(هونه‌رمه‌ندان به‌ پێی مه‌زاج بایه‌خیان پێدراوه‌ نه‌ك وه‌كو ئاستی هونه‌ریی)

حه‌مید بانه‌یی: گۆرانی شەوی هیجران منی بە خەڵک ناساند

11:45 - 2024-05-30
دیدار
135 جار خوێندراوەتەوە

حه‌مید عه‌بدوڵڵا كە به‌ حه‌مید بانه‌یی ناسراوه‌، هونەرمەندە و جگه‌ له‌ بواری هونه‌ر له‌ راگه‌یاندن و شانۆشدا كاریكردووه‌، له‌ فێستیڤاڵی ساڵی حه‌فتا و هه‌شتاكان به‌شداربووه‌.
حه‌مید بانه‌یی به‌ دوالاپه‌ڕه‌ی وت: جگه‌ له‌ هونه‌ر له‌ بواری راگه‌یاندنیشدا كارم كردووه‌، له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی كه‌ناڵی كوردسات-‌ەوە كاری وه‌رگێڕان و دۆبلاژكردنی به‌رنامه‌ بەرنامەی دۆكیومێنتاریيم كردووه‌، هه‌روه‌ها له‌ بواری بێژەریدا به‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و فارسی كارم كردووه‌، ئێستاش له‌ راگه‌یاندندا هه‌ر به‌رده‌وامم، له‌منداڵییه‌وه‌ خولیای هونه‌رم هه‌بووه‌.
حه‌مید وتیشی: ئه‌لبومێكم هه‌یه ‌له‌ هه‌شت تراك پێكهاتووه‌ كه‌ ساڵی 2009 ده‌رچووه‌، به‌ڵام پێشتریش گۆرانی ترم وتووه‌ته‌وه‌، ئه‌لبومێكم هه‌یه‌ به‌ ناوی (لێواری شه‌و) كه‌ شیعری شاعیری جوانه‌مه‌رگ عیرفان ئەحمەدە، ئه‌و گۆرانیه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نزیكترین گۆرانییه‌كان به‌رۆحی من، بێگومان هێنده‌ی كلیپ گۆرانیبێژ ده‌ناسێنیت بابه‌ته‌كانی تر نایناسێنێت،  گۆرانيی شه‌وی هیجران كه‌ كراوە بە كلیپ و بڵاوبوەتەوە، منی به‌ خه‌ڵك ناساند، له‌ زۆر كۆنسێرتدا به‌شداربووم، به‌ڵام هه‌رگیز له‌ لایڤ موزیكدا به‌شداریم نه‌كردووه‌،  به‌ربه‌سته‌كان  دڵته‌نگم ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی رێ له‌ هه‌ندێك كاری هونه‌ریی ده‌گرن، چونكه‌ هونه‌رمه‌ندان به‌ پێی مه‌زاج بایه‌خیان پێدراوه‌ نه‌ك وه‌كو ئاستی هونه‌ریی، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا دوو كتێبم وه‌رگێڕایه‌ سه‌ر زمانی كوردی، یه‌كێكیان رۆمانێكی تۆفیق ئەلحەكیم-ە به‌ناوی (كه‌ره‌كه‌م پێی گوتم) و (مێژووی ژیانی موزیك) كه‌ ئه‌ویش كتێبێكی گه‌وره‌بوو، نزیكه‌ی 452 لاپەڕەیە ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م چاپی كردووه‌، به‌ڵام وه‌كو گۆرانی ‌ هه‌وڵی خۆم ده‌ده‌م كه‌ بتوانم به‌رده‌وامبم تیایدا.
یه‌سنا محه‌مه‌د

بابەتە پەیوەندیدارەکان