فەرماندەی گروپی ڤاگنەر لە سوپای روسیا یاخیبووە

08:34 - 2023-06-24
جیهان
713 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی گروپی ڤاگنەر یاخیبوونی ھێزەکەی لە فەرماندەیی سوپای روسیا راگەیاند بەڵام رەتیکردەوە پلانی کودەتای سەربازیی ھەبێت.
یەڤگینی بریگوجین، فەرماندەی گروپی ڤاگنەر لە پەیامێکی دەنگیدا لە تیلیگرام  رایگەیاند، سوپای روسیا بنکەی ھێزەکانیانی موشەکباران کردووە و ژمارەیەکی زۆری چەکدار کوژراون.
وتیشی، ھێرشەکە بە فەرمانی سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری کراوە و دەبێت رابگیرێت، داواشی لە سوپای روسیا کرد بەرەنگاری ھێزەکانی نەبنەوە.
فەرماندەی گروپی ڤاگنەر راشیگەیاندوە، ژمارەی چەکدارانی گروپەکەی دەگاتە ھەزاران کەس و داوای لە ھاووڵاتیانی روسیا کرد پەیوەندی بە ریزەکانیانەوە بکەن، ھاوکات رەتیکردەوە پلانی کودەتای ھەبێت. لەبەرامبەریشدا وەزارەتی بەرگری روسیا تۆمەتەکانی رەتکردەوە. 
ھەروەھا ئاژانسی تاسی روسی بڵاویکردەوە، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەر بانگەشە بۆ یاخیبون دۆسێیەکی لێکۆڵینەوەی لە دژی فەرماندەی گروپی ڤاگنەر کردەوەو داوای لێکردووە رەفتارە نایاساییەکانی رابگرێت.
ھاوکات کۆشکی کرەملین بڵاویکردەوە، رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و پوتین ئاگاداری  پێشھاتەکانە سەبارەت بە گروپی ڤاگنەر. 
گروپی ڤاگنەر سیستمێکی روسیی نیچمە سەربازییە و لە لایەن حکومەتی روسیاوە لە ململانێ سەربازییەکاندا بەکاردەھێنرێت، رۆڵێکی سەرەکی لە شەڕی ئۆکرانیادا ھەیە، زۆرینەی ئەو پێشڕەوییانەی روسیا لە خاکی ئۆکرایندا کردوویەتی لە لایەن گرووپی ڤاگنەرەوە بووە.

#روسیا #جەنگی روسیا و ئۆكرانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان