ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا رایگەیاند: وڵاتەكەی بڕیاریداوە كە لە مامەڵە بازرگانییەكانیدا لەگەڵ وڵاتانی نەیاردا، روبڵ كە دراوی نیشتمانیی روسیایە، بەكاربهێنێت و نەوت و غازی سروشتی تەنها بە دراوی روبڵ بفرۆشێت.
ئاماژەی بەوەشدا: لە بەرامبەر فرۆشتنی غازی سروشتی بە ئەوروپا، روسیا تەنها بە وەرگرتنی روبڵ رازی دەبێت و مۆسكۆش پابەندە بە هەناردەی غازی سروشتییەوە و تەنها گۆڕانكاریی لە دراوەكەدا دەكرێت. وتیشی: حكومەت و بانكی مەركەزیی روسیا تەنها یەك هەفتەیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك دەربارەی چۆنێتیی گۆڕینی دراوەكان بۆ دراوی نیشتمانی.
لای خۆشیەوە، میخائیل میشوستین سەرۆك وەزیرانی روسیا رایگەیاند: دەیان پێشنیاز و بڕیاریان ئامادەكردووە بۆ پشتیوانیی لە كەرتی بانكیی وڵاتەكەیان. هەروەك تەئكیدیكردەوە كە ئێستا كار لەسەر چارەسەركردنی كێشە دارایی و ئابوورییەكانی روسیا دەكەن.
لە كۆتاییەكانی مانگی رابردوودا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند: بەهۆی هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، ویلایەتە یەكگرتووەكان سزای بەسەر ڤلادیمێر پوتین و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە و سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری و ڤالێری گیراسیمۆڤ سەرۆكی دەستەی گشتیی ئەركانی روسیادا سەپاندووە. هاوكات واشنتۆن لەگەڵ هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانیدا، سزایان بەسەر ئەو دەوڵەمەندانەی روسیادا سەپاند، كە بە وتەی خۆیان لە ڤلادیمێر پوتین-ەوە نزیكن و كۆی ئەو قەوارە و كەسایەتییانەی لە رۆژی 22ی شوباتی رابردووەوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، گەیشتۆتە 5530 قەوارە و كەسایەتی. بە وتەی چاودێرانیش، ئەو سزا توندانە وەكو جەنگی ئەتۆمیی داراییە لە دژی مۆسكۆ.
سەرچاوە/ ئاژانسەكان