بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق کۆبۆوە

01:13 - 2022-06-15
عیراق
540 جار خوێندراوەتەوە

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق. ‏‎لە دیدارێکدا جەخت لە دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی دادگاکان کرایەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چەسپاندنی یاسا و پارێزگاریکردن لە دەستوور لەپێناوی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا. ‏‎ھەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی یەکخستنی هەوڵەکان و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان کرا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکان و دروستکردنی حکومەتێک کە ببێتە چەترێک بۆ هەموو عیراقییەکان و کار بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیر بکات. ‏‎فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق بەگرنگییەوە باسی لە رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلال کرد و رایگەیاند، عیراقی نوێ دەبێت سوپاسگوزاری سەرۆک مام جەلال بێت، چونکە ئەو کۆکەرەوەی هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بوو. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک بافڵی کرد کە لە ماوەی رابردوودا رۆڵێکی ئەرێنی بینیووە لە یەکخستنی هێز و لایەنە سیاسییەکان و هۆکارێک نەبووە بۆ دروستکردنی پشێوی و دووبەرەکی. وتیشی، ئێمە بەم هەنگاوە دروست و کاریگەرانەدا، سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلالمان دێتەوە یاد و دڵنیاین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژەپێدەری ئەو رێبازە دەبێت. ‏‎لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ داوای لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کرد رۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن و پارێزەری مافی ھەموو عیراقییەکان بن بە نەتەوە و پێکھاتەکانیشەوە. هەروەها هاوکار و پشتیوان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

#بەغدا

بابەتە پەیوەندیدارەکان