ژیانی مۆدێرن وەک قاچار قوچار

لە رۆمانی «قاچار قوچار»دا

10:49 - 2025-07-03
ئەدەب و هونەر
23 جار خوێندراوەتەوە

 بەختیار حەمەسوور

کچ و کوڕێک، کە ئێستا ئیدی ژن ومێردن و لە مانگی هەنگوینییدان، روویان لە شارێکی تر و هاوینەهەوارێکی جوان کردووە، لەپڕ تازەزاوا هەوەسی دەبزوێ و لە چەقی بازاڕکردندا، بە تازەبووک دەڵێت دەبێت بگەڕێنەوە هۆتێل، دەگەڕێنەوە و هەر بە پەلە جلەکانیان دادەکەنن، تازەزاوا دەیەوێت قەیتانی جلەکانی تازەبووک بکاتەوە، قەیتانەکە لێک دەئاڵۆزکێ و بەوەش ئاستەنگ دروست دەبێت. تازەبووک بزەیەک دەیگرێ و دەڵێت: «قەیتانەکە تووشی قاچار قوچار بوو!»، تازەزاوا دەڵێت: ئەوە چ زمانێک بوو قسەت پێ کرد، تازەبووک دەڵێت: ئەوە زمانێکی تایبەتە و لە تەواوی دنیادا تەنیا چوار کەس دەیزانن: دایکم، باوکم، براکەم و من. چیرۆکەکەش بەو جۆرەیە: کاتێک براکەی بە منداڵی خەریکی دەزووی کۆلارە بووە و تەواوی دەزووەکە پێکدا ئاڵۆزکاوە، ئەویش هەرچەند دەکات بۆی لێک جیا ناکرێتەوە و تەواو وەڕز و بێزار دەبێت، دەزووەکە فڕێ دەدات و دەڵێت: «هەمووی قاچار قوچار بووە.» ئیدی لەوێوە لەو خێزانەدا ئەو وشەیە هاوبەرانبەری وشەی «ئاڵۆزکان» دەبێت؛ کە وایە ناوی رۆمانەکە بە سەرناوی «ئاڵۆزکان»ـە و بەوەش جیا لەو خێزانە چوار کەسییە، تازەزاوا و تەواوی هەموو ئەو کەسانەش کە ئەم رۆمانە دەخوێننەوە، دەزانن هاوواتای «قاچار قوچار» چییە.
رۆمانی «قاچار قوچار» لە نووسینی نووسەری هندیی (ڤیڤیک شانبهانگ)ە، جەبار سابیر لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە درێژەی چاپکراوەکانی ساڵی 2023 دا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەم رۆمانە ئەگەرچی بە قەوارە بچکۆلەیە و لە137  لاپەڕەدا نووسراوە، بەڵام یەکێکە لە رۆمانە گرنگەکانی ئەدەبی نوێی هندی، بە تایبەت لەم دە ساڵەی دواییدا. (ڤیڤیک شانبهانگ) ساڵی 1962 لە هەرێمی کاناتاکای باشووری خۆرئاوای هندستان لەدایک بووە. ڤیڤیک بە دیالێکی کانادەیی دەنووسێ، کە زاراوەی فەرمیی ئەو هەرێمەیە. ئەم زاراوەیە یەکێکە لە بنزارەکانی زمانە دراویدییەکان، کە نزیکەی چل ملیۆن کەس قسەی پێ دەکەن. ئەم نووسەرە تا ئێستا هەشت کتێبی بڵاو کردووەتەوە، پێکدێن لە دوو رۆمان و دوو شانۆنامە و پێج کۆمەڵەچیرۆک. رۆمانی «ماچی سەکینە» ساڵی 2023بڵاو بووەتەوە، بەڵام ئەم رۆمانەی، واتا «قاچار قوچار» ساڵی 2015 بڵاو بووەتەوە و جگە لەوەی بۆ زۆرینەی دیالێکتەکانی زمانی هندی وەرگێڕدراوە، یەکەمین کتێبی (ڤیڤیک شانبهانگ)یشە کە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئینگلیزی و دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت.
ئەگەر بمانەوێت چەند دێڕێک سەبارەت بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە و هاوچەشنەکانی بڵێین، ئەوا دەتوانین بنووسین ئەدەبیاتی لەم شێوەیە، ئەدەبیاتێک کە سەر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و نزیکییەکی کەلتوریی زۆری لەگەڵ ئێمەدا هەیە، دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت لە کۆمەڵێک لایەنەوە، یەک لەوانە لە رووی تێما و بابەتەوە، بە نموونە ئەم رۆمانە تێماکەی هەر دەڵێیت لەنێو کۆمەڵگەی خۆماندا روو دەدات، ئەو کێشە و گرفتانەی تووشی خێزان و تاکێکی هندی دێن، هەمان ئەو کێشە و گرفتانەن کە لای ئێمەیش برەویان هەیە و بەردەوام دەبنە ئاستەنگ و لەمپەر لە بەردەم ژیانی هەر رۆژێکماندا. خاڵێکی تر ئاشنابوونی دەنگی نوێی ئەدەبیاتە بە خوێنەرانی کورد، نووسەرانێک، کە بە نووسین دیدگای جیاوازیان بۆ دنیای دەوروبەریان هەیە و بە نووسینەکانیان بەشدارییەکی کارا دەکەن لە سەرخستن و بەرچاویی کۆمەڵگەکەیان بە هەموو ئەوەی کە هەیانە. خوێندنەوەی ئەم دەنگە تازانە، کە لە پەنجەرەی وەرگێڕانەوە دێنە پانتایی ئەدەبیاتی کوردییەوە، دەروازەیەکی گرنگ بەسەر فرەشێوازی و فرەدەنگی نووسیندا دەکەنەوە، چیدی خوێنەری کورد دەق بە یەک شێواز و دەنگەوە ناگرێ و هەمیشە لە خەیاڵیدا نووسەرانی تریش هەن بە دیدگا و روانینی جیاوازەوە.

