبوونی نرخی ئاژەڵ، بازاڕەکەمانی وەستاندووە، کڕین و فرۆشتن هەردووکی زۆر بە کەمیی هەیە، مەگەر چێشتخانە یاخود تاکوتەرای خەڵک. ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات» ئەوەی نرخی گۆشتی گران کرد، قەدەغەی هێنانی ئاژەڵی سووری و ئێرانی بوو».
دەشڵێت: ساڵی رابردوو ئەمکاتانە، جووتێک مەڕ، بە 500 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ بە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار تا ملیۆنێک و 700 هەزار دینار و زیاتریشە، ئەوەش وایکردووە نرخی کیلۆیەک گۆشتی کاوڕ ئەمساڵ بە 8 هەزار و 500 دینار و تا نۆ هەزار دیناربێت، لە کاتیکدا ساڵی رابردوو ئەمکاتە نرخەکەی بە چوار هەزار دینار بوو. هەروەها ساڵی رابردوو نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەران لەنێوان سێ هەزار بۆ سێ هەزار و 500 دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ حەوت هەزار دینار و زیاتریشە، بە شێوەیەکی گشتی نرخی هەموو جۆرە گۆشتێک بە دووهێندە و زیاتریش بەرزبۆتەوە، هەر ئەمەشە بازاڕی ئاژەڵ فرۆشتنی سست کردووە.

 


 دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان:  55 ٪ی پێویستیی گۆشتی سوور لە ناوخۆ دابین دەکرێت، ئەوەی دیکەی دەبێت لە دەرەوە هاوردە بکرێت

 

سنووردار کردنی هێنانی ئاژەڵ
حەسەنی قەساب یەکێکی دیکەیە کە پیشەکەی گرێدراوی ئەم بازاڕەیە و دەڵێت: لە زۆرێک لە وڵاتانی دنیا ئاژەڵی مێیینە سەرنابڕدرێت، بەڵام لێرە جیاوازی ناکرێت، کاتێکیش بڕیاری قەدەغەی هاوردە کردن دەدەی و سەرچاوەی زاوزێکەشی لێدەبڕی، ئەو ماڵاتە وردە وردە لە کەمیی دەدات و بازاڕەکەشی وەک ئێستای لێدێت، ئەگەر بێت و حکومەت بڕیارێکی چارەسەرکردنیان نەدات بێگومان لە ئێستای هەیە خراپتریش دەبێت، گرانتر دەبێت و تەنانەت رێژەکەی لە ئاست داخوازی هاووڵاتیان زۆر کەم دەبێتەوە.
د. سەعدی سەعدی تەیب بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری راپەڕین رایگەیاند: دوای پەتای خوێنبەربوون هێنانی ئاژەڵ لە زۆرێک لە وڵاتان سنووردار کرا، لەلایەکی دیکەشەوە وڵاتی ئێران کە سەرچاوەی سەرەکی هاوردەکردنی ئاژەڵە بۆ ئێمە، بەهۆی گرانیی ناوخۆیی رێگری دەکات لە ناردنی ئاژەڵ بۆ وڵاتانی دراوسێی. هەروەها باج وادەکات ئاژەڵ لە سوریاوە بەگرانی بێتە ناو هەرێمەوە.
رەوەز جەبار، لەناو بازاڕی رانیە چێشتخانەی هەیە، ئەو جگە لە دوکانەکەی هاوکات تیمێکی تایبەتیشی هەیە کە خواردن بۆ بۆنە و پرسەکان ئامادە دەکەن، دەڵێت: ئەم ماوەیە خواست لەسەر گۆشتی سوور زۆر کەمبوەتەوە، نە لە چێشتخانەکەم ئەوەندەی پێشوو خەڵک داوای دەکات، نە ئەو کەسانەشی بۆ بۆنەکانیان ئێمە رادەسپێرن خواردنیان بۆ ئامادە بکەین داوای ئامادەکردنی گۆشتی سوور دەکەن، بە رێژەیەکی کەم نەبێت، ئەمەش هۆکارە سەرەکییەکەی گرانبوونی گۆشتە لە بازاڕدا، بەجۆرێک ئێستا نرخی کیلۆیەک نەرمکەی گۆلک لەلای قەسابەکانی رانیە بە 18 هەزار دینارە، بە ئێسقانەوە بە 15 هەزار دینارە، گیسک بە 18 و کاریش بە 19 هەزار دینارە، لە جیاتی گۆشتی سوور هاووڵاتیان بەزۆری داوای مریشک دەکەن لەگەڵ پەلەوەری دیکە، بەڵام مریشک سەرەکییە.
بڕیاری چارەسەریی یەکلاکەرەوە بدرێت
دەشڵێت: دەستکەوتنی گۆشت بۆ ئێمە چونکە کاری بەردەواممانە ئاسانترە، بێگومان خەڵک بە گرانتر دەیکڕێت، بەهۆی گرانیی ئاژەڵیش زۆرجار کوشتار کەمە و دەستیشیان ناکەوێت، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بەزووترین کات ئاوڕ لەو گرفتە بداتەوە، خواستی خواردنی گۆشتی سوور لەلای ئێمە زۆرە و ناکرێ بەو نرخە زۆرەش بکڕدرێت، یان با دەروازەکان بە رووی ئاژەڵی وڵاتاندا بکاتەوە، یان بە دابینکردنی ئالیک و پێداوستییەکان هاوکاری ئاژەڵداران بدات.
بازاڕی ئاژەڵ فرشان لە قەزای حاجیاوا، کە زیاتر بە مەیدانی حاجیاوا ناسراوە، یەکێکە لە بازاڕە گەورەکانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و ماڵات لە هەرێمی کوردستان، هەموو ساڵێک جەژنی قوربان گەرمتری دەکات، بەڵام گرانیی نرخی گۆشت لەمساڵادا، تائێستا ئەو گەرموگوڕییەی جارانی نەهێشتووە، ئاژەڵفرۆشان لە چاوەڕوانی بڕیارێکی چارەسەریی حکومەتن بۆ ئەوەی بازاڕیان لە هەفتەکانی ئایندە ئاسایی ببێتەوە.
بەپێی دوایین راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا، 55 ٪ی پێویستیی گۆشتی سوور لە ناوخۆ دابین دەکرێت، ئەوەی دیکەی دەبێت لە دەرەوە هاوردە بکرێت، ئەو هاوردەیەش لە وڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، هەنگاریا و بەرازیل بە رەسمی هاوردە دەکرێت و لە چەند وڵاتێکی دیکەش بە قاچاغ دەهێنرێت.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان