بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، بەهۆی گوێنەدان بە رێنماییەکانی ژینگە، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی قیر لە قەزای سۆران داخرا.
هەژار ماهیر بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران راگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەمان کە ئەو کارگەیە پاشماوەی زۆری دوکەڵ و پیسی بڵاودەکاتەوە و هۆکارە بۆ پیسبوونی ژینگە، لێژنەیەک بە چاودێری قائیمقامی سۆران و بە سەرپەرشتی فەرمانگەی ژینگەی سۆران پێکهات.
وتیشی، کاتێک سەردانی کارگەکەمان کرد دەرکەوت هیچ مەرجێکی ژینگەیی و تەندروستی و بەرگری شارستانی تێدا نییە، تەنانەت مۆڵەتی کارکردنیشی نەبوو بۆیە دەستبەجێ بڕیاری داخستنی ئەو کارگەیە درا و بە هیچ جۆرێک رێگای پێنادرێت بەو شێوەیە کار بکات.
ئەوەشی خستە روو، بڕیارە لێژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێک بێت، هەر شوێنێک مەرجی پاراستنی ژینگە و تەندروستی و بەرگری شارستانی نەبێت، بەبێ دوودڵی دادەخرێت، تەنانەت مۆلیدە ئەهلیەکانیش.
بەشێکی هاوڵاتیان گرفتیان لەگەڵ کارگەکان و مۆلیدە ئەهلییەکانی گەڕەکەکاندا هەیە و باس لەوەدەکەن، بەشێکیان رێنماییەکانی ژینگە و تەندروستی جێبەجێ ناکەن و کارگە لەنزیک ناوچەی نیشتەجێبوون دەکەنەوە، یانیش مۆلیدەی ئەهلی گەڕەکەکان دەنگێکی بەرز و دوکەڵێکی زۆریان هەیە.