چەند جارێک ناوی رێکخراوەکە گۆڕانی بەسەردا هات

کەیفی شێخانی، سەرەتاکانی خەباتی سیاسی و خوێندکاری بەبیر دەهێنێتەوە

10:22 - 2024-06-02
دیدار
188 جار خوێندراوەتەوە

زۆرن ئەو خەباتگێڕانەی لە کاروانی خەباتی نەپساوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا چ وەک رێکخستنی نهێنی و چ وەک پێشمەرگە یان لە ریزی رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییە نهێنییەکانەوە دەستیان پێکردووە و هێشتا خۆنەویستانە بەردەوامن لە خەبات و کۆڵیان نەداوە، ئەوەی چاوەڕوانین تەنها بەدیهاتنی ئەو بەشەی خەون و خواستەکانی گەلی کوردستانە کە نەهاتوونەتەدی. یەکێک لەو تێکۆشەرانەش مامۆستا کەیفی عەبدوڵڵا فەتحوڵڵایە کە لەم دیدارەدا ئاماژە بەو مێژووە پرشنگدارە دەکات.

دیداری: سەهەند کۆیی


مامۆستا کەیفی وەک خۆی دەڵێت: لە ساڵی 1982-ەوە لەکۆیە لەرێگەی یەکێتیی خوێندکارانەوە پەیوەندیی کردووە بە بزووتنەوەی خوێندکارانەوە لە کۆیە. 
ئەو پێشتر زانیاری زۆری کۆکردۆتەوە لەسەر بزووتنەوەی خوێندکاران لە کوردستان و عیراق و رۆڵی خوێندکارانی کورد لە بزووتنەوەی خوێندکاریی عیراقدا و هۆکارەکانی شکستی ئەو بزووتنەوانە لە سەردەمی پاشایەتییەوە دەخاتەڕوو. 

رۆكی خوێندکارانی کورد  لە بزاوتی خوێندکارانی عیراقدا
لەبارەی رۆڵی خوێندکارانی کوردەوە لە بزاوتی خوێندکارانی عیراقدا مامۆستا کەیفی دەڵیت خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال یەکەم نوێنەری شاری کۆیە بووە بۆ یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی گشتی قوتابیانی عیراق و لە کۆنگرەکەشدا، بە ئەندامی یەدەگی سکرتارییەت دەرچووە، جگە لەویش هەریەک لە حەیدەر حەمەدەمین- و خوالێخۆشبوو عومەر دەبابە لەو خوێندکارە کوردانە بوون کە لەو بزووتنەوەیەدا بەشداربوون و پێگە و پلەشیان هەبووە و رۆڵی بەرچاویشیان بینیووە، بۆ نموونە بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان لە ساڵی 1948 دا بەغدا ناوەندی چالاکی خوێندکاران بووە. 

سێیەمین کۆنفرانسی خوێندکارانی ساڵی 1984 لە گوندی خەتێ بەسترا و هەڤاڵ مام جەلال خۆی نەیتوانی بەشدار بێت، بەڵام لە نامەیەکدا پشتیوانیی تەواوەتیی خۆی بۆ کۆنفراسەکە و رێکخراوەکەشمان دەربڕی


شۆڕشی قەڵەم پێش شۆڕشی چەک
لەبارەی دروستبوونی یەکێتیی خوێندکارانی کوردستانیشەوە کە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە رابەرایەتیی ی.ن.ک، مامۆستا کەیفی دەڵێت: نزیکەی دوو مانگ بەرلە هەڵگیرسانی شۆڕشی چەکداری لە 26/4/1976  دا ئەو رێکخراوە خوێندکارییە دامەزاروە و سێ کۆنفرانسی گرتووە، یەکەمیان لە 5/9/1978  و کۆنفرانسی دووەم لە رۆژانی 24 و 25ی 6/1982 کە ئەوەیان لە گوندێکی نزیک قەڵادزێ بەستراوە و هاوکات بوو لەگەڵ خۆپیشاندان و راپەڕینەکانی دەڤەری پشدەر و پیتوێن، کە یەکێتیی خوێندکاران لەو راپەڕین و خۆپیشاندانانەدا رۆڵی پێشڕەوانەی بینی و بە قوربانییە گیانییەکانی و زیندانیکردنی ئەندام و لایەنگرەکانی گڕوتینێکی زۆری دا بە سەرجەم توێژە جیاجیاکانی خەڵکی کوردستان، سەروەریی ئەو دەنگدانەوەیەی خەباتی خوێندکارانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان و بەیاننامەکانی سەرکردایەتیی یەکێتی و رێکخستنەکان کە توانیان هاوشانی خوێندکاران رۆڵی بەرچاو ببینن لە جۆشدانی گیانی نەتەوەیی و نیشتمانیی کۆمەڵانی خەڵکدا.

مام جەلال و پەیامەکەی  بۆ یەکێتیی خوێندکاران
کۆنفراسی سێیەمیش: لە ساڵی 1984دا بەسترا، ئەو بابەتانەش زۆربەی بوونە مایەی مشتومڕ و گفتوگۆی ئەندامان تا خێراتر  کۆنفرانس ببەسترێت و راسپاردەکانیشی ببێتە خاڵێکی وەرچەرخانی قۆناغی نوێی خەباتی خوێندکاران.
 ئەوبوو سێیەمین کۆنفرانس لە گوندی خەتێ-ی دۆڵی خۆشناوەتی لەناو خوێندنگەیەکدا بەسترا و تێیدا هەڤاڵ مام جەلال لەبەر سەرقاڵی نەیتوانی بەشدار بێت، بەڵام بە نامەیەک بەشداری کرد و تەواوی پشتیوانیی خۆی بۆ کۆنفراسەکە و یەکێتیی خوێندکارانی کوردستان دەربڕی.

چەند جار ناوی رێکخراوەکە گۆڕرا؟
هەڤاڵ کەیفی سەبارەت بە بیرۆکەی گۆڕینی ناوی رێکخراوەکە لە یەکێتیی خوێندکارانەوە بۆ کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان، وتی: بەرلە راپەڕین، چالاکیی یەکێتییەکە لە زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستاندا لە ئارادابوو، (سلێمانی، کەرکوک، هەولێر، دهۆک و ناوچەکانی سۆران و کۆیە و پشدەر و بیتوێن، ئه‌و بیرۆكه‌یەش له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵان مام جەلال و كاك كۆسره‌تەوە بوو.
دەشکرێت بڵێین هۆڵی کامەران موکردی کۆلیژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەدین بە شوێنی لەدایکبوونی کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان دادەنرێت، چونکە یەکەم کۆبوونەوەمان لەو هۆڵەدا بوو بەشێوەیەکی پارێزراو، بە حوکمی ئەوەی هەندێک لە پڕۆفیسۆڕ و مامۆستاکانی زانکۆکە سۆزیان هەبوو بۆ کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا، هاوکاریان کردین، هەندێکی دیکەش لە مامۆستاکان رێگەخۆشکەر بوون. 
ئەم کۆبونەوەیە لە ناوەراستی مانکی ئازاردا بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی هەریەک لە (کەیفی عەبدوڵڵا فەتحوڵڵا، مەجید هەرشەمی، ئاشور عەبدوڵڵا، رەفیق کاولانی، عەباس مستەفا، قادر نادر و چەند برادەرێکی دیکە کە بەداخەوە ناوی هەموویانم لەبیر نەماوە.
وتیشی: ئەم ناوەی لێی نرا کاریگەریی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لەئەوڕوپای لەسەربوو.

کۆبوونەوەکانی دوای راپەڕین و  لیژنەکانی ئامادەکاری
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا 21/3 ببێتە رۆژێکی پڕشنگدار لە بزافی خوێندکارانی باشووری کوردستاندا، ئەوەبوو لە ساڵانی 1992 و 1993 لەو رۆژەدا یادی دەکرایەوە.
بەڵام پێشتر لە رۆژانی 27 و 28 ی تەممووزی 1991 بە سەرپەڕشتی شەهیدی سەرکردە حەسەن کوێستانی، لە هوتێلی گەشتیاریی شەقڵاوە، کۆبوونەوەیەکی فراوان کرابوو، نوێنەری هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان تێیدا بەشدارببوون، بەڵام وەک پێویست کارەکانیان پێنەکرا، هەرچەندە هەوڵێکی گرنگ بوو، بەڵام هەموو بڕیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەکە وەک ئەگەر مانەوە، نە لیژنەی ئامادەکار پێکهێنرا و نە بەرنامە و پەیڕەوێک داڕێژڕا.
دانانی لیژنەی ئامادەکار بۆ بڕیاردان لە پەیڕەو و پرۆگرام و دانانی بەرنامەی نوێ لە ناوەڕاستی مانگی 11 ی هەمان ساڵ لە شاری هەولێری بەسترا، لە بارەگای لقی هەولێری کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان، بە ئامادەبوونی هەڤاڵان: مەجید هەرشەمی، کەیفی عەبدوڵڵا -هەولێر، کەمال فەنان و زانا مەحمود - سلێمانی، رزگار شێرکۆ - حەوزی سۆران، مەهدی ئەحمەد ئامێدی - دهۆک. ئەم لیژنەیە کە چەند رۆژێکی خایاند، کارەکانیان سەرکەوتووانە جێبەجێ کرد، هەرچەندە بەهۆکاری ناوچەگەریی، چه‌ند کۆسپێک دروستبوون، بەڵام دواجار بەهەر شێوەیەک بێت هەموو بڕیارەکان جێبەجێ کران.
ئەو ئەندامەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان لەبارەی چالاکییە هەرە دیارەکانی کۆمەڵەکەیانەوە لە دوای راپەڕینی 1991 دەڵێت: لە 17/7/1991 راپەڕینی خوێندکاران لە هەولێر دەستیپێکرد، بە سەرپەرشتیی کۆمەڵەی خوێندکاران بۆ بەردەم پارێزگای هەولێر، کە راستەوخۆ لیژنەی باڵای کۆمەڵەکە سەرپەرشتیان دەکرد.

ناساندنی خوێندکاران  بە یونسێف و یونیسکۆ
جگەلەوەش بڵاوکردنەوەی چەندین بەیاننامە و یادداشتی ناڕەزایی وەک بەرگریی لە خوێندکارە دابڕاوەکان و کارکردن لە پێناوی گێڕانەوەیان و گوشارکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرتاسەری، دانانی لیژنە لە هەموو شارەکان بۆ گوشارکردن و قسەکردن لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان مەبەستی گێڕانەوەی خوێندکارە دابڕاوەکان بۆ خوێندن.
جگە لەوانەش هەوڵێکی زۆر خرایەگەڕ بۆئەوەی ئەگەر بە نهێنیش بێت لق لە هەموو شوێنەکانی باشووری کوردستان بکەینەوە ئەگەر بەشێوەی نهێنیش بێت و گرنگی تایبەتیش بدرێت بە خوێندکارانی کورد لە شەنگال و کەرکوک و موسڵ و شێخان و زوممار و تەلەعفەر و هەوڵێکی زۆریش درا بۆ ناساندنی رێکخراوەکەمان بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک یونسکۆ و یونسێف و رێکخراوە NGO نێودەوڵەتییەکان کە ئەو سەردەمە لە هەرێمدا کاری خێرخوازیی و ئاوەدانکردنەوەیان دەکرد.
دواجاریش توانیمان هەڵبژاردنی سەرتاسەریی خوێندکاران بکەین و ئەنجام بەرێژەیەکی باش سەرکەوتن بەدەست بهێنین و بە گوێرەی توانا و داهاتیش توانیمان شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو خوێندکارە هەژارانەی زانکۆ و پەیمانگەکان دابین بکەین  کە لە دەرەوەی شارەکان یان لە شارەکانی دیکەوە هاتبوون، ئەوە سەرەڕای چالاکییەکانی راگەیاندنمان وەک دەرکردنی رۆژنامە و گۆڤاری تایبەت بە خوێندکاران.

دیسان جیاکردنەوەی  خوێندکاران لە لاوان 
لەبارەی ناوی رێکخراوەکەشەوە مامۆستا کەیفی دەڵێت: گرفتێکمان هەبوو کە لە سەرەتادا لاوان لە خوێندکاران جیانەدەکرانەوە، چونکە سەرەتا جۆرێک لە بێ بەرنامەیی هەبوو، هەر ناوچەیە و بە ناوێکەوە کاری دەکرد، لە هەندێک شوێن بە ناوی کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان بوو، لە ناوچەیەکی تر هەر بە ناوی کۆمەڵەی خوێندکارانەوە بوو، لە هەندێک شوێنیش هێستا بەناوی یەکێتی خوێندکاران و لاوانەوە کار دەکرا، بۆیە تا ماوەیەک بەو ناوەوە مایەوە، پاشان ئیتر جیاکرانەوە، جگە لەوەش سەرەتا تەنیا پارێزگاکان کران بە لق، وەک هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکوک، بەڵام پاش تێپەڕبوونی ساڵێک، لقی زانکۆ و پەیمانگاکانیش جیاکرانەوە، گفتوگۆی زۆر هەبوو لەسەر ناوەکان، ئایا پارێزگاکان لق بێت یان مەڵبەند بێت، یان ناوەند بێت، قەزاکانیش بە هەمان شێوە، دواجار ناوەکانمان کرد بە لق و کۆمیتە و کەرت، یەکەم شوێن کۆیە کرا بە کۆمیتە لە قەزاکاندا، یەکەم قەزاش کۆیە بوو کرا بە لق، ئینجا قەزاکانی تر، لە هەڵبژاردنی ساڵی 1992لە 99 % ی خوێندکارانی کۆیە ئەندام بوون لە کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستاندا.

لە 78 کەس  سێ کەس نەبووین بە بەعسی
لەبارەی خەباتی نهێنییشەوە لە ریزەکانی خوێندکاراندا بەرلە راپەڕین و ئەو ئەشکەنجە دەروونی و جەستەییانەی رووبەڕووی بۆتەوە، مامۆستا کەیفی رایگەیاند: ساڵی 1986لە لایەن حزبی بەعسەوە بڕیارێک دەرچوو، ناوەڕۆکەکەی ئەوەبوو: هەر خوێندکارێک لە بەشی کوردی بێت، بەعسی نەبێت دەبێت بگوازێتەوە، منیش بڕوام بەوە نەبوو ببم بە بەعسی، لەسەر ئەوەش زۆر ئازار دراین، ئەوەبوو لە کۆی 78 خوێندکار، تەنها سێ خوێندکار نەبووین بە بەعسی، دووانیان خەڵکی کۆیە بوون و ئەوەی تریشیان خەڵکی قەڵادزێ بوو. سەرەڕای ئەوەش لەسەر ئەندامبوونم له رێكخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لە رۆژی 8/8/1988 دەستگیر کرام و راپێچی زیندانی موسڵ کرام، بەڵام هەر کۆڵم نەداو نەبووم بە بەعسی.
لەکۆتاییشدا داوای لێ بوردن لەو هەڤاڵ و خوێندکارانە دەکات کە ناویانی لەیادکردووە و هیواشی خواست بۆ زیندوو هێشتنەوەی مێژووی بزاڤی خوێندکاران هەموو ئەوانەی لەو کاروانەدا بەشداربوون و رۆڵیان هەبووە، بەشداریی لە نووسینەوەی ئەو بەشە بکەن کە خۆیان تێیدا کاریان کردووە، تا هەموو پێکەوە مێژوویەکی راست و رەوانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ نەوەکانی داهاتوو تۆمار بکەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان