پۆڵەندا دەیان دیپلۆماتكاری روسیا دەردەكات

10:38 - 2022-03-24
جیهان
900 جار خوێندراوەتەوە

دوێنی پۆڵەندا رایگەیاند: بە گومانی سیخوڕیكردن، حكومەتی وارسۆ 45 دیپلۆماتكاری روسیای لە وڵاتەكەیان دەركردووە.

ماریۆس كامینسكی وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا لە تویتێكیدا رایگەیاند: وڵاتەكەی 45 سیخوڕی روسیای دەركردووە، كە وەكو دیپلۆماتكار خۆیان نیشاندەدا. وتیشی: بەشێوەیەكی توند ‌و رێكخراو، تۆڕە سیخوڕییەكانی روسیا لە پۆڵەندا هەڵدەوەشێنینەوە.

لای خۆشیەوە، سێرگی ئەندرێڤ باڵیۆزی روسیا لە وارسۆ، هەواڵی دەركردنی دیپلۆماتكارانی وڵاتەكەی لە پۆڵەندا پشتڕاستكردەوە ‌و رایگەیاند: تەنها ماوەی پێنج رۆژ دیاریكراوە بۆ جێهێشتنی پۆڵەندا لەلایەن ئەو دیپلۆماتكارانەی روسیاوە. وتیشی: تۆمەتی سیخوڕی كە لەلایەن پۆڵەنداوە ئاراستەی دیپلۆماتكارانی روسیا كراوە، هیچ بنەمایەكی نییە ‌و مۆسكۆش مافی خۆیەتی كە وەڵامی هەبێت بۆ ئەو هەنگاوەی وارسۆ.

پێشتر، وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا رایگەیاندبوو، 45 ئەفسەری هەواڵگریی روسیایان دیاریكردووە، كە وەكو دیپلۆماتكار خۆیان ناساندووە، بۆ ئەوەی لە پۆڵەندا بمێننەوە.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#روسیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان