بەختیار حەمەعەلی ناسراو بە بەختیار هەڵەبجەیی، جگەلەوەی فەرمانبەرە لە وەزارەتی رۆشنبیریی پەیكەرسازیشە، نزیكەی 30 ساڵە كاری هونەری دەكات و لە 150 پیشانگەدا بەشداری كردووە.
بەختیار هەڵەبجەیی بە دوالاپەڕەی وت: نزیكەی لە 150 پیشانگەدا بەشداریم كردووە، خاوەنی پێنج پیشانگەی تایبەت بە خۆمم، بە گشتی دوو جۆر كارمان هەیە، یەكێكیان ئەوەیە كە بۆ كاری هونەریی خۆتە و بە سایزی تا مەتر و زياتر دروستی دەكەیت و دواتریش لە پیشانگەیەك نمایشی دەكەیت، كارێكی كەمان هەیە پێیدەوترێ داواكاری دامودەزگایەك یان كەسێك یان رێكخراوێك، داوای پەیكەرێك دەكات بۆ شەهیدێك یان شاعیرێ یان بۆ جوانكاری شوێنێك.
بەختیار وتیشی: سەرەڕای هەموو شتێ من زیاتر پەیكەرتاشم، واتە بە بەرد و لە داریش كاردەكەم، كاری بەردیشم هەیە كە پەیكەری گەورەن بۆنموونە پەیكەرێكم بۆ دڵداری شاعیر دروستكردووە، تاكە كارێك كە زۆر لەلام پەسەندە بۆ ئەنفالم كردووە، ئەو كارەی كە بۆ ئەنفالم كردووە لە شێوەی فۆرمێكی جیاوازدا وەكو سمبولێكی ئاشتیش بەكاردێت وەك پەیكەرێكی سپی گەورەیە كەلەسەرێكی پێوەیە كەلەسەرەكە چاوی بەستراوە بە فیشەك كون كون كراوە، چونكە ئەوە بەسەر ئەنفالی كوردا هاتووە و بەو شێوەیە شەهیدكراون، شوێنی كارەكەم خۆشترین شوێنە لەلام، زۆرجار لای هاوڕێكانم دەڵێم بەهەشتەكەم، چونكە كارەكانم وەك منداڵی خۆم خۆشدەوێن و خزمەتیان دەكەم، شەو و رۆژیان بۆ دەخەمە سەریەك هەوڵیان بۆ دەدەم، نزیكەی سی ساڵە كاری هونەری دەكەم.
یەسنا محەمەد