دەرباز کۆسرەت رەسوڵ پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق دەکات
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/6/2022 لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی کرد لە خاتوو ئەلینە ئێڵ رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق و وەفدی هاوڕێی.
لە دیدارەکەدا کە خالید شوانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق کرد و هیوای خواست رۆڵی ئیجابی بگێڕێ لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
دۆخی عیراق و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی عیراقی تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو، هەردوولا دیدو تێڕوانینی خۆیان خستەڕوو و جەختیان لە پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتمانی کردەوە.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ دیدو تێڕوانینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستەڕوو و رایگەیاند کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پێداگرە لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی عیراقی، کە سەرجەم هێزو لایەنەکان بەشداربن و بنەمای پێکهێنانی حکومەتەکە خزمەتکردن و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بێ بە عیراقییەکان.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ گوتیشی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتاوە رامانگەیاندووە کە دەمانەوێت کورد بە وەرەقەیەکی هاوبەشی کوردستانی بەشداری بکات لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت و هەموومان پێکەوە داکۆکی بکەین لە مافە دەستووری و نەتەوەییەکانمان.
کۆتا تەوەری کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی کوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق گفتوگۆی وردی بابەتەکانیان کردو سەرنجی خۆیان خستەڕوو.