پیاسەیەک بەناو یادەکانما

10:40 - 2024-05-23
ئەدەب و هونەر
269 جار خوێندراوەتەوە

دێمەوە پیاسەیەک بەناو یادەکانما دەکەمەوە
‌دەچمەوە شێمحێدین   
بە دەم گۆرانیەکەی میدیا و مستەفاوە دەڕۆم  
شێخ فەتاح شێمحێدین بەهەشتی سەر ڕووی زەمین 
‌بە قردێلە سپییەکەم دەڵێم ئەوە قوتابخانە سەرەتایەکەمە 
‌کە ناوی کوردستانە 
لەگەڵ وردیلەکانی هاوڕێمدا هاوارمان دەکرد 
کوردستان کوردی لێدەبارێ 
‌نەک وەک  ئێستا
ع ە ر ە ب
‌‌بە کراسه سپییەکەم دەڵێم:
ئەوە دواناوەندی سۆلاڤە 
لە یەکەم هەنگاودا
لەگەڵ گوڵە دەم بەخونچەکانی هاوڕێمدا 
ژوری ئیتیحادمان سووتان
‌دێمەوە  
‌سەرێک لەکچانی گەڕەک دەدەم حەیف زۆریان لەوێ نەماون   
چاو دەنوقێنم 
‌بەدەم موچوڕکێکەوە 
لەبەر قاپی جیرانەکەماندا‌ ئیستیک دەکەم
‌شلێرە دەبینم  
لەگەرمەی یاریکردندا   
‌پەلیان هاویشتە ژوورێ 
شکۆفەی باخیان بەگوێزانێکی کول بڕی
‌دێمەوە 
لەبەردەم دەرگای حەوشماندا 
چەمکی فەقیانەکەی دایکم دەگرم و  
لەدڵەوە گۆرانی بۆ گەورەبوون دەڵێم 
وەک ئێستا چۆن بۆ منداڵی 
‌دێمەوە پیاسەیەک بەناو یادەکانما دەکەمەوە....
لەگەڵ خەیاڵی پەپولەیەکدا دەفڕم  
بۆ ناو باخچەی ماڵ
‌لەگەرمەی خەیاڵدا بووم 
هەنگێک بە ڕومەتی ڕاستمییەوە دا
دێمەوە بۆ لای ئەو پورە هەنگانەی  
لەماڵەوە دایکم بەخێوی دەکردن
بۆ لای بیرە ئاوەکەی ماڵمان 
کە ئاوی هەموو گەڕەکی دەدا
‌دێمەوە بۆنی حەوشەکەمان دەکەم
کە بە باخ و گوڵ و گوڵزار رازاوە بوو

‌ڕۆژی هەینی دێمەوە 
تا بەیانییەکەی 
تێرتێر 
سەیری کارتۆنی ئەمیرە یاقوت و 
ساندی بیل و لەیدی ئۆسکار بکەم 
‌دێمەوە بیری جوانی تەمەنی هەرزەیی دەکەمەوە 
‌ئیرەیی بەتەمەنی ١٤ ساڵەی کچە دراوسێ دەبەم
‌کە ((سەڵاح مەجید)) بەئاوازێکی جوان دەیچڕی،
‌(گوڵم دەوێ گوڵ خونچە بێ
‌گوڵی باخی هەڵەبجە بێ
‌گوڵی شیلان و مێخەک بێ
‌پێشکەشی کچی چواردە ساڵ بێ)
‌دێمەوە 
بەترسەوە بەکۆڵانی (پەرە)کوژراودا
ڕەتدەبم 
بۆ یەکەمجار لاشەی ئافرەتێکی نازدارم دی
کە خوێن باڵای جەستەی پۆشیبوو
‌ئێستا ئەو کۆڵانە بووەتە حەوشەی ماڵی  
باجی خەیاڵ  
دێمەوە  
سەردانی باجی خەیاڵ دەکەم 
ململانێی لەگەڵ مەرگدا دەکرد 
دێمەوە..
دێمەوە و سەردانی زۆر شوێنی تریش دەکەمەوە

بابەتە پەیوەندیدارەکان