 

ئەم رۆمانە تێماکەی هەر دەڵێیت لەنێو کۆمەڵگەی خۆماندا روودەدات، ئەو کێشە و گرفتانەی تووشی خێزان و تاکێکی هندی دێن، هەمان ئەو کێشە و گرفتانەن کە لای ئێمەش برەویان هەیە و بەردەوام دەبنە ئاستەنگ و لەمپەر لە بەردەم ژیانی هەر رۆژێکماندا. خاڵێکی تر ئاشنابوونی دەنگی نوێی ئەدەبیاتە بە خوێنەرانی کورد

 

رۆمانی «قاچار قوچار» نوێنەری سەردەمی ئێستای کۆمەڵگەی هندستانە، ئەگەرچی کۆی رووداوەکانی ئەم رۆمانە لە رووبەرێکی مینیماڵ و لە چوارچێوەی خێزانێکی چەند ئەندامیدا روو دەدات، بەڵام خوێنەر لە خوێندنەوەی کۆی کارەکەدا دەگات بە وێنەیەکی گەورەتر، کە هەمان وێنەی ئەمڕۆی هندستانە لە دنیای مۆدێرندا. چیرۆکی رۆمانەکە باس لە خێزانێکی چوار کەسی دەکات، هاوکات مامێکیشیان لەگەڵیان دەژی، واتە پێنج ئەندامن. ریتمی رۆمانەکە و گەڵاڵەی دروستبوونی کۆی رووداوەکان لەپڕ و یەکجار نییە، بەڵکو بە شێوەی نەختە نەختە و هێور هێور دەخرێتە روو، خوێنەر لە هەڵدانەوەی هەر بەشێک و دەستپێکی بەشێکی نوێدا، بەشێک لەو هێڵە سەرەکییەی لەبەر چاو روون دەبێتەوە کە نووسەرەکەی هەر لە سەرەتاوە خەریکە دەیچنێت. لەپاڵ ئەوەی کە ماڵێک و مێزیک هەیە ئەندامانی خێزان لە دەوری کۆدەبنەوە و خەریکن چیرۆکەکە دەگێڕنەوە، هاوکات چەند شوێنی وەک کافێ و کارگە و شەقامیش هەن، کە رۆڵی بنچینەیی لە گۆڕانی حەکایەتەکەدا دەگێڕن.
رۆمانەکە لە کافێیەکدا دەست پێ دەکات و لە هەمان کافێدا کۆتایی دێت. بەسەرهاتەکان سەرەتا بە سادەیی روو دەدەن، وەک ئەوەی هیچ شتێکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبێت، بەڵام لەبەرەوە هەرجارەو بە هۆکارێک ئەم سادەییە لەبەین دەچێت، سەرەتا بە لەدەستدانی کاری باوک دەست پێ دەکات، لە کارەکەی دەردەکرێت کە کاری دابەشکردنی چایە، ئەمەیش بە هۆکاری ئەوەی دنیا بەرەو پێش چووە و کاری دابەشکردن چیدی پێویستی بە کەس نییە و شتانی تر، ئامرازەکانی دنیای نوێی ئەمڕۆ دەتوانن ئەو کارە بکەن. ئەم دیمەنە (لەدەستدانی کاری باوک و ناردنەوەی بۆ ماڵەوە) دەمانخاتەوە یادی شانۆنامەی «مردنی دێوەرەیەک»ی هێنری میلەر، لەوێشدا باوک تووشی هەمان کارەسات دەبێتەوە، خاڵە سەرەکییەکە لە هەردووکیاندا ئابوورییە، بەو جیاوازییەوە: لای (میلەر) کارەساتەکە بەردەوام دەبێت و بە خۆکۆژیی باوک دەگات، بەڵام لای (ڤیڤیک)، باوک دەچێتە بارێکی باشتر لەوەی پێشوو.
«قاچار قوچار» بە شێوەیەکی زۆر تایبەت دەرگیری چینی ناوەندی کۆمەڵگەیە، ئەو چینەی زۆرترین جووڵە و ململانێی تێدایە بۆ ئەوەی دانەبەزێت بۆ چینی خوارتر و لە کۆشش و جۆشش دایە بۆ هەڵکشان بەرەو چینی سەروو. ئەم خێزانە کاتێک لە ڕێی مامیانەوە دەست دەدەنە کاری داوودەرمان فرۆشتن، باری گوزەرانیان بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێ و بەوەش خانووەکەیان لە خوارووی شارەوە دەگوازنەوە بۆ سەرووی شار. ئیدی ئەو ژیانە ساکارەی پێشووش نامێنێت، دەبێت بە ژیانێکی پڕکار و پڕجووڵە، ژیانێک کە تەرخان دەبێت بۆ پارەپەیداکردن، پیاوەکان هەر زوو دەچنە دەرەوە و درەنگانێک دەگەڕێنەوە.
گێڕەرەوە، کوڕی ماڵەکەیە، لە نێوان منداڵی و ئێستایدا گەمەی گێڕانەوەمان لەگەڵدا دەکات، بەردەوام لە رێی گێڕانەوەکانی ئەمەوە ئێمە کەسانی خێزانەکە و ئەوانی تریش دەناسین، بە هەموو تایبەتمەندییەکیانەوە. لە ماجەرای رۆمانەکەدا ئێمە دەتوانین ئەو هێڵە ببینینەوە کە چۆن چینێک پێیدا هەڵدەکشێ بەرەو سەرووتر، چۆن لەگەڵیشیدا کۆمەڵێک خەسڵەت بۆ هەمیشە دەگۆڕێن و لە هەوایەکی تردا و بە جۆرێکی تر دەژین. گێڕەرەوە(کە هەمان تازەزاوایە و وا لە سەرەتادا ناوی هاتووە) کاتێک هاوسەرگیریی لەگەڵ کچێک بە ناوی «ئانیتا» دەکات و سەر بە خێزانێکی مامۆستایە و ئەمانیش کاسبکار، روونتر ئەو جیاوازییە چینایەتییە دەردەخات، هەر ئەم جیاوازییەشە سەرئەنجامەکەی دەگاتە لێک جیابوونەوە.
هێڵکاری رۆمانەکە بە جۆرێک کێشراوە لە رێی هەر کەسێتییەکەوە گۆشەیەک لە کۆمەڵگە روون بکرێتەوە، بە واتایەی تر، هەر کارەکتەرێک لەم رۆمانەدا پنتێک لە پەناوپەسێوی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی مۆدێرنی هندی پێشان دەدات، هەر ئەمەش کارێکی کردووە «قاچار قوچار» لەو رووبەرە بچووکەدا پڕ بێت لە چیرۆکی پێکداهەڵپژاو و سەیروسەمەرە، کە تێکڕاش دەگەڕێنەوە و لە چەقێکدا، کە بنەماڵەیە، یەک دەگرنەوە. زمانی گێڕانەوە زمانێکە لە نێوان تەنز و راشکاویدا دێت و دەچێت، لەگەڵ هەڵکشانی رووداوەکاندا ئەم زمانەش دراماتیکتر دەبێت، هاوکات لە کورترین دەربڕین و چڕترین رستە سوودمەندە، بێگومان دەستگرتن بەم تایبەتمەندییانەوە، لە پلەی یەکەمدا بۆ وەرگێڕی کوردیی ئەم رۆمانە دەگەڕێتەوە.
ژیان لە ئەمڕۆدا، لە سەردەمی مۆدێرندا، رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر و سەختتر دەبێت، مرۆڤەکان لێک دوور دەکەونەوە، بە تایبەت بۆ ئەو چینەی دەستی تێکەڵ بە سەرمایە دەبێت و پارە هاری دەکات، «قاچار قوچار» رێک لەو خاڵەدا گوتارەکەی ئاراستە دەکات، خێزانێک کە رۆژانێک لە دەوری یەکدیی کۆ دەبوونەوە و گاڵتە و لە خۆشەوسیتییەوە ناو و ناتۆرەیان لێکتر دەنا، ئێستا کاتی ئەوەیان نییە، لە بڕگەیەکدا، بۆ ساتێک خێزانەکە دەکەونەوە ناو ئەو دنیایە و لە دەوری مێزێک خڕ دەبنەوە، وەک ئەوەی سەدەیەک بێت ئەو شێوەژیانەی رابردوویان بەجێ هێشتبێت. 
ئێستا ئیتر گرفتەکان بەو سادەییەی پێشوو نین، ئاڵۆزکاون، کەسەکان خەریکە بە یەکتر نامۆ دەبن، یەکتر ناناسنەوە، ئەگەرچی لەژێر یەک سەقفیشدا دەژین.
ئەم رۆمانە لە ئایدیایەکی سادەوە؛ گرێکوێرەی قەیتانی تەنوورەیەک، ناوەکەی بۆ هەڵبژێردراوە، بەڵام فراوانتر ئەم ئایدیایە دەکشێنێت بۆ دۆخی کۆمەڵگە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا، وردتر: دەریدەخات لە ژیانی هەریەکەماندا کۆمەڵێک گرێکوێرە هەن، کە ژیانمان پێیانەوە بەستراوە و تووشی جۆرێک لە وەستان هاتووە. دوایین وشەی گێڕەرەوەش جەختی هەمان ناونیشان و کۆی رووداوە ئاڵۆزەکانی رۆمانەکەیە، لەو کاتەدا لە کافێکە دانیشتووە و دەستی بە پەرداخێک کە نائاگا لە دەستی بەر بووەتەوە، بڕاوە، کابرای قاوەخانە، کە ناوی ڤینسنتە پێی دەڵێت: «قوربان، باشترە دەستت بشۆیت، خوێناویی بووە». ئەمە دۆخی گێڕەوەیە: «وشک دەبم. چ باسە؟ ئەمە چ گڵۆڵەیەکی ئاڵۆزکاوە کە تێیدا گیرم خواردووە؟ بە دڵنیاییەوە رێگەی چوونە دەرەوە لە گڵۆڵەکە دەدۆزرێتەوە... وشەکان خۆبەخۆ هێرش بۆ مێشکم دەهێنن، قاچار قوچار.»

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان