موزەخانەکان و چۆنییەتی پێشکەوتنیان

لەرووی هونەری ئەندازەی تەلارسازییەوە

12:17 - 2022-06-15
دووتوێ
687 جار خوێندراوەتەوە

رزگار سەعید

لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەک لە رووی پێکهاتەو پێویستییەکانی موزەخانە لەروی ئەندازییەوە باس بکەین زانیارییەکانی ئەم بەشە تایبەتکراوە بەو ئەندازە ستاندارەی بینای موزەخانە هەرچەندە لەسەردەمی هاوچەرخدا ئەندازیارانی دیزاینکار هەوڵی زۆریان خستوەتە گەڕ بۆ گۆڕینی هەموو روویەکی ستاندارت داهێنانەکانیان، تەنها لە خاڵێکدا جێگیر نەکردووە بەڵکو لە بونیاتی پێکهاتەی سەرەکیشدا کاری گۆڕینیان تێدا ئەنجامداوە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت پاشاگەردانییەکی بێ حساب هەبێت، بەڵکو بەئامانجی باشترکردن و ڕاکێشانی بینەر لەلایەک و پاراستنی بەرهەمەکان وەک کارێکی مێژوویی لەلایەکی تر داهێنانیان هەیە.
بەشی یەکەم : پێودانگەکانی دیزاینکردنی موزەخانە
بینای موزەخانە چەترێکە پارێزگاری لەمیراتی پێشینان دەکات، کەرەستەی مرۆڤەکان لە سەردەمە کۆنەکانەوە بە پێی شارەزایی و هەڵکەوتەی ژیان و ترادیسۆنیان کە سمبولێکی مەعریفییە بۆ داهاتوو پاشەکەوت دەکات.لەسەدەی هاوچەرخدا موزەخانە بوەتە ڕەگەزێکی دیار لە هونەری تەلارسازیدا ئەندازیارەکان فرسەتێکی گەورەیان لەبەردەستە تا روئیای هونەریی و ئەکادیمی خۆیان لە چارەسەرکردنی روکاری تەلارسازیدا نیشان بدەن بە یارمەتی مادەی تەکنەلۆژی نوێ و مادەی ئامادەکراو.
ئینستوتی موزەخانە ئامریکییەکان amm جەخت دەکاتەوە بەوەی ئەم شوێنانە  هەڵگری میراتی مرۆڤایەتی و سروشتین  پێویستە پارێزگاریان لێبکرێت  تا پیشان بدرێن و سودیان لێ ببینرێت، موزەخانە ناتوانێت ئەم پەیامە بگەیەنێت تا نەبێتە خاوەنی  پێویستییە هونەرییەکان وکەسانی شارەزا.
وەزیفەی موزەخانە :
موزەخانە هەڵگری چەندین وەزیفەیە وەک 
1-
پاشەکەوتکردن و پاککردنەوەی دەستنووسە مێژوویی و زانستییەکان و چاککردنەوەی ئەوانەی خراپ بووە.
2- موزەخانە شوێنێکە ڕابردوو پێچەوانە دەکاتەوە، واتە ئاوێنەیەکە لە ئێستادا ڕابردووی پێ دەبینرێت.
3- موزەخانە هەرچەندە دەزگایەکی کۆمەڵایەتی و فێرکارییە، بە پلەی یەکەم بەڵام دەزگایەکی تەرفیهیشە.
4-موزەخانە گوڵدانێکی مەعریفی تایبەتە سەنەدێکی باوەڕپێکراوی کەلەپورە.
5-کەرەستە نمایشکراوەکانی موزەخانە فاکتەرێکە بۆ بەهێزکردن و ڕاکێشانی بینەر بۆ ئینتیمابوون بەنیشتمان و نەتەوە  .

جۆرەکانی موزەخانە:
موزەخانە لەسەردەمی هاوچەرخدا وەک دەزگایەکی زانستی پۆلێنکراوە بە چەند جۆرێک
• موزەخانەی هونەرەجوانەکان: هەڵدەستێت بە نمایشکردنی کارە هونەرییەکانی تابلۆ، پەیکەر ،گڵکاری و ڕەگەزەکانی تر.
• موزەخانەی مێژویی و کەلەپوری: هەڵدەستێت بە نمایشکردنی پاشماوەی شارستانییەتە جیاوازەکان لەو کەرەستانەی بەکاریان هێناوە تا ئێستا لەگەڵ چەندین هۆڵی خوێندن و بەشی چاککردن و نۆژەنکردنەوە.
• موزەخانەی زانستی و تەکنەلۆژیاو پیشەسازی: هەڵدەستێت بە نمایشکردنی شێوازی داهێنانە زانستییەکان و چۆنیەتی کەشفکردنیان بەسود وەرگرتن لە زانستی ژینگەو پیشەسازی لەو رەگەزە سروشتیانەش دارو کانزای جۆراوجۆرهەن.
• موزەخانەی فێرکاری:هەڵدەستێت بە پێشکەشکردنی نموونە لەو مادانەی خزمەتی زانست و رۆشنبیری دەکەن زۆرێک لەم موزەخانانە هۆڵی گەورەیان هەیە بۆ نمایشکردنی ئەنتیکەو بەشەکانی زانست و پاشماوەی شوێنەوارەکان بەناوبانگترین موزەخانە لەم روەوە موزەخانەی مەدام توسوی لەندەنە. 
• موزەخانەی وەچەو جنسی مرۆڤ: هەڵدەستێت نمایشکردنی هەموو ئەو توێژینەوەو بەرهەمانەی لەبواری تاقیگەو دەستنووس و کلتوری شەعبی دەربارەی بوونی مرۆڤ و چۆنییەتی زیادبوونی هاتوونەتە بەرهەم بە پێشکەشکردنی نموونەی ڕاستی لەگەڵ هۆڵی سینەماو شانۆو سکرین تا فیلمە دیکۆمەنتارییەکانی لێ نمایشبکات.
• موزەخانەی نەتەوەیی: وەزیفەی ئەم موزەخانەیە تەنها پاراستنی کەلەپوری هونەریی نیشتمانە ،ئەم موزەخانانە هەمیشە پێویستیان بە زیادکردنی بەش و نوێکردنەوەیە چونکە بەردەوام شوێنەوارناسان پارچەی نوێ دەدۆزنەوەو لێی دادەنێن ئەم جۆرە موزەخانانە پێویستە لە رووی دیزاین و پێکهاتەیەوە روویەکی یادگاری و مەزنی پێوە دیاربێت.                        

• موزەخانەی مۆدێرن: پێکدێت لە کۆکراوەی تێکڕای هونەرەکان، لەرووی ئەندازەییەوە کاریگەری تەکنەلۆژیای لەسەرە، لە ناوەوە پێکهاتەکانی نیگار، پەیکەر ، چاپ فیلم راگەیاندنی ئەلەکترۆنی،ئەرشیف لەخۆ دەگرێت.
دەکرێت بڵێین موزەخانەی نوێ کۆکراوەی نیشتمانێکە لە بینایەکدا  کاتێک بینایەکی نوێ دروستدەکرێت بۆ موزەخانەی هاوچەرخ ئەم پێداویستیانە دەبێتە بەردی بناغەی دروستبوونەکە ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها روبەری بیناو دیزاینەکەیە .

#تابلۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان