مالیكی و خالیدی باسی رۆڵی یەكێتی دەكەن..

״مام جەلال كۆڵەکەیەكی گەورەی پرۆسەی سیاسیی عیراق بوو״

10:20 - 2024-05-27
ڕاپۆرت
416 جار خوێندراوەتەوە

لە چوارچێوەی هەفتەیادی (49)ــەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کوردستانی نوێ وێڕای بەرزڕاگرتنی ئەو یادە و خستنەڕووی رۆڵی ئەو حزبە و سەرۆک مام جەلال رابەر و دامەزرێنەری لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازیی کوردستان و خەباتی دیموکراسیی عیراقدا، پێی باش بوو تەوەرێک بکاتەوە تا لەو رێگەیەوە دید و تێڕوانینی سیاسەتمەدارانی عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی عیراق بخاتەڕوو. لەو رووەشەوە لە چوارچێوەی هەفتەیادەکەدا هەر رۆژە راو سەرنجی دوو کەسایەتی بڵاودەکاتەوە.

راپۆرتی/ ئیدریس جەبار 

هەریەک لە عەلی مالیكی سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و محەمەد خالیدی ئەمینداری گشتیی حزبی بەیاریق ئەلخەیر لە لێدوانەکانیاندا باس لە رۆڵی سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا و پێیانوایە، یەكێتی مێژوویەكی گەورەی هەبووە لە پێش پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە و لە دوای پرۆسەکەشەوە  كۆڵەكەیەكی گرنگی پرۆسەی سیاسی عیراقن، 
هەروەک ئاماژەش بە رۆڵی گەورەی سەرۆك مام جەلال  دەدەن لە راگرتنی هاوسەنگی و پاراستنی مافی تێكڕای پێكهاتەكانی عیراقدا بەبێ‌ جیاوازیی.
سەرۆك مام جەلال و سۆزە باوكانەکەی 
سەرەتا عەلی مالیكی سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، سەبارەت بە رۆڵی سەرۆك مام جەلال لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا بە کوردستانی نوێی وت:»مام جەلال سۆزێکی باوكانەی هەبوو بەرامبەر بە پرۆسەی سیاسی و بەرامبەر بە رەوشی عیراق بەشێوەیەكی گشتی، لەو رووەشەوە هەموو بەربەستەكانی تێدەپەڕاند و بڕوای بە جیاوازیی تایفی و رەگەزیی و ناوچەگەریی نەبوو، ئەو بە ناوی عیراق و هەموو عیراقییەكانەوە قسەی دەكرد. هەروەها دەڵێت: پیاوێكی گەورە بوو لە رووی پاراستنی هاووڵاتیان و نیشتمانەوە».
لەدەستدانی سەرۆك مام جەلال  زیانێکە قەرەبوو ناکرێتەوە
ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرۆك مام جەلال پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ نوری مالیكیدا هەبوو، یەکێک لە زیانە هەرە گەورەكان كە بەر مالیكی کەوت، ئەوەبوو كە سەرۆك مام جەلال كۆچی دوایی كرد و براكەی بە تەنیا بەجێهێشت. هەربۆیە کاتێک مام جەلال کۆچی دوایی کرد مالیكی وتی: «زوو بەجێیهێشتین و بەتەنیا ماینەوە»، چونکە نوری مالیكی زۆر پشتی بەو دەبەست و بڕوایەكی تەواوی بە سەرۆك مام جەلال هەبوو، چونکە هەر كاتێك دووچاری كێشە و تەنگژە بهاتایە، پەنای بۆ مام جەلال تاڵەبانی دەبرد.
بۆ بنیاتنانی دەوڵەت
عەلی مالیكی هەروەها دەڵێت:»لەو بڕوایەدام هیچ عیراقییەك نییە كە یادی مام جەلال دەكاتەوە، زەردەخەنە و شادی و هیوا و توانای ئەوی بەبیر نەیەتەوە، ئێمەی عیراقی پێویستمان بەوەیە ئیلهام لە تێڕوانینی ئەو وەربگرین تا توانامان هەبێت بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەت».
بۆیە بۆخۆم بەم شێوەیە لە سەرۆك مام جەلال تێگەیشتووم و دەتوانم بەمجۆرە گوزارشت لە گەورەیی ئەو پیاوە بكەم.
یەكێتی حزبێكی گەورە و تێكۆشەرە
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، محەمەد خالیدی، ئەمینداری گشتیی حزبی بەیاریق ئەلخەیر بە كوردستانی نوێ‌ -ی  راگەیاند: ی.ن.ک رۆڵی گەورەی هەبوو لە سەقامگیریی پرۆسەی سیاسیی عیراقدا و سەرۆك مام جەلالیش لەسەروو حزبەکەیەوە رۆڵی كاریگەریی هەبوو لە پرۆسەکە و گێڕانەوەی عیراق بۆ ناوەندە نێودەوڵەتی و لۆكاڵی و ئیقلیمییەکەی.
هەروەها وتی: یەكێتی حزبێكی گەورە و تێكۆشەرە، دەكرێت بڵێین یەکێکە لە كۆڵەكە بنەڕەتییەکانی راگرتنی پرۆسەی سیاسیی عیراق، وێڕای ئەو كێشانەش کە دووچاری بۆوە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەڵام یەكێتی رۆڵی بەرچاو و كاریگەریی هەبووە و هەیە و ناكرێت لەبەرچاو نەگیرێت و فەرامۆش بكرێت.
ئەو سیاسەتمەدارە عیراقییە دەشڵێت: «یەكێتی پەرلەمانتاری باش و كادری باشی هەیە، لەگەڵ زۆربەیاندا لە ئەنجومەنی نوێنەراندا كارم كردووە، بەو پێیەی لە ساڵی 2003وە تائێستا لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا كار دەكەم، بۆیە شایەتیی ئەوە دەدەم کە یەكێتی كاریگەریی زۆری هەیە و كەسایەتییەكانی حزبەكە گرنگ و كاریگەرن لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا».


عەلی مالیكی: مام جەلال  سۆزێکی باوكانەی هەبوو بەرامبەر بە پرۆسەی سیاسی و بەرامبەر بە رەوشی عیراق بەشێوەیەكی گشتی


محەمەد خالیدی:یەكێتی حزبێكی گەورە و تێكۆشەرە، یەکێکە لە كۆڵەكە بنەڕەتییەکانی راگرتنی پرۆسەی سیاسیی عیراق

 

#مام جەلال

بابەتە پەیوەندیدارەکان