زیاتر لە 21 جۆر ماددەی هۆشبەر لە هەرێم

هۆگر چەتۆ: لە هەرێم ماددەی هۆشبەر بەرهەم دەهێنرێت

10:54 - 2024-05-22
دیدار
430 جار خوێندراوەتەوە

دیداری/عومەر حەسەن

لە دیدارێکی کوردستانی نوێدا هۆگر چەتۆ مافپەروەر باس لەجۆر و بڕی ماددەی هۆشبەر دەکات لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەی دەستگیر کراوان و چۆنیەتی رووبەڕوو بوونەوەی. ئەوە لە کاتێكدایە بەپێی ئامارەكانی دوو هەفتەی سەرەتای ئەم مانگە دەست بەسەر زیاتر لە 100 كیلۆ ماددەی هۆشبەر و كارگەی دروستكردنی ئەو مادانەدا گیراوە، کە لەلایەن 14 بازرگانەوە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بڵاوکراونەتەوە.
*هەرێمی كوردستان لە چ قۆناغێکی بوونی ماددەی هۆشبەردایە؟
-لەچوارچێوەی ئەو پڕۆگرامەی هەمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر كار لەگەڵ گرتووخانە چاكسازییەكاندا دەكەین، پڕۆگرامەكە لەلایەن چەند رێكخراوێك و بە پشتگیریی یەكێتیی ئەوروپا جێبەجێ دەكرێت، بەپێی بەدواداچوونەکانمان دەرکەوتووە هەرێمی کوردستان و عیراق لەو وڵاتانەن کە ماددەی هۆشبەر تیایاندا بەرهەم دەهێنرێت، هاوکات پیایاندا تێپەڕ دەبێت و بەکارهێنەریشی هەیە، کە قۆناغێکی مەترسیدارە.
*چەند جۆر ماددەی هۆشبەر لە هەرێم بوونیان هەیە؟
- لە هەرێم بەردەوام جۆرە جیاوازەکانی ماددەی هۆشبەر روو لە زیادبوونە، لە ساڵی 2020 تەنیا دەست بەسەر پێنج جۆری ماددەی هۆشبەردا گیراوە، بەڵام لە ساڵی 2021 بووەتە حەوت جۆر و لەساڵی 2022 دا زیاد بووە بۆ 21 جۆر، هەندێك لەو مادانە بەهۆی ئەوەی نوێن، کە بازرگانەكان دەیخەنە بازاڕەوە دەزگا ئەمنییەكان درەنگتر پێی دەزانن کە ئەوە جۆرێكی تازەی ماددەی هۆشبەرە.

 

هۆگر چەتۆ:رێژەی 5 % ئەو کەسانەی لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون ژنن کە 15 % یان تەمەنیان لەخوار 25 ساڵە

 

*رێژەی دەستگیرکراوی ژن لەسەر ماددەی هۆشبەر چەندە ؟
-داتاكانی هەرێمی كوردستان پێمان دەڵێن رێژەی 5%ی ئەو کەسانەی لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون ژنن، کە رێژەی 15% یان تەمەنیان لەخوار 25 ساڵە و بەشێکی زۆریان خوێندکارن. بۆیە دەتوانین بڵێین زەنگی مەترسیدار لێیداوە و هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییەكی گەورەی ئاسایشی نیشتمانیدایە.
*ئەو وڵاتانەی كە وێستگەی دابەشكردنی ماددەی هۆشبەرن کامانەن؟
-وڵاتانی مەكسیك و كۆڵۆمبیا مافیای ماددەی هۆشبەریان هەیە و وێستگەی دابەشکردنیان دروستکردووە، هەروەها قۆناغی دروستبوونی مافیای ماددەی هۆشبەر لە توركیا و ئێران هەن كە هاوسێن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، گروپی گەورەن و رۆڵیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکاندا.
*ئاماری دەستگیر کراوان و ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان چەندە؟
-ساڵ بە ساڵ رێژەی دەستگیرکراوان لەسەر ماددەی هۆشبەر روو لە زیادبوونە، ساڵی 2019، هەزار و 182 كەس دەستگیركراون، ساڵی 2020، هەزار و 295 كەس دەستگیركراون، ساڵی 2021، هەزار و 943 كەس دەستگیركراون، ساڵی 2022، دوو هەزار و 22 كەس دەستگیركراون و لە ساڵی 2023 دا، ژمارەی دەستگیر کراوان بەرزبووەتەوە  بۆ سێ هەزار و 290 كەس.
لەگەڵ ئەوەشدا ساڵ بە ساڵ رێژەی دەستبەسەراگرتنی ماددەی هۆشبەر زیادی کردووە بەم شێوەیە، ساڵی 2020 زیاتر لە 555 كیلۆ، ساڵی 2021، زیاتر لە 947 كیلۆ ماددەی هۆشبەر، ساڵی 2022، هەزار و 206 كیلۆ ماددەی هۆشبەر و ساڵی 2023، دوو هەزار و 908 كیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.

 

لە ساڵی 2023 دا سێ هەزار و 290 كەس لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون و دەستیش گیراوە بەسەر بڕی دوو هەزار و 908 كیلۆ ماددەی هۆشبەردا

 

*هەنگاوەکانی کەمکردنەوە یان بنەبڕکردنی ماددەی هۆشبەر لە هەرێم چۆنە؟
-لە هەرێم لیژنەیەكی باڵا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دروستكراوە كە بەدواداچوون دەکەن، لە هەندێک ئاستدا بەرەوپێشچوون هەیە و لە هەندێک هەنگاویشیاندا کەموکورتی دەبینرێت، دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم بەردەوامن دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکان و بەکارهێنەران و ئەو کەسانەی بازرگانی پێوە دەکەن.
*چی بكرێت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی زیاتری ماددەی هۆشبەر لە هەرێم؟
-پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس ستراتیژی رووبەڕوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دابنێت، تەواوی وەزارەتەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و راگەیاندنەكان بەشداری فراوانیان هەبێت تیایدا و هەڵمەتی هۆشیاری لەسەر بابەتەکە چڕ بکرێتەوە. هاوكات بە زیادکردنی پشکنین لە بازگەکان و لەسەر سنوور رێکارەکانی دەستەسبەسەردا گرتن توندتر بکرێنەوە و ئەو کەسانەی ئەرکەکەیان پێ دەسپێردرێت کارمەندی راهێنراو و شارەزابن و سەنتەری تایبەت بکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئالودەبووان.

هەرێم لەبەردەم مەترسییەكی گەورەی ئاسایشی نیشتمانیدایە

#مادەی ھۆشبەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان