د.لبنى لطيف توێژەر و کۆمەڵناسی جەزائیری
و/ د. عومەر عەلى ئەحمەد
بەشی یەکەم
کاتێک دەستەواژەی (زانستیبوون)م فۆرمەلە کرد، بە واتاى بە زانستکردنى ژیان، بەو ئامانجەى ژیانی مرۆڤایەتى بخەمە ژێر سایەى (کۆمەڵناسی پۆست مۆدێرن)ەوە. ئەمڕۆکە پرسەکانی سیاسەت، ئابووری، کەلتوور و ئەوانی دیکە، دەبێ ملکەچ بن بۆ هەژموونى سۆسیۆلۆجیا. کۆمەڵناسی فەرەنسی (ئالان تۆرین) کە باوکى بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان ناسراوە ، لەو باوەڕەدایە سەردەمانێک ژیانى مرۆڤایەتى ملکەچی راڤەکردنەکانى فەلسەفەى سیاسی بوو(سەردەمی پێش پیشەسازى)، دواتر لە سەردەمی پیشەسازیدا، ژیانى مرۆڤایەتى ملکەچی شیکارە ئابوورییەکان بوو، بە بڕواى تۆرین ئەو سەردەمانە گوزەشت، بەڵام ئەمڕۆ کە سەردەمى (پاش پیشەسازیی) ییە، پێویستە بۆ هەژموونى کۆمەڵناسی ملکەچ بکات. بەڕاستی ئێمە تەنانەت نامانەوێت بیر لەو وتەیەى بکەینەوە (کۆتایی کۆمەڵگەکان)، چونکە کۆمەڵناس و بکەرە کۆمەڵایەتى، چ تاک یان دامەزاروەى کۆمەڵایەتى و بزوتنەوەى کۆمەڵایەتی بن، هێشتا کۆتاییان نەهاتووە.
ئەمڕۆ کۆمەڵناسی ئەو زانستەیە بە هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی و کەلتوورییەکانییەوە، توانای تێگەیشتن لە واقیعی هەیە، بۆیە نابێت بەتەواوەتى وتەى (کۆتای کۆمەڵگەکان) پەسەند بکەین
ئەمڕۆ کۆمەڵناسی ئەو زانستەیە بە هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی و کەلتوورییەکانییەوە، توانای تێگەیشتن لە واقیعی هەیە، بۆیە نابێت بەتەواوەتى وتەى (کۆتای کۆمەڵگەکان) پەسەند بکەین، کە ئالان تۆرین وەکو سەرزەنشتکردنێک بەکاریهێنا لەپایى ئەو ئازار و نائومێدییە زۆرەى وەکو کۆمەڵناسێک هەیبوو دەربارەى ئەو ڕۆڵە نەرێنی و پەراوێزانەى کۆمەڵناسەکان لە سەردەمی مۆدێرنیتەدا، گێڕایان. هەر ئەوەی دواتر نەرێنیبوونى بکەرى کۆمەڵایەتی و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتەوە و لە کۆتایدا کۆمەڵگای بەرەو حەتمی کۆتاى خۆی برد! ئەو زۆر بەسادەیی ئەوەى دەویست کۆمەڵناسی بۆ ڕاڤەکردنى کەتوارى کۆمەڵایەتى ئێستا پێگەیەکى بەهێزى هەبێت و لەو بارەیەوە ڕاستگۆ بوو. هەروەها دەیویست بکەرى کۆمەڵایەتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی کۆمەڵایەتی خۆیان لە گۆڕاندا بگێڕن، گەرنا مەرگی خۆیان رادەگەیەنن. لە ڕاستیدا ئەمڕۆ کۆمەڵناس دەبێت لە چوارچێوەی (کۆمەڵناسی پۆستمۆدێرن)دا، کەسێکیى کارا بێت، بە تایبەت کە ئێمە لە لێواری ئەم مۆدێرنەی دواوەختەداین. کەواتە ئەزموونە واقیعییەکانى ئەمڕۆ ئەوەیان بۆ سەلماندووین کە گۆڕانە کۆمەڵایەتییە بەدەستهاتووەکان لەڕووى کۆمەڵایەتییەوە نەبێت ناتوانین لە شایستەییەکانى تێبگەین و شیکاریی پاڵنەرە کۆمەڵایەتییەکانى بکەین، بەتایبەتی ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە لەم دواییانەدا لەژێر ناوی بەهاری عەرەبیدا ڕوویاندا، لەگەڵ هەموو کاریگەریی و پاڵنەرەکانیان. کەواتە ئەوەی کۆمەڵایەتییە تەنها بەو شتە ڕوون دەکرێتەوە کە کۆمەڵایەتییە، وەک چۆن پێشووتر دورکهایم وتی..
پاڵنەرەکانی شۆڕشی فەڕەنسی و شۆڕشی پیشەسازی تاقیگەیەکی کۆمەڵایەتییان بۆ پشکنین و گەڕان لە بابەتە بڵاوکراوەکانی مۆدێرنیتەى پەرشوبڵاودا خوڵقاند، کە ڕواڵەتەکانى کۆمەڵگەی ئەوروپی گۆڕی بەرەو باوەڕبوون بە : (پۆزەتیڤیزم، زانست، ژیری، باوەڕێکی بەهێز بە پێویستی پێشکەوتن، جەختکردنەوە لەسەر بەرهەمهێنان و قازانجخوازی، دەوڵەتی نەتەوەیی. هتد). هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەى کۆمەڵناسی وەک زانستێکی پۆزەتیڤستی بەدواى ئەو یاسایانەدا بگەڕێت کە پڕۆسەی کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەن، هاوکات بە شێوەیەکی بابەتیانە لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەکۆڵێتەوە، دەروازەیەکى ئەقڵانی هەیە کە باوەڕی بە کردە ئامڕازی/ بەرهەمهێنان هەیە، هەروەها باوەڕی بە بیرۆکەی پێشکەوتن و شارستانییبوون هەیە و، هەوڵی تێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی مۆدێرنیتە دەدات.