د. نەرمین مەعروف ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێی رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق، لە رابردوودا لەسەر چەند خاڵێک رێکەوتوون. وەک پرسی بە بانکیکردنی مووچەی کارمەندان و داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، ئەگەر ئەو مەرجانە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، پرسی مووچە بە تەواوی چارەسەر دەبێت.
هەروەها وتیشی: ئەمڕۆ چوارشەممە 22/5/2024 لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، یەكەم كۆبوونەوەی تایبەت بە گفتوگۆكردنی هەمواری یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2024 رێکخست و چەند پرسێکی تایبەت بە بودجە و مووچە تاوتوێکرا.
هەروەها وتیشی: پشكی هەرێمی كوردستان لەم بودجەیە زیاتر لە 20 ترلیۆن و 910 ملیار دینارە، لەو بڕەش زیاتر لە 14 ترلیۆن و 840 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ بواری خەرجیی بەگەڕخستن كە زیاتر لە 11 ترلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ مووچەی کارمەندان و خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی تەرخانكراوە كە مانگانە دەكاتە زیاتر لە 965 ملیار دینار.