بەهەوڵی مەڵبەندی قەرەچووغی یەكێتی

كێشەی جووتیارانی قەزای مەخموور و دەوروبەری چارەسەردەكرێت

11:50 - 2024-05-26
کوردستان
148 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا


دوای ئەوەی كێشە ‌و گرفت بۆ جووتیارانی سنووری قەزای مەخوور و گوندەكانی دەوروبەری دروستبوو لە تەسلیمكردنی بەرهەمی گەنمەكانیان بە سایلۆی قەزاكە، مەڵبەندی قەرەچووغی یەكێتی بەدواداچوونی بۆ ئەو گرفتە كرد و دوای ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتدارانی سنوورەكە، بەڵێنی چارەسەركردنیان درا.

جووتیارانی سنوورەكە گازاندەكانیان گەیاندووەتە مەڵبەندی قەرەچوغ
غازی فەیسەڵ كارگێڕی مەڵبەندی قەرەچووغی یەكێتی لە قەزای مەخموور، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا جووتیارانی دەشتی قەراج‌ و كەندێناوە گلەیی و گازاندەكانیان گەیاندە مەڵبەندی قەرەچووغ، لەوەی لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی گەنمەكانیان و وەرزی دروێنە ئاستەنگیان بۆ دروستدەكرێت، ئێمە وەك مەڵبەندی قەرەچووغ ئەو داواكارییانەمان گەیاندە وەزیری كشتوكاڵی هەرێم‌ و سەرۆكی دەستەی ناوچە جێناكۆكەكانی كوردستان.

ئەو بەڵێنانەی بە جووتیاران دراوە
ئەوەشی خستەڕوو كە هەر بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیمان بە نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد، خاتوو ئەحلام رەمەزان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران هاتە سەر خەت و گەیشتە قەزای مەخموور، پاشان بەیەكەوە و بە ئامادەبوونی نوێنەری جووتیارانی سنوورەكە، سەردانی سایلۆی مەخموور و قیادەی فرقەی 14ی سوپای عیراقمان كرد، دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەنێوان هەردوولا، كە نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵی عیراقی تێدابوو، بەڵێنیاندا گەنمی جووتیارانی راستەقینەی سنووری قەراج و كەندێناوە وەربگرن‌ و نەهێڵن هیچ جووتیارێكی گوندەكان گەنمیان لەسەر زەوی بمێنێتەوە. هەروەها بەڵێندرا كێشەی وەستانی ئۆتۆمبێلی جووتیاران چارەسەربكرێت‌ و رێكبخرێتەوە، كە ماوەیەكی زۆرە گەنمیان باركردووە و لەبەردەم سایلۆی مەخموور ماونەتەوە.

پارەیەكی زۆری جووتیاران بەهەدەردەچێت
هەر لەوبارەیەوە، یوسف عەلی جووتیار لە قەزای مەخموور لەسەر ئەو گرفتە بۆ كوردستانی نوێ دواو وتی: ئەوان كێشەیەكی زۆر گەورەیان هەیە لە تەسلیمكردنی بەرهەمی گەنمەكانیان بە سایلۆی مەخموور، بەجۆرێك ئەوەی لەو سایلۆیە بەدیدەكرێت لە هیچ شوێنێكی عیراق نییە. وتیشی: ئێمە وەك جووتیارانی ئەم سنوورە پارەیەكی زۆرمان داوە بە ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی بەرهەمەكانمان و مانەوە لە نۆرەی سایلۆدا، كەچی بەشێكی زۆری گەنمەكانمان رەتدەكرێتەوە، یان بەكاتێكی زۆر دەكرێتە ژوورەوە، ئەمەش زیانێكی زۆر بە ئێمە دەگەیەنێت.

گرفتەكە لە ساڵی 2017وە هەیە
ئەو جووتیارە، دەستخۆشی لەو لایەنانە دەكات كە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتە دەدەن و وتی: غەدرێكی زۆر لە جووتیارانی سنووری مەخموور و گوندەكانی دەوروبەری دەكرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی سایلۆكە لەدەست ئیدارەی هەولێر دەرهێنراو خرایەسەر پارێزگای نەینەوا و لەدوای 2017وە ساڵانە گرفتی لەو جۆرە بۆ جووتیارانی كورد دووبارەدەبێتەوە.

#جوتیاران

بابەتە پەیوەندیدارەکان