فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە بارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی ناوچەی گەرمیان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، پێشێلکردنی سەروەریی خاک و ئاسمانی عیراق بەشێوەیەکی بەردەوام لە لایەن تورکیاوە مایەی قبوڵکردن نییە.
دەقی پەیامەکە:
پێشێلکردنی سەروەریی خاک و ئاسمانی عیراق بەشێوەیەکی بەردەوام لە لایەن تورکیاوە مایەی قبوڵکردن نییە،
ئەم رەفتارە قێزەونانەی تورکیا بووەتە بارگرانی لەسەر وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتوندی ئیدانە و مەحکومی دەکەین.
دیارە تورکیا لە سۆنگەی هزری دژایەتیکردنی دراوسێکانی و بۆ جێبەجێکردنی پلانە دزێوەکانی هەر رۆژە و سوچێکی ئەم وڵاتە دەکاتە ئامانج، دوێنێ لە شەنگال و ئەمڕۆ لە کەلار کۆمەڵێک خەڵکی مەدەنی و بێتاوان بەناهەق شەهید بوون.
بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتی کە هەمیشە جەختمان کردووە لە سەر پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسمان و کەرامەتی دەوڵەت و هاووڵاتیانی عیراق، داوا لە حکومەتی عیراق دەکەین بە ئەرکە نیشتیمانییەکەی هەستێت و سەروەریی دەوڵەت و گیان و موڵکی هاووڵاتیانی خۆی بپارێزێت و سنوورێک بۆ ئەم کردەوە دوژمنکاریانەی دەوڵەتی توركیا دابنێت.
نەمری بۆ شەهیدان
فراکسیۆنی (ی،ن،ک) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق