رائید فەهمی، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی عیراق و عەبدوڵڵا زەیدی سەركردە لە رەوتی حیكمەی نیشتمانی، باس لە رۆڵی گرنگی سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن لە هاوكێشەی سیاسیی عیراقدا و جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرۆک مام جەلال نەک هەر لە هەرێم و عیراق بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەكەش و جیهانیش سەركردەیەك بوو کە رۆڵی دیاری بوو، یەكێتی-ش وەک حزب هەمیشە ژمارەیەكی قورسی ناو هاوکێشە و پرۆسەی سیاسیی عیراقە.
راپۆرتی/ ئیدریس جەبار
ساڵح موتڵەگ، جێگری پێشووتری سەرۆك وەزیرانی عیراق و رەعد دەهلەكی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و عەبدولهادی سەعداوی، سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پیرۆزبایی 49ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ی.ن.ک دەكەن و هیواخوازن یەكێتی لەسەر رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال بەردەوام بێت و ئاماژەش بە رۆڵی سەرۆك مام جەلال دەكەن لە چارەسەری كێشەكان و یەكێتیش بە حزبێكی گرنگی ناو پڕۆسەی سیاسی وەسف دەكەن.
سەردەمێكی سەخت
سەرەتا ساڵح موتڵەگ، لە كوردستانی نوێ -وە پیرۆزبایی ئاراستەی یەكێتی کرد و وتی: سەرۆك مام جەلال ئەو سەردەمەی سەرۆك مام جەلال پۆستی سەرۆكایەتی گرتەدەست، قۆناغێكی قورس بوو بۆ هەموان، بەڵام توانی بە سەركەوتوویی تێیپەڕێنێت.
گەورەیی و لێبوردەیی سەرۆك مام جەلال
ساڵح موتڵەگ دەڵێت: ، ئەو پیاوە لێبوردە بوو لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئەوانی تردا، خاوەنی دڵ و دەروونێكی باش بوو، هەرگیز دەستی نەدەنا بەڕووی كەسەوە ئەگەر داوایەکی لێ بکردایە، كەسایەتییەكی هاوسەنگ و میانڕەو بوو، هەوڵیدەدا چارەسەری ئەو تەنگژانە بكات كە لەو سەردەمەدا روویاندەدا، سەرەڕای سەختی قۆناغەکەش، بەڵام تا ئەندازەیەكی باش توانی زۆرێك لە كێشەكان چارەسەر بكات، چونکە هەرگیز لە هەوڵدان بۆ چارەسەر کۆڵی نەدەدا ئەوەش تەنها لەپێناوی سەقامگیریی پرۆسەی سیاسیدا.
وتیشی: «ئەگەر تەبابووبم یان ناكۆك لەگەڵیدا، ئەوە لەو راستییەی نەگۆڕیوە کە ئەو پیاوێك بوو حەزی لە بەریەككەوتن و دووبەرەكی و تۆڵەكردنەوە و ئازاردانی کەسانی تر نەبوو، تەنانەت نەیارەکانیشیداو کەسێکی گەورە و بەخشندە بوو.
لە كۆتاییشدا موتڵەگ هیوای خواست سەرکردایەتیی ئێستای ی.ن.ک، لەسەر هەمان ئەو رێبازە بڕۆن کە سەرۆك مام جەلال بناغەکەی داڕشت و ئەوانیش چاكسازبن و كار بۆ هاوسەنگی بكەن لەناو كۆمەڵگەی عیراقدا.
یەكێتی خاوەن ئەزموون و فکرێکی رۆشنە
هەر بەو بۆنەیەوە رەعد دەهلەكی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وێڕای پیرۆزبایی لە یەكێتی وتی: هیوای سەركەوتن و سەرفرازییان بۆ دەخوازم، هیوادارم بتوانن بەردەوامبن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتیانی هەرێم، ئەمەش لەڕێی ئەزموون و بیری رۆشن و بەردەوامییانەوە لە كاركردن».
وتیشی: یەكێتیی لە عیراق بەشێوەیەكی گشتی و لە هەرێمی كوردستانیش بە شێوەیەكی تایبەتی بەردەوامە لە هەوڵ و خەبات لەپێناوی سەقامگیریی سیاسی و بەرەوپێشبردندا، لەم رۆژە پیرۆزەشدا یادی كۆچكردووی مەزن فەخامەتی سەرۆك مام جەلال دەكەینەوە، كە پیاوێكی گەورەی كایەی سیاسی و سەمامی ئەمانی عیراق بوو، بەراستی ئەو یادێكی جوانی لە دڵی هەموو عیراقییەكاندا بە گشتی و لە دڵی سیاسییەكاندا بە تایبەتی هەیە، ئەو سەرکردە مەزنە دڵنیایی دەبەخشی و گرێكوێرەكانی دەكردەوە و ئاسانكاریی دەكرد و راوبۆچوونەكانی لەیەكتری نزیك دەكردەوە».
سەرۆك مام جەلال و یەكڕیزیی سیاسی
دەهلەكی وتیشی: سەرۆك مام جەلال لە ژیانیدا بەوپەڕی تواناوە كاریكرد، لەپێناوی یەكڕیزیی سیاسی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی عیراق و گەلەكەی، بۆیە داواکارین لە خودای مەزن گیانی ئەو بە بەهەشت شادبکات و حزبەكەشی سەركەوتوو بكات، بەجۆرێک سەركردایەتیی ئێستا ببنە باشترین جێگرەوە بۆ باشترین پێشینە و رێبازەكەی بەرنەدەن و کار لەسەر رێبازەكەی بكەن.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو وتیشی: نەبوونی یەكێتی لە پرۆسەی سیاسیدا، واتای بۆشایی و كەلێن لە كایەی سیاسیی عیراقدا، چونکە هەموو حزبە سەرەکییەكان پێکەوە تابلۆیەكی نایابی سیاسەتی راستەقینەی عیراق پێكدەهێنن، جگەلەوەش ی.ن.ک جێ پەنجەی دیارە لە نزیككردنەوەی دیدو بۆچوونی نێوان لایەنە ناكۆكەكاندا و لە نێوان بەغدا و هەرێمیشدا هەمیشە كاریی بۆ كردنەوەی زۆرێك لە گرێكوێرەكان کردووە، بۆیە دەخوازین درێژە بە كاروانەكەی سەرۆک تاڵەبانی بدەن.
لەلایەن خۆشییەوە عەبدولهادی سەعداوی، سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: سەرۆك مام جەلال دامەزرێنەری پرۆسەی سیاسی عیراق و گرنگترین سەرۆك كۆماری عیراق بوو لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە و وتی: یەكێتیش، حزبێكی گرنگ و گەورەیە و لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا رۆڵی بەرچاوی هەیە.
سەرۆک تاڵەبانی بنەماكانی دەستووری دەچەسپاند
سەعداوی کە پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش بووە، روونیشیکردەوە کە سەرۆك تاڵەبانی لە كەسایەتییە نیشتمانییە گەورە و دەگمەنەکان بوو لە عیراقدا و خاوەنی ئیعتیبارێکی زۆر بوو، رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە چارەسەركردنی زۆربەی ناكۆكییەکاندا، ، لە باكوورەوە بۆ باشوور، جیاوازیی لەنێوان حزبی گەورە و بچووك، نێوان پارێزگاکان یان هەرێم و پارێزگاكاندا نەدەكرد، بە یەکسانی لە هەموانی دەڕوانی.
یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەوەبوو کەسایەتییەکی سنگفراوان و بەڕێزبوو، دەیویست بنەماكانی دەستووری عیراق بچەسپێنێت و بەپێی دەستوور كاری دەكرد، لە هەموو ئەو ماوەیەدا هەرگیز سەرپێچی دەستووری نەكرد.
بەو سیاسەتەشی ئەنجامی گەورەی لە واقیعدا بەدەستدەهێنا، بەردەوام دارەكەی لە ناوەڕاستەوە دەگرت بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشە و ناكۆكییەكان، هەمیشە هاوسەنگ بوو لەنێوان پێكهاتەكان، لەنێوان حزبەكان، یان لەنێوان حكومەت و نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەریدا، بۆیە هەموو رۆڵەكانی گەلی عیراقی خۆشدەویست و پرۆسەی سیاسیشی خۆشدەویست، بەو پێیەی خۆی دامەزرێنەری سەرەكیی پرۆسەکە بوو لە عیراقدا.
یەكێتی حزبێكی خەباتگێڕە
لەبارەی یەکێتیشەوە سەعداوی دەڵێت:ی.ن.ک لە حزبە موعتەبەر و گەورەكانە لە عیراقدا، رۆڵێكی گەورەی هەیە، بۆیە ئێمە ئەو حزبە بە هێڵێکی خەباتگێڕ دادەنێن كە بەدرێژایی تەمەنی دەیان گیانبازیی نواندووە بەرامبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی و سەرکوتکاری رژێمی بەعس و لەگەڵ موجاهیدانی دیکەدا لەباشووری عیراق كاری كردووە كە لەو دەمەدا هەموان لەنێو یەك چوارچێوەدا كارییان دەكرد، لەو بارەیەشەوە ئەنجامی گەورەیان هێناوەتەدی، جیهانیان قەناعەت پێکرد کە پێویستە هاوکاربن بۆ رووخاندنی رژێمی ئەوکات، تا گۆڕانكاریی لە کایەی سیاسی ئەم وڵاتەدا بكرێت و عیراقێكی نوێی دوور لە سەرکێشیی سیاسی و سەربازیی و جەنگ و ماڵوێرانی بێتەکایەوە، عیراقێکی دۆست لەگەڵ جیهان و دراوسێکانی دابمەزرێت».
بافڵ تاڵەبانی لەسەر رێبازەکەی سەرۆك مام جەلالە
بەبڕوای سەعداوی: هەموو ئەوانە بەهۆی سەرۆك مام جەلالەوە هاتوونەتەدی، بەو سیفەتەی سکرتێری ی.ن.ك بوو، لەگەڵ هەموو حزبە سیاسییەكاندا بە خۆشەویستییەوە كاری دەكرد، هەر كاتێكیش حزبێك بچووایەتە لای ئەو، بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵدا دەكرد، وەك ئەوەی بڵێیت ئەو بەشێكە لەو حزبە، هەرگیز خۆی بە ركابەر و دژی ئەو حزبانە دانەدەنا».
وتیشی: دوای ئەوەی جەنابی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكایەتی یەكێتی گرتەدەست كە پیاوێكی سیاسییە، دەستی بەكاركردن كردەوە لەگەڵ هێزە نیشتمانییەكانی عیراقدا بە هەمان رێبازی سەرۆك مام جەلال، لە میانی كاركردنیشیدا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، بە بۆچوونی من وەك چاودێرێکی سیاسی بە ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی پیاوی سیاسەت و دەوڵەتدارییە و بە بێدەنگی لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكاندا كاردەكات و دەیەوێت بەردی بناغە بۆ تەواوكردنی ئەو كارانە دابنێت كە باوكی لێیان دەستبەكار ببوو، پشتیوان بەخودا سەركەوتووش دەبێت و ئێمە و هەموو هێزە سیاسییەكانی تر دەستی هاوكاریمان درێژکردووە بۆی، تا پێكەوە میکانیزمێکی ئەرێنی كاركردنی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عیراق بهێنینە ئاراوە لەسەر هەمان ئەو رێبازە دەڕۆین كە سەرۆك مام جەلال لەسەری دەڕۆیشت.