״بۆنی خاشاکەکەی تانجەرۆیە״

هەراسان بوونی بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی

09:17 - 2024-05-21
ڕاپۆرت
238 جار خوێندراوەتەوە
#پیسیی ژینگەی تانجەرۆ کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی تریش هەیە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


کەمال ستار ماوەی دوو ساڵە ماڵی لە گەڕەکی دییە سیتییە لە شاری سلێمانی، شەوانە بۆنێکی ناخۆش خۆی و خێزانەکەی بێزار کردووە و بەهۆیەوە چەند مانگێکە خانووەکەی داناوە بۆ فرۆشتن، کەمال دەڵێت: هەندێک شەو تا بەیانی بۆنێکی ناخۆش تەواوی ئەم گەڕەکە دادەپۆشێت ئەوەش وایکردووە بڕیاری فرۆشتنی خانووەکەم بدەم و بچمە شوێنێکی تر.
کەمال بەپرسیارکردن لە دانیشتوانی بەشێک لە گەڕەکەکان بەدواداچوونی بۆ هۆکاری بۆنە ناخۆشەکە کردووە و باسی لەوەکرد، بەو پێیەی تا بەرە و گەڕەکەکانی تری وەک  جیهان و کەنەسوورە و بەرەو لای هوانە و نزیک بوونەوە لە تانجەرۆ دەڕۆیت بۆنەکە زیاتر دەبێت، هۆکاری بۆنە ناخۆشەکە کارکردنی کارگە و پاڵاوگە نایاساییەکانی ناوچەی تانجەرۆیە لە شەواندا.

وتەبێژی شارەوانی سلێمانی: رۆژانە نزیکەی هەزار تەن خۆڵ و خاشاکی سلێمانی کۆدەکرێتەوە و دەبرێتە تانجەرۆ

کارکردنی پاڵاوگە نایاساییەکان
بەشێک لە گەڕەکەکانی باشووری سلێمانی، وەک هوانە، ژاڵە، کۆمپانیای نەوزاد، شێخ وەیساوا، چوارچرا، کەنەسوورە، جیهان، وڵوبە، دییە سیتی، سائیب سیتی و کورد سیتی شەوانە تا بەیانی بۆنێکی ناخۆشی وەک سووتانی پاشەڕۆی ئاژەڵ ژینگەکەیانی پیس کردووە و هەراسانی کردوون.
بۆنە ناخۆشەکە لە دەمەو ئێوارە بە شەوان و تا بەیانی بڵاودەبێتەوە و لە رۆژدا هەستی پێ ناکرێت، بۆیە هاووڵاتیانی ئەو گەڕەکانە هۆکارەکەی بۆ کارکردنی پاڵاوگە نایاساییەکانی تانجەرۆ دەگەڕێننەوە بە شەوان.
کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەشێک لە پاڵاوگە نایاساییەکانی لە تانجەرۆن تائێستا کاردەکەن و هیچ رێنماییەکی ژینگەییش جێبەجێ ناکەن، تا ئەوکاتەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کارا بوو بەدواداچوونمان بۆ کرد و چەند جارێکیش داوای داخستنیانمان کرد لەبەرئەوەی بەڕاستی زیان بە ژینگە دەگەیەنن، بەڵام دانەخران.
 وتیشی: بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بابەتی کارکردنی پاڵاوگە نایاساییەکان شەو چوومەتە تانجەرۆ، بەچاوی خۆم بینیومە پاڵاوگەکان بە شەوان کاردەکەن و لەدوای سەعات 12 شەو بەدواوە نەک هەر دوکەڵ ئەو ناوچەیەی خنکاندووە، بەڵکو لەگەڵ دوکەڵەکەدا شتی وردی وەک سوتوو دێتە دەرەوە و ئەو ماڵانەی لە تانجەرۆ دەژین بە تەواوی هەستی پێدەکەن.

بۆنەکە لە گەڕەکە جیاوازەکان
بۆنەکە لە گەڕەکە جیاوازەکانی باشووری سلێمانی هەستی پێدەکرێت، هێرش هاشم  لە گەڕەکی کەنەسوورە دەڵێت: ئەم ناوچانەی خوارەوەی سلێمانی بۆ ژیانکردن نابێت، تەنها گەڕەکەکەی ئێمە نییە بۆنی ناخۆش لە شەوان تا بەیانی هەراسانی کردووین  ئەوەندەی پرسیارم کردووە هەموو گەڕەکەکانی ئەم ناوچەیەی سلێمانی تا نزیکی عەربەت هەمان کێشەیان هەیە.
هاوکات شادی محەمەد لە گەڕەکی شێخ وەیساوا وتی: دوێنێ ئێوارە دەبوایە لووتت بگرتایە لەتاو ئەو بۆنە پیسە، بەڕاستی وامان لێهاتووە لە ماڵەوە نەیەینە دەرەوە، هەر ئەوە نییە ماوەیەکی تر کەش و هەوا گەرم دەبێت و موبەریدە بۆنەکەت بۆ دەهێنێتە ژوورەوە.
دیلمان ئەکرەم بەرپرسی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو بۆنەی هەندێکجار لە گەڕەکەکانی باشووری سلێمانی هەیە، بۆنی خۆڵ و خاشاکەکەی تانجەرۆیە.
ناوچەی تانجەرۆ تەنها پاڵاوگەی نایاسایی و کارگەی لێ نییە، بەڵکو شاخێک لە خۆڵ و خاشاکی تەواوی سلێمانی لێیە و پیسی ژینگەکەی کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی دەوروبەریشی هەیە.
زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: رۆژانە نزیکەی هەزار تەن خۆڵ و خاشاکی سلێمانی کۆدەکرێتەوە و دەبرێتە تانجەرۆ، لە بۆنەکاندا رێژەکە بەرزدەبێتەوە بۆ هەزار و 300 تەن خۆڵ و خاشاک.
رۆژانە بڕێکی دیاریکراو لە خۆڵ و خاشاکەکە دەدرێتە کارگەی ریسایکلین و ئەوی تریشی لە تانجەرۆ فڕێ دەدرێت.

فەرمانگەی ژینگە بەدواداچون دەکات
لەلایەکی ترەوە کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی: نەک هەر پاڵاوگە نایاساییەکان، بەڵكو کارگەکانی تریش کە لە تانجەرۆن پابەندی رێنماییە ژینگەییەکان نین و کارەساتی ژینگەییان خوڵقاندووە لەو ناوچەیە.
فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بەڵێنی بەدواداچوونی داوە و دیلمان ئەکرەم بەرپرسی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی لە هەفتەیەکدا بەلایەنی کەمەوە دووجار سەردانی ناوچەی تانجەرۆ دەکەین و هەست بەو بۆنە ناخۆشە دەکەین، دەزانین ئەو بۆنە دروست دەبێت و لە داهاتوودا بەدواداچوونی زیاتری بۆ دەکەین.
بەپێی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2020، لە وەزارەتی سامانە سرووستییەکان دەرچووە کە تیایدا هاتووە:» پێویستە هەموو پاڵاوگەکان خۆیان لەگەڵ رێنماییە ژینگەییەکاندا بگونجێنن بۆ ئەوەی زیان بە ژینگە نەگەیەنن». بەڵام پاڵاوگەکان و کارگەکان وەک پێویست پابەندی رێنماییەکان نابن بە دانانی فلتەری کوالێتی بەرز و بەرزکردنەوەی لوولەکانیان تا دوکەڵەکەیان زیان بە ژینگە نەگەیەنێت.
لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی ھاووڵاتیان و پێداچونەوە بەو ھۆکارانەی کە ژینگەی ھەرێمی کوردستان پیس دەکەن، لە ساڵی 2010 حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کە ژمارەیان 180 پاڵاوگەیە، بەڵام تائێستا لە کاردان و بڕیارەکە بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە. پاڵاوگە نایاساییەکان لە دەرەوەی رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن و هیچ مۆڵەتێکی فەرمی 
کارکردنیان نییە.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان