حکومەتی هەرێم لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا تایبەت بە مووچە و پابەندییەکانی هەرێم جێبەجێ دەکات

03:12 - 2025-07-16
کوردستان
42 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: بڕیارمان داوە بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا تایبەت بە مووچەی مووچەخۆران و پابەندییەکانی هەرێم.

حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا تاوتوێی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و رێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە.

ئەوەش هاتووە، سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، وردەکاریی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە، خستەڕوو و ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لێکتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی، کە بڕیارە لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران "بە توندترین شێوە"، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی شەرمەزار کرد، زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان.

داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ئەوەی سنورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنێت و رێکاری یاساییش بەرانبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان