بەهەوڵی فراکسیۆنی یەکێتی،

100 محەویلە و 400 عەمود و 10 هەزار مەتر تەلی كارەبا بۆ هەڵەبجە دابین کرا

09:25 - 2024-05-26
ڕاپۆرت
204 جار خوێندراوەتەوە
دوای بڕیارەکە، «ناساندنی کەیسەکە بە جینۆساید« کاری نوێنەرانە

‎راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی


‎لە دوای هەڵبژاردنی(10ی تشرینی یەكەمی 2021)ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقەوە فراکسیۆنی ی.ن.ک لە ئەنجوومەنەکە و چرۆ حەمە شەریف نوێنەری سەرکەوتووی ئەو بازنەیە کە دەنگی یەكەمی كاندیدانی بازنەی هەڵەبجەی بەدەستهێنا، پشت ئەستوور بە یەكێتی و فراكسیۆنەكەی، لە بەغداوە هەوڵەكانی بۆ خزمەتكردنی زیاتری هەڵەبجەییەكان  خستەگەڕوو، توانی  وەك یەكەمین پەرلەمانتاری هەڵەبجەیی، زۆرترین كار بۆ خزمەتكردنی  هەڵەبجەییەكان بكات و جێدەستی خۆی بەزووی نیشانبدات.
 نوێترین پرۆژە پێشنیازیش کە خۆی لەڕێگەی فراكسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیان کرد، ئەوەبوو کە رۆژی 16/3 وەک بۆنەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە هەموو ساڵیکدا لە سەرتاسەری عیراق بكرێت بە پشووی رەسمی و ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە كۆبوونەوەی چوارشەممەی رابردوو رێکەوتی 22/5/2024 بەكۆی دەنگی ئەندامانی پرۆژە پێشنیازەکەی  پەسەندكرد. 

چرۆ حەمەشەریف: داوا و پرۆژەکانی فراکسیۆنی یەکێتی لە نوێنەران رەوان و دوورن لە موزایەدە و مەرجی تەعجیزی، بۆیە لایەنەکان پەسەندی دەکەن

داواکانی فراکسیۆنی یەکێتی لە «نوێنەران»
ئەم هەنگاوە دەیسەلمێنێت کە ئێستا فراكسیۆنی یەكێتی، بەهێزترین و چالاكترین فراكسیۆنی كوردستانییە لەو ئەنجوومەنەدا کە پێشنیاز و پرۆژەکانی بەگشتی لە بەرژەوەندیی خەڵکە و بۆ دروشمبازی و موزایەدەی سیاسی پرۆژە پێشکەش ناکات و پرۆژەیەکیش ناخاتەڕوو کە قابیکی جێبەجێکردن نەبێت و نەیاری سیاسی بۆ خواستەکانی هاووڵاتیان دروست بکات.

تیمی چارەسەر و پشکنین
‎لەبارەی هەوڵەكانی خۆی فراکسیۆنی حزبەکەشییەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، خانمە پەرلەمانتار چرۆ حەمە شەریف ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی بە کوردستانی نوێی رایگەیاند: لە ماوەی دوو ساڵی ئەم خولەدا، جارێک داوایكردووە وەزارەتی تەندروستی فدراڵ لیژنەیەك بنێرێت بۆ بینین و چارەسەركردنی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، ئەوەبوو دواتر لیژنەكە چوونە هەڵەبجە و نەخۆشە بەركەوتووەکانیان بینی، هەروەها وتی: داواشم لە وەزیر و بریكاری وەزارەتی كارەبا كرد كە 100 محەویلە و 400 عەمود و 10 هەزار مەتر تەلی كارەبا بۆ هەڵەبجە دابین بکەن كە خۆشبەختانە دواتر ئەوەش نێردرا و دابینکرا.
روونیشیکردەوە کە لە داوای لە وەزارەتی ژینگە کردووە 30 هەزار نەمام و لیژنەیەكی تایبەتمەند بنێرن بۆ لێكۆڵینەوە لە ئاو و  خاكی هەڵەبجە.

سودانی یەک ملیار دیناری بۆ هەڵەبجە تەرخانکرد
لە ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەشدا داوام لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد دیارییەك پێشكەش بە هەڵەبجە بكات، ئەوەبوو بڕی یەك ملیار دیناری تەرخان کرد.
ئەو خانمە پەرلەمانتارەی یەکێتی وتیشی: هەر لە درێژەی هەوڵەكاندا بۆ خزمەتكردنی خەڵكی هەڵەبجە، داوام لە وەزیر و بریكاری وەزارەتی ناوخۆ كرد، كە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجەش لە كەمترین ماوەدا بكرێت بە ئەلەكترۆنی و ئێستاش ئەو داواکارییەش جێبەجێ بووە و کراوە بە ئەلەكترۆنی.

هاوتاکردنی مووچەی  شەهیدان و زیندانیان لەگەڵ عیراق 
هەروەها دەڵێت: جارێكی دیكە  داوامان لە سەرۆك وەزیران كرد مووچەی  شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ ئەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عیراقدا هاوتابكرێت، دیارە هەموو ئەوانە جگە لە هەوڵی تاکەکەسی بە هەوڵی فراکسیۆنەکەمان کراوە کە هەموومان وەک یەک تیم کاردەکەین بۆ هەموو هەرێمی کوردستان و عیراق، بەڵام دیارە دۆخی هەڵەبجەی شەهید تایبەتە و دەبێت هەموولایەک گرنگیی تایبەتیشی پێبدەن.
لە کۆتاییشدا وتی: ئەمانە تەنها بەشێكی كارەكانمانە كردوومانە و هەوڵەكان بۆ خزمەتكردنی خەڵكی سنووری هەڵەبجە بەردەوام دەبێت و بۆ قەزای شارەزوور و سەیدسادق و پێنجوێنیش، داواكاری و پرۆژەمان پێشكەش كردووە و چاوەڕێی وەڵامین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان