كامەران كارگەچی ئەزموونێكی خۆڕسكانەی شێوەكارییە

11:55 - 2022-06-15
دووتوێ
674 جار خوێندراوەتەوە

 بەختیار سەعید

ئەگەر بڕوانینە سەرەتاكانی كاری هونەریی لەسەر ئاستی نەتەوە جیاوازەكان ئەوە گەشەسەندوێتی هونەریی نیگاركێشان لەسەر دەستی ئەو كەسانەی كە بە شێوە ئەكادیمییەكە هونەریان نەخوێندووە ریزبەندیكراوە، بەڵكو دواتر كارەكانی ئەوان بووە بۆتە هۆكار بۆ گەشەسەندوێتی هونەریی نیگاركێشان و نیگارەكانیان بوونەتە سەرچاوە بۆ دەیان هەزار نامەی خوێندنی باڵا لەناو زانكۆ جیاوازەكانی جیهان.

لەباشوری كوردستانیش بەهەمان شێوە لەپاڵ بوونی سەدان شێوەكاری ئەكادیمی چەندین شێوەكاری خۆڕسك هەیە كە توانیوویانە قۆناغە جیاوازەكانی سەركەوتنیان لە تەكنیكەكانی كاری شێوەكاری تێپەڕاندووەو ئێستاش ناوێكن لەناوە دیارەكانی ناو مێژووی هونەریی شێوەكاریی لە باشوری كوردستان، كە دەكرێت هونەرمەندی شێوەكار (كامەران كارگەچی) یەكێك بێت لەو شێوەكارانەی كە لەهەناوی خێزانێكی هونەریدا گەشەیكردووەو بۆ ئەو ئاسانتربووە ئەو قۆناغانەی گەشەكردن لەكارە هونەرییەكانیدا ببڕێت چونكە ئەزموونێكی دەوڵەمەندی هەبووەو لەهەمانكاتدا بەدرێژایی ئەو چەندین ساڵەی رابردوو بەشدارییەكی راستەوخۆی زۆرێك لە پیشانگە هاوبەشەكانی ناو كوردستان و دەرەوەی كوردستانی كردووە.

ئەگەر بگەرێنەوە بۆ قۆناغەكانی بەرەو پێچوونی نیگاركێشان لەلای (كامەران كارگەچی) ئەوە دەكرێت لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردووەو دەستپێ بكەین، ئەوە كارە بەشداربووەكانی ئەم هونەرمەندە هەروەكو زۆرێك لە شێوەكارەكانی تر پۆرترێت و سروشت بەشێكی گرنگی ئەو تەمەنە بووە بەڵام چۆنێتی ئاشنابوونی بە كاری هونەری هونەرمەند دەڵێت ( پیشەی كارگەچێتی یەكێكە لە هونەری تەلارسازی و نەخشەسازی و هونەریی دەستی... هەربۆیە لە بنەماڵەكەماندا رەنگی داوەتەوە، باوكم وەستای  بنیاد درووستكردن و نەخشاندنی تاقی سەر پەنجەرەو دەرگای ماڵان و لە نەخشی سەر دیوارو درووستكردنی زەخرەفەی سەر فەرش و لبا دەورێكی باشی بینیووە لە هونەری وێنەكێشانی سەر بۆراق و نەخشی لباو فەرش و كومبارداو هۆنینەوەی مورو لەسەر جاجم و درووستكردنی زینی مورو و گۆپكە گوڵ بە چنین زۆر زیرەكانە جوانكاری تیا كردووە، هەربۆیە ئەم هونەرە لەناو براكانم و خوشكەكانم لە هونەریی نەخشەكێشان و شیعرو گۆرانی باڵی كێشاوە بەسەرماندا)كەواتە پاشخانێك هەیە بۆ بیركردنەوەو تەنانەت چۆنێتی مامەڵەكردنی لەگەڵ رەنگ و تەنانەت بابەتەكانیشدا چۆن بكات، هەموو ئەوانە ئاوێتەی پیشەكەی خۆی كە پاراستن و گەشەكردنی باخچەكانی سلێمانییەو خۆشەویستی بۆ ئەو دنیایە لەئێستادا بووتە بابەتی سەرەكی ناو تابلۆكانی، هەربۆیە ئەگەر بڕوانینە تابلۆكانی ئەم چەن ساڵەی دوایی و تا ئەم پیشانگە نوێیەی كە دەبێتە شەشەمین پیشانگەی تایبەت، واتا شەش ئەزموونی تایبەت دنیای نیگاركێشی ئەم شێوەكارە لەخۆدەگرێت، هەربۆیە نیگارەكان لە وەرزە جیاوازەكان و نیگاری دارو دەرختە جیاوازەكان و نەخشاندنیان توایوێتی زۆرترین پانتایی ناو تابلۆكان بۆ خۆی داگیر بكات و دەكرێت بوترێت تا ئاستێكی زۆر باش سەركەوتنی بەدەستهێناوە.

(كامەران كارگەچی) هەرگیز ئەو كاریگەرییە گەورەیەی خێزانەكەی لەسەری وەكو هونەرمەندێك و بینینی ژیان بەجوانی و بەتابلۆیە ئەوە راستییەكەو نكۆڵی لێناكات و دەڵێت (منیش لەم هونەرە بێ بەش نەبووم هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ كاری خوێندن و وەزیفی خۆم پەرەم بەو كارە پیرۆزە داوە كە هونەریی وێنەكێشانە بە نەخشاندنی تابلۆو هۆنراوە بەردەوام خۆم بۆ ئامادەكردووەو هەوڵم زۆر لەگەڵداوە تاكو ئەو نەریتەی بنەماڵەكەمان بەردەوام بێت بۆ ژینگەیەكی جوانی خزمەت بە گەل و نیشتمانەكەم).

ئێستاش لەبەردەم شەشەمین ئەزموونی ئەم شێوەكارە دەوەستینەوە كە ئەزموونێكەو رۆژی 15/6/2022 لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەكە بۆ ماوەی 4 رۆژ نیشان دەدرێت و لەهەمانكاتدا بەندە كوراسەیەكی بۆ ئامادەكردووە بە سپۆنسەری دامەزراوەی كەریمی ئەلەكەو بەرێز (د. تەها رەسوڵ) كە ژمارەیەك بابەتی بە كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لە خۆگرتووەو لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە تابلۆكانی كە هەموو پێكەوە دنیایەكیان درووست كردووە كە ناوی دنیای هونەری كامەران كارگەچی-ە.

#تابلۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان