لاپەڕەی وەرزش
گرنگی و بە هەند وەرگرتنی وەرزش و وەرزشکاران و دام و دەزگا وەرزشییەکا، هەمیشە خەم و ئەرکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بووە، بە گوزەرێکی بەپەلە بەنێو پەیوەندیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وەرزش و وەرزشکاران و دامو دەزگا وەرزشییەکاندا، ئەوە دێتەوە یادمان کە سەرەتا ساڵانی نەوەدەکان لیژنەی باڵای وەرزش لەمەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی ئەوکاتی (ی.ن.ک) دامەزرا.
خزمەتە جیاجیاكانی (ی. ن. ك) كە پێشكەش بە توێژی وەرزشكاران و لاوانی كوردستانی كردووە، یەكجار زۆرن
ئەم هەنگاوەش لە كات و سات و سەردەمێكی سەختدا بوو كە هێشتا دێوەزمەی رژێمی بەعس هەڕەشەی جدی بوو بۆسەر ئەزمونی حوكمڕانی كوردستان، هەر ئەو هەوڵەش بووە هەوێنی دامەزراندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان لەساڵی 1995 -دا، ئەم بیرۆكەیەش راستەوخۆ بەپشتگیری و هاوكاری سەرۆك مام جەلالی رەحمەتی بوو.
هەر لەو سەردەم و كاتە ناسکەدا، خزمەتێکی تری وەرش و وەرزشکاران لە بواری میدیای وەرزشییدا بوو، هەموو لەیادمانە كە لە ژمارە سفر- ی رۆژنامەی كوردستانی نوێدا بابەتی وەرزشی هەبوو، دواتر هەر لەرۆژنامەی كوردستانی پاشكۆكانی مۆندیالی 1994 و 1998 و دواتر یەكەم پاشكۆی وەرزشیی ستادیۆم لەدایكبوو كە تا ئێستاش بەردەوامە.
تەلەفزیۆنی گەلی كوردستانیش كە كەناڵی دایكە، هەر لەسەرەتاوە بەرنامە و هەواڵی وەرزشیی هەبووە، تا ئێستاش ئەم كەناڵە و بەشی وەرزشەكەی بۆتە سەكۆیەك بۆ پەخشكردن و گواستنەوەی چالاكییە وەرزشییە گرنگەكان.
ئەگەر ئاوڕێك لە خزمەتە جیاجیاكانی تری (ی.ن.ك) بدەیەنەوە كە پێشكەش بە توێژی وەرزشكاران و لاوانی كوردستانی كردووە، ئەوا ناتوانرێت لەباسێكی وادا هەقی خۆیانی بدەینێ، خزمەتەكان یەكجار زۆرن، نۆژەنكردنەوەو فراوان كردنی یاریگای سلێمانی و كردنی بەم یاریگایەی ئێستا، کە سەرۆک مام جەلالی رەحمەتی خۆی بەرەسمی یاریگاكەی كردەوە، دیارییەکی تری (ی.ن.ك) ە بەتوێژی وەرزشکاران.
لەمانەش گرنگتر هەموو ئەوەمان لەبیرە پاش روخانی رژێمی بەعس، یەكەمین كۆنگرەی ئۆڵۆمپی عیراق لە سلێمانی بە ئامادە بوونی سەرۆك مام جەلال كارەكانی بەڕێكرد و لەدوكان كۆنگرەی خۆی بەست و لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق دوای پرۆسەی ئازادی عیراق یەکەم هەڵبژاردنی خۆی کرد.
ئێستاشی لەگەڵدا بێت وەرزش و وەرزشکاران و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوانەیەکی لێک جیا نەکراوەن و لە باسێک یان ستونێکی ئاوادا ناتوانرێت مافی تەواو بە باس و وردەکارییەکانی سەرجەم ئەو خزمەتانە بدەین، بە هیواین و داواشمان ئەوەیە لێپرسراوانی حزبی و حکومی کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پلە و پۆستیان وەرگرتووە، زیاتر لە خەمی وەرزشدا بن و زیاتر بچنە ناو وەرزش و وەرزشکاران و گرنگی و بایەخی وەرزش و وەرزشکاران بزانن و بەوەش توێژێکی بەرفراوان و زیندوو دەکەن بە دۆستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان.