ئازاد ئیبراهیم
وەفدێكی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتیی فەهمی بورهان سەرۆكی لیژنەی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچە جێناكۆكەكان سەردانی شاری بەغدای كرد و چەندین دیداری گرنگی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچە جێناكۆكەكان و بەتایبەت كەركوك كرد و بەڵێنی چارەسەری كێشەكانیشیان لە دەسەڵاتدارانی عیراق وەرگرتووە.
فەهمی بورهان سەرۆكی لیژنەی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچە جێناكۆكەكان لەلێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ رایگەیاند، ئامانج لە سەردانەكەمان بۆ بەغدا، بۆ گفتوگۆبووە لەسەر كێشەكانی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان بەشێوەیەكی گشتی و لەدیارترینی ئەو كێشانەش زەویوزاری جوتیاران بوو، لەگەڵ بەرپرسانی بەغدادا بەجدی ئەم مەسەلانەمان تاوتوێكرد، پێمانڕاگەیاندن مەسەلەی چارەسەركردنی كێشەی كورد و توركمان و كۆی كێشەكانی ئەو ناوچانە بە بابەتێكی زۆر گرنگ دەزانین و پێمانوایە ماددەی 140 بنەمایەكی بنەڕەتییە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە.
وتیشی: ئەوەی بەدەستهات لەم كۆبوونەوانەدا ئەوەبوو كە ئەوان هەوڵەكانی وەزیری كشتوكاڵ كە مەعنییە بەم بابەتە و هەموو ئەو هەوڵانەیان بۆ باسكردین كە خستویانەتەگەڕ، من داواملێكردن دەبێت بە هاوكاری لە ئەنجومەنی وەزیران بابەتی تەداخولكردنی سوپا لەكاروباری هاووڵاتیان بەدوور بگیرێت و بەڵێنی هاوكارییان پێداین و پەرۆشی خۆیان پیشاندا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی كە زۆر گرنگ بوو ئێمە لەگەڵ لیژنەیەك كۆبووینەوە كە لە حەوت وەزارەت پێكهاتووە و لە رابردوودا سەردانی ناوچەكەیان كردبوو و راپۆرتیان ئامادەكردبوو.