رائید فەهمی، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی عیراق و عەبدوڵڵا زەیدی سەركردە لە رەوتی حیكمەی نیشتمانی، باس لە رۆڵی گرنگی سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن لە هاوكێشەی سیاسیی عیراقدا و جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرۆک مام جەلال نەک هەر لە هەرێم و عیراق بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەكەش و جیهانیش سەركردەیەك بوو کە رۆڵی دیاری بوو، یەكێتی-ش وەک حزب هەمیشە ژمارەیەكی قورسی ناو هاوکێشە و پرۆسەی سیاسیی عیراقە.
راپۆرتی/ ئیدریس جەبار
رائید فەهمی، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی عیراق، بە كوردستانی نوێ)ی رایگەیاند: سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن و لە دوای رووخانی رژێمی بەعسیش رۆڵی كاریگەرییان هەبووە لە هەرێم و عیراقدا و وتی: «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆندا سەرەكیترین لایەن بوو، لەسەر ئاستی عیراقی و كوردستانی و مام جەلال-یش بەردەوام جەختی لەسەر خاڵە هاوبەشەكان دەكردەوە، هاوکات ئامادەی هەموو كۆنگرە و بۆنە و چالاییەكانی پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنی عیراق دەبوو، جگەلەوەش هەر خۆی كەسایەتییەكی گرنگ بوو لە داڕشتن و دیاریكردنی ئاراستەی ئۆپۆزسیۆنی عیراقدا».
چارەسەری كێشە قورسەكان لای مام بوو
بە وتەی رائید فەهمی: «لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە، ئاڵنگارییەكی زۆر رووبەڕووی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی رژێمی پێشوو بووەوە، جیاوازیی و ناكۆكییەكان زۆربوون، بەجۆرێک خەریك بوو دەبووە مایەی تێكدانی كاریی پێكەوەیی، ئەوەی كە هەموان گەواهی لەسەر دەدەن و من یەكێكم لەوانە، ئەوەیە كە مام جەلال كاتێك سەرۆكایەتیی كۆماری گرتەدەست، رۆڵی سەرۆكایەتی كۆماری تێپەڕاند، ئەمەش بەهۆی كەسایەتی و دەستپێشخەرییەكانی و پێگە گەورەكەی لەنێو ئۆپۆزسیۆنی پێشوودا، بەڵکو ئەو رۆڵی سەرەكیی سەرکردەیەکی هەبوو بۆ یەكلایی كردنەوەی کێشە و ناكۆكییەكان کە هەموان گوێیان لێدەگرت و قەناعەتیان بە بۆچوونەکانی هەبوو سەبارەت بە نزیككردنەوەی راوبۆچوونەكان و بەئاسانی راییكردنی كارەكان».
وتیشی: «سەرۆک تاڵەبانی لە كێشە قورسەكاندا كە چارەسەرنەكردنیان دەبووە بەربەست لەبەردەم داڕشتنی پرۆژە یاساكانی پەیوەست بە بنیاتنانەوەی دەوڵەت و رێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەكان رۆڵی رابەری نیشتمانیی دەبینی».
رائید فەهمی: مام جەلال كاتێك سەرۆك كۆمار بوو، رۆڵی سەرۆكی تێپەڕاند، بەهۆی كەسایەتی و دەستپێشخەریی و پێگەکەیەوە، ئەو رۆڵی سەرکردەیەکی گەورەی هەبوو کە هەموان گوێیان لێدەگرت و قەناعەتیان بە بۆچوونەکانی هەبوو
بەرگریی لە مافی گەلی كوردیش دەكرد
ئاماژەشی بەوە دا کە ئەو رۆڵەی سەرۆك مام جەلال دەیبینی، ئەستەمە قەرەبوو بكرێتەوە، چونكە پێگەیەكی مێژوویی هەبوو و تەنانەت ئەو هێزە سیاسییانەی جیاوازیشیان لەگەڵیدا هەبوو، رێزییان لێدەگرت، بەهۆی ئەو پێگە و كەسایەتی و رۆڵەوە کە هەیبوو بۆ چەسپاندنی پرەنسیپی هاووڵاتیبوون و كۆكردنەوەی داواكارییە دروستەكان بۆ مافەكانی كورد و بەرگریكردن لێیان ئەوە جگە لەوەی بە حوکمی پێگەکەی، بەرگریكردن لە عیراقیشی لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکاندا کردبووە ئەرکی سەرەکیی خۆی .
یەكێتی حزبێكی رەسەنە
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، عەبدوڵڵا زەیدی سەركردە لە رەوتی حیكمەی نیشتمانی بە كوردستانی نوێ - ی راگەیاند:»یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی رەسەنە کە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا دامەزراوە، ئەو حزبە رەگ و ریشەی مێژوویی بۆ پێش حەفتاكانیش دەگەڕێتەوە، خەباتی یەكێتی بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان بوو بۆ گەلی كوردستان، بۆ ئەوە بوو دەنگییان هەبێت و ببنە هاووڵاتی پلە یەك لە عیراقدا، مام جەلال هات و سەركردایەتی ئەم كاروانەی كرد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی پێكهێنا».
زەیدی هەروەها دەڵێت: «مام جەلال تێكۆشەر و بیرمەند و سەركردە بوو، پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ سەركردەكانی هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكانی دژبە رژێمی پێشوو هەبوو، وێڕای پەیوەندییە ئیقلیمییە ئەرێنییەكانی، توانی شتێك پێشكەش بە گەلی كورد بكات، ئەو درێژەی بە خەباتدا تا رووخانی رژێمی سەدام، لە دوای ساڵی 2003 شەوە توانی ئەو ئەزموونەی هەیبوو بە سەركەوتویی لە سەرۆكایەتی كۆمار و سەركردایەتیكردنی حزبەكەیدا درێژەی پێبدات».
ئەو سەركردەیەی رەوتی حیكمە دەڵێت: «لە قۆناغی دوای رووخانی رژێمەوە کە بە قۆناغێکی مێژوویی و وێستگەیەکی وەرچەرخان دادەنرێت، سەرۆك مام جەلال رۆڵی سەرەكی هەبوو لە بەرنامەڕێژی بۆ سەرپێخستنەوەی دەوڵەت و پێكهێنانی پرۆسەی سیاسیی نوێی عیراق، ئەو نموونەیەك بوو بۆ سەركەوتوویی، چونکە بە چاوی سەرکردەیەکی نیشتمانی لە هەموانی دەڕوانی، سەرۆك مام جەلال دەنگێکی میانڕەو بوو، بەردەوام لایەنگری چارەسەری ئاشتییانە بوو، هەرگیز نەیدەویست و نەیدەهێشت كێشەکان بەرەو دەرگای داخراو و تونێلی تاریک بڕۆن، بۆیە هەمیشە کلیک و رووناکییەک لای ئەو هەبوو بۆ چارەسەری کێشەکان.
ئەم هەڵوێستانە تا هەتایە بە نەمری بە ناوی مام جەلال-ەوە دەمێننەوە و وایانكرد مام جەلال نەك هەر لەسەر ئاستی سەركردە نیشتمانییەكان بمێنێتەوە، بەڵكو ئاستی سەركردایەتیكردنەكەی وڵاتانی ئیقلیمیشی گرتەوە، هەر كاتێك ناوی مام جەلال بهاتبایە، وەك سەركردەیەكی سیاسی و كەسایەتییەكی میانڕەو پەنجەی بۆ درێژدەكرا كە دەیتوانی لە قۆناغێكی زۆر قورسدا هاوسەنگی لەنێوان هەمواندا دروستبكات».
عەبدوڵڵا زەیدی: بە ئومێدین بافڵ تاڵەبانی وەک ئێستا بەردەوام بێت لە بەرزڕاگرتنی رۆڵی ی.ن.ک لە هاوکێشەکاندا، بەتایبەتی کە یەكێتی ژمارەیەكی گرنگ و قورسی نێو هاوكێشەی سیاسیی کوردستان و عیراق و ناوچەکەشە
یەكێتی ژمارەیەكی گرنگ و قورسی ناو هاوكێشەکەیە
عەبدوڵڵا زەیدی، لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت:»بەراستی جێپەنجەی مام جەلال دیارە و بە كۆچی دوایی ئەو كەلێنێكی سیاسی گەورەی لەدوای خۆی بەجێهێشت لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا، لەم قۆناغەشدا پێویستمان بەو رۆڵەیە كە سەرۆك مام جەلال دەیگێڕا، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، حزبێكە هەمیشە لە نوێبوونەوەدایە و سەركردە بەرهەم دەهێنێت، بۆیە ئومێدمان وایە بافڵ جەلال تاڵەبانی كوڕی مام جەلال لەسەر هەمان رێبازی باوكی بڕوات و جێپەنجەی تایبەتی خۆی هەبێت لە هاوکێشەکاندا و ئەزموونێكی ئەرێنی هەبێت لە كاری سیاسی ئەم قۆناغەدا، بەتایبەتی کە ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ژمارەیەكی گرنگ و قورسی نێو هاوكێشەی سیاسیی ناوچەکە و عیراق و کوردستانیشە، بۆیە هیوای سەركەوتن و سەرفرازییان بۆ دەخوازیین